رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ هاونیشتمانییەک لە قەزای خورماڵ لە پارێزگای هەڵەبجە بە چەک گیانی لەدەستدا و دەنگۆ هەبوو خۆکوژی بووبێ، بەڵام ئاسایش لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "کەسەکە کوژراوە و تۆمەتباریش دەستگیرکراوە".
لە راگەیێندراوەکەی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستاندا هاتووە: "دوای رووداوەکە تۆمەتبار هەڵاتبوو. بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی شارەزوور دەستبەجێ لەسەر ئەم رووداوە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی ئەنجامدا. دوای کۆکردنەوەی زانیاریی ورد، لە ماوەی کەمتر لە کاژێرێکدا توانرا تۆمەتبار دەستنیشان بکرێ و بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش دەستگیربکرێ".
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی ئاسایش، تۆمەتبارەکە دانی بە تاوانەکەیدا ناوە.
سەرچاوەیەکی باڵای ئەمنی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەوە یەکلایی بووەتەوە کە خۆکوژی نەبووە و کوژراوە، بەڵام هۆکارەکەی بەجێدێڵین بۆ لێکۆڵینەوە و دادگە".
ئەو هاونیشتمانییەی ئەمڕۆ لە خورماڵ کوژرا ناوی (وەهبی تاهیر مەیکە)یە و باوکی سێ منداڵە و نزیکەی 7 ساڵە لە خورماڵ دووکانی خواردەمەنی هەبوو، هەر لە دووکانەکەی خۆیدا بە دەمانچە کوژراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ