رووداو دیجیتاڵ
نوێنەری دەرچووانی دانەمەزراو لە پارێزگای هەڵەبجە دەڵێت، بێ پڕکردنەوەی فۆرم 52 کەس لە سنوورەکە دامەزران و تێیاندا هەیە خەڵکی ناوچەکە نییە. نووسینگەی پارێزگاری هەڵەبجەش بە رووداوی گوت، بە نووسراوی پارێزگار دەستبەکاربوونی دامەزراوان رادەگیرێ.
بیلال هەڵەبجەیی، نوێنەری دەرچووانی دانەمەزراو لە پارێزگای هەڵەبجە، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "52 کەس لە سنوورەکەمان دامەزراون بەبێ پڕکردنەوەی فۆرم و هیچ حیسابێک بۆ خاڵبەندی نەکراوە".
بیلال هەڵەبجەیی گوتی: "خۆم لەگەڵ بەرپرسانی ئەنجوومەنی راژە قسەم کردووە و ئەوان جەختیان لەوە کردوەتەوە کە دامەزراندنی 52 کەس دەبێ بە خاڵبەندی و پڕکردنەوەی فۆڕم بێ، بەڵام ئەوانەی ئێستا دامەزراون هیچیان فۆرمیان پڕنەکردووەتەوە و بە پشتگیریی حیزبی دامەزراون، لەنێویاندا هەیە خەڵکی ئەم ناوچەیە نییە".
ئەمڕۆ بۆ رۆژی چوارەم بوو کە دانەمەزراوانی هەڵەبجە دژی دامەزراندنی ئەو 52 کەسە گردبوونەوەی ناڕەزاییان بەڕێوەبرد.
نوێنەری دەرچووانی دانەمەزراو گوتی: "داواکارین لە ئەنجوومەنی راژە هەلی دامەزراندن بەشێوەیەکی یەکسان و بە فۆرم رابگەیێنێت و ئەوانەی ئێستا دامەزراون هەڵبوەشێندرێنەوە".
نووسینگەی پارێزگاری هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لەو 52 کەسە تەنیا 8 کەسیان نووسراوی دەستبەکاربوونیان بۆ کراوە، ئەوانی دیکە ماون و کارەکانیان رادەگیرێ".
بەگوێرەی نووسینگەکە: "ئەمڕۆ نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجە بە نووسراوی فەرمی هەموو رێکارەکانی دەستبەکاربوونی ئەو کەسانە رادەگرێ کە بڕیاربوو دابمەزرێن".
دامەزراندنی ئەو 52 کەسە بەشێوەی گرێبەست داواکاریی بەرپرسانی ناوچەکە بوو لە ساڵی 2024 لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کورستان و ئەم ساڵ فەرمانی دامەزراندنیان دەرچوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ