رووداو دیجیتاڵ
بەشێک لە بارەگای حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر سنوور چۆڵ کران، دوای چۆڵبوونی بارەگای ئەو حیزبانە، بە تایبەتی لە گەرووی زین، گەریلاکانی پەکەکە دەیانەوێت شوێنیان بگرنەوە، هەرچی هێزەکانی پاسەوانی سنوورە دەیەوێت بچێتە شوێنەکانیان.
رۆژی پێنجشەممە 14-09-2023 ئەندام جەبار، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە سۆران گوتی، لە سێ رۆژی رابردوودا، لە سنووری باڵەکایەتی و سیدەکان، بەشێک لە بنکە و بارەگاکانی حیزبە رۆژهەڵاتییەکان چۆڵ کراون، "لە رێکارێکی ئەمنیی تووند دا پێشمەرگەکان بەرەو شوێنێکی دیاریکراو براون، بەڵام دەگوترێت هێشتا بنکە و بارەگای دیکەیان ماوە."
لەکاتێکدا پێنج رۆژ بۆ ئەو وادەیە ماوە کە لەلایەن ئێرانەوە بۆ "چەککردن و گواستنەوە"ی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دانراوە، لە ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە 13ی ئەیلوولەوە، ژمارەیەکی زۆر لە هێزەکانی پاسەوانی سنوور بەنێو قەزای سۆراندا، بەرەو ناوچە سنوورییەکانی سیدەکان بەڕێکەوتوون.
دوای ناڕەزایەتییەکانی ساڵی پار لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان؛ ئێران چەندین جار بەو پاساوە کە رۆڵیان لە هەڵگیرسانی ناڕەزایەتی و ئاڵۆزییەکاندا هەبووە، کەمپەکانی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی لە باشووری کوردستان بۆردوومان کردووە.
رۆژی 19ی ئادارى 2023 عەلى شەمخانی، ئەمیندارى ئەنجوومەنى باڵاى ئاسایشى نەتەوەیی ئێران و قاسم ئەعرەجى، راوێژکارى ئاسایشى نەتەوەیی عێراق لە بەغدا رێککەوتنى ئەمنیى نێوان هەردوو وڵاتیان واژۆ کرد، یەکێک لە خاڵەکانى، پاراستنى ناوچە سنوورییەکانى نێوان هەردوو وڵات و دوورخستنەوەى هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانە لەسەر سنوورى نێوانیان.
ئێران دەڵێت، بوونی هێزی دژبەر لە سنوورەکان قبووڵ ناکات، بۆیە گوشاری زۆری بۆ حکومەتی عێراق هێنا بۆئەوەی چالاکیی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان سنووردار بکات، بۆ ئەو مەبەستەش رێککەوتنێکی ئەمنیی لەگەڵ عێراق واژۆ کرد، ئێستاش هۆشداریی داوە ئەگەر تاوەکو 19ی ئەم مانگە ئەو حیزبانە چەک نەکرێن، هێرشیان دەکاتەوەسەر.
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو لە سۆران، هێزەکانی پاسەوانی سنوور، بە دیاریکراوی لە "گەرووی زین"، کە پێشتر بنکە و بارەگای حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕانی لێبووە، جێگیر کراون.
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق کە رۆژی چوارشەممە 13ی ئەیلوول گەیشتە تاران و لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێراندا کۆبووەوە، گوتی، لە دوایین قۆناخی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەدان، گوتیشی، "گرووپە جیاوازەکان لەسەر سنووری عێراق و ئێران لە چەک داماڵدراون، کەمپ دروستکراوە و دەبێتە کەمپی پەنابەران، ئەم کەمپانە لە داهاتوودا دەکەونە ژێر پاراستنی رێکخراوی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، یان ژێر پاراستنی نێودەوڵەتی."
"ئەگەری شەڕ لەنێوان پاسەوانی سنوور و پەکەکە هەیە"
لە ناوچە شاخاوییەکانی قەزای سۆران وەکو بەربەزین، گەرووی زین و قەلەڕەش هاتووچۆی گەریلاکانی پەکەکە دەبیندرێت، کە پێشتریش هەوڵی رێگریکردن لە دانانی بارەگای سەربازیی هێزەکانی پاسەوانی سنووریان لەو ناوچەیە داوە.
بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، جێگیرکردنی هێزەکانی پاسەوانی سنوور لە شوێنی پێشووی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، ئەگەری تێکهەڵچوونیان لەگەڵ پەکەکە زیاد دەکات. گوتیشی، "لە دوێنێوە دەنگۆی روودانی شەڕ لەنێوان هێزی پاسەوانی سنوور و گەریلاکانی پەکەکە بڵاوبووەتەوە."
هەر بەپێی ئەو زانیارییانەی پەیامنێری رووداو لە ناوچەکە کۆیکردوونەتەوە، گەریلاکانی پەکەکە چەندینجار تەقەی هەواییان بەسەر هێزی پاسەوانی سنووردا کردووە، لە بەرامبەردا ئەوانیش بە ئامێری گەورە لە گەرووی زین کە هەم شوێنی بارەگاکانی پێشووی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بووە و هەم لە پەکەکە نزیکە، سەرقاڵی دروستکردنی بەربەستی گەورەن.
ئەفسەرێکی باڵای پاسەوانی سنوور کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، بە رووداوی گوت، "ئەگەری دروستبوونی شەڕ [لەنێوان پەکەکە و هێزەکانی پاسەوانی سنوور] زۆرە، بۆیە هەموو ئامادەکارییەکمان کردووە و بەربەستی گەورە دروست دەکرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ