کشتوکاڵی ورمێ: بەرهەمی زەعفەران بۆ ئەم ساڵ دەگاتە 250 کیلۆگرام

14-09-2025
ژیلا ئەسعەد
ژیلا ئەسعەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری کشتوکاڵی پارێزگای ورمێ دەڵێت، چاندنی زەعفەران لە پارێزگاکە لە 10 ساڵدا گەیشتووەتە 74 هێکتار و پێشبینی دەکەن بەرهەمی ئەم ساڵ 250 کیلۆگرام بێت.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 14ـی ئەیلوولی 2025، محەممەڕەزا ئەسغەری، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی پارێزگای ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند: "لە شارەکانی ورمێ، میاندواو، نەغەدە و شوت، زەعفەران دەچێنرێت و بەرهەمەکەی روو لە زیادبوونە."
 
محەممەڕەزا ئەسغەری گوتی: "هەرچەندە ئەم بەرهەمە وەک جێگرەوەیەکی یەکلاییکەرەوە بۆ چەوەندەر نەناسراوە، بەڵام بەهۆی کەمیی پێویستی بە ئاو، دەتوانێ کاریگەر بێت لە کەمکردنەوەی چاندنی ئەو بەروبوومانەی ئاوی زۆریان پێویستە و یارمەتیدەریش بێت بۆ ژیاندنەوەی دەریاچەی ورمێ."
 
محەممەڕەزا ئەسغەری ئاماژەی بەوەشکرد "لە 10 ساڵی رابردوودا رووبەری زەعفەرانی چێندراو لە پارێزگاکە زیادیکردووە بە جۆرێک ئێستا گەیشتووەتە 74 هێکتار و پێشبینی دەکەین بەرهەمی ئەم ساڵی بگاتە 250 کیلۆگرام."
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری کشتوکاڵی پارێزگای ورمێ، گرنگترین ئاستەنگەکانی بەردەم چاندنی زەعفەران ئاشنانەبوونی جووتیارانە بە قۆناخەکانی ئامادەکردن و چاندن و دروێنەکردنی ئەو بەرهەمە.
 
لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان ساڵانە نزیکەی 330 تۆن زەعفەران بەرهەمدەهێندرێت و زیاتر لە 200 تۆنی هەناردەی وڵاتان دەکرێ.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە