چەند پێشنیازێک بۆ پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە زیاد دەکرێن

14-09-2023
نەهرۆ محەممەد
دیمەنێکی شاری هەڵەبجە و مۆنیۆمێنتەکەی. وێنە: رووداو
دیمەنێکی شاری هەڵەبجە و مۆنیۆمێنتەکەی. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

تۆڕی میدیایی رووداو دوایین دەقی پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە و پێشنیازەکانی هەردوو لیژنەی هەرێم و پارێزگاکان و لیژنەی یاسایی دەستکەوتووە، کە بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە 14-09-2023 پەرلەمانی عێراق دەنگیان لەسەر بدات.
 
رەشنووسی یاسای بەپارێزگاکردنی پارێزگای هەڵەبجە لە چوار مادە پێکهاتووە:
 
مادەی یەکەم: پارێزگایەک بەناوی پارێزگای هەڵەبجە لە هەرێمی کوردستان - عێراق دروست دەکرێت بۆئەوەی ببێتە پارێزگای ژمارە نۆزدە لە کۆماری عێراق؛ سەنتەرەکەشی قەزای هەڵەبجە دەبێت.
 
مادەی دووەم: دەبێت ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان - عێراق، سنوور و یەکە کارگێڕییەکانی پارێزگاکە دیاری بکات. لیژنەی هەرێم و پارێزگاکان و لیژنەی یاسایی پێشنیازی کردووە، کە سنووری کارگێڕیی پارێزگای هەڵەبجە و یەکە کارگێڕییەکانی سەر بە پارێزگاکە بەپێی نەخشەی هاوپێچکراوی یاساکە دەبێت.
 
مادەی سێیەم: پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان حوکمەکانی ئەو یاسایە جێبەجێ بکەن. هەردوو لیژنەکە پێشنیازیان کردووە، "پێویستە وەزارەت و لایەنە پەیوەندارەکان لە حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان حوکمەکانی ئەم یاسایە جێبەجێ بکەن."
 
مادەی چوارەم: ئەو یاسایە لە رێککەوتی بڵاوکردنەوەی لە رۆژنامەی فەرمیی "وەقائیعی عێراقی" جێبەجێ دەکرێت.
 
هۆکارەکانی دەرچوواندن
 
بۆ بەرژەوەندیی گشتی و بەهۆی فراوانبوونی گەورەی ئاوەدانی و دانیشتووانی شاری هەڵەبجە و بەهۆی ئەو قوربانییە گەورەیەی خەڵکەکەی داویەتی و ئەو زیانە دارایی و مرۆیی و ژینگەییەی بەسەریدا هاتووە لە ئەنجامی بۆردوومانکردنی لەلایەن رژێمی لەناوچوو لە ئاداری ساڵی 1998ـدا بە چەکی کیمیایی قەدەخەکراو؛ هەروەها بۆ پشتیوانیکردنی ئەو پێگە جیهانییەی هەیەتی، بەهۆی ئەو قوربانییانەوە، ئەم رەشنووسە پەسندکرا.
 
پێشنیازی لیژنەی هەرێم و پارێزگاکان و لیژنەی یاسایی بۆ هۆکاری دەرچووانی ئەو یاسایە بەو شێوەیەیە: "بۆ بەرژەوەندیی گشتی و بەهۆی فراوانبوونی گەورەی ئاوەدانی و دانیشتووانی شاری هەڵەبجە و بەهۆی ئەو قوربانییە گەورەیەی خەڵکەکەی داویەتی و ئەو زیانە دارایی و مرۆیی و ژینگەییەی بەسەریدا هاتووە لە ئەنجامی بۆردوومانکردنی لەلایەن رژێمی لەناوچوو، ئەم یاسایە پەسندکرا."
 
ئەگەر هەڵەبجە بکرێت بە پارێزگا، دەبێتە 19یەمین و بچووکترین پارێزگای عێراق لەڕووی دانیشتووان و رووبەرەوەوە.
 
ژمارەی دانیشتووانی هەڵەبجە نزیکەی 135 هەزار کەسە؛ رووبەرەکەی 1599 كیلۆمه‌تر چوارگەشەیە. پارێزگاکە لە قەزایەک و چوار ناحیە پێکهاتووە؛ قەزای ناوەندی هەڵەبجە و ناحیەکانی خورماڵ، بیارە، بەمۆ و سیروان.
 
10 ساڵ پێش ئێستا نێچیرڤان بارزانی، کە ئەوکات سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو، هەنگاوەکانی بۆ بە پارێزگاکردنی ئەو شارەی بە سیمبولێکی قوربانیدانی گەلی کوردستان دادەنرێت، دەستپێکرد.
 
رۆژی 24ـی کانوونی دووەمی 2013، ناوەڕۆکی پڕۆژەیاساکەی بەنووسراوی ژمارە 12034 ئاراستەی نووری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی حکومەتی عێراق کرد، بەڵام ناکۆکی و رێگرییەکانی ئەو کات رەشنووس و بە پارێزگاکردنی هەڵەبجەی راگرت.
 
‌هەڵەبجە لە کۆنترین قەزاکانی عێراقە، مێژووی بە قەزاکردنی شارەکە بۆ ساڵی 1889 دەگەڕێتەوە، واتە لە پێش دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق.
 
رۆژی 13ى ئادارى 2023، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیارى بەپارێزگاکردنی هەڵەبجەى پەسند کرد.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.