رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە دەڵێت، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە "سووکایەتی و هەڕەشە لە چەندین بەڕێوەبەری قوتابخانە لە پارێزگای سلێمانی کراوە کە دەستیان بە دەوامکردن کردووەتەوە." نوێنەرێکی مامۆستایانیش دەڵێت، دەرگەی یەک قوتابخانەش نەکراوەتەوە و تەنیا بەڕێوەبەرێک و جێگرەکەی گوتوویانە دەچنەوە قوتابخانە.
رۆژی شەممە 14ی ئۆکتۆبەری 2023 سامان سیوەیلی، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "ماوەیەکە چەندین ئەکاونت، پەیج و گرووپ لە سۆشیاڵمیدیا کەوتوونەتە بێڕێزیکردن و سووکایەتی و هەڕەشە لە چەندین بەڕێوەبەری قوتابخانە لە پارێزگای سلێمانی، کە دەستیان بە دەوامکردن کردووەتەوە."
گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە دەڵێت، وەزارەتی پەروەردە بە فەرمی ئاسایشی لەو "هەڕەشە، ناوزڕاندن و بێڕێزیکردنە" ئاگادار کردووەتەوە و گوتوویانە، وەکو وەزارەتەکەیان سکاڵایان هەیە و دەیانەوێت ئەو کەسانە رووبەڕووی دادگە بکەنەوە.
سامان سیوەیلی جەختی لەوە کردووەتەوە، "قبووڵ ناکەین بەڕێوەبەر و مامۆستایان بیانەوێت درێژە بە خوێندن بدەن سووکایەتییان پێبکرێت؛ دواتر دەربکەوێت هەر کەسێک لە بەڕێوەبەری ئەو پێگانەی سۆشیاڵمیدیا پلەی مامۆستایەتییان هەبوو بە بڕیارێکی فەرمی پلەکەیان لێ وەردەگرینەوە."
وەزارەتی پەروەردە دوو ژمارەی مۆبایلی داناوە و دەڵێت، هەر بەڕێوەبەر و مامۆستایەک لەسەر ئەوەی بیەوێت دەرگەی قوتابخانە بکرێتەوە، رووبەڕووی هەڕەشە و بێڕێزیکردن ببێتەوە، دەتوانێت بە ناردنی پەیام سکاڵای خۆی بگەیێنێت.
کارۆخ عەبدوڵڵا، یەکێک لە نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە تەواوی قوتابخانەکانی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین و پەروەردەی کۆیەدا بایکۆت بەردەوامە و تەنانەت دەرگەی یەک قوتابخانەش نەکراوەتەوە."
ئەو نوێنەرەی مامۆستایان گوتیشی، تەنیا لە قوتابخانەیەکی سلێمانی بەڕێوەبەری قوتابخانەیەک و جێگرەکەی لە فەیسبووکی خۆیان رایانگەیاندووە کە دەگەڕێنەوە قوتابخانە. گوتیشی، "ئەو دوو کەسەش تەنیا خۆیان گەڕاونەتەوە نەوەکو مامۆستایان و قوتابیان؛ زۆرینەی بەڕێوەبەرەکان ئامادەن بگەڕێنەوە. ئەوەی خوێندنی پەکخستووە مامۆستایانن."
هەر ئەمڕۆ شەممە 14ی تشرینی یەکەم، ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بایکۆتی مامۆستایان لەو سنوورانەی بایکۆتیان تێدا راگەیێندراوە بەردەوامە و روون نییە کەی مامۆستایان دەگەڕێنەوە قوتابخانەکان.
لە هەرێمی کوردستان 13ی ئەیلوول ساڵی نوێی خوێندن دەستیپێکرد، بەڵام لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین و پەروەردەی کۆیە دەرگەی قوتابخانەکان بەهۆی بایکۆتی مامۆستایانەوە بە داخراوی مایەوە، بە پێچەوانەوە لە سنووری پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک و ئیدارە سەربەخۆکانی سۆران و زاخۆ دەرگەی قوتابخانەکان کراوەیە.
لەو سنوورانەی بایکۆتیان تێدا راگەیێندراوە 13 پەروەردە هەن؛ داواکاریی مامۆستایان بۆ کردنەوەی دەرگەی قوتابخانەکان دوو بەشە؛ وانەبێژان داوای دامەزراندن بەشێوەی گرێبەست دەکەن و داواکاریی مامۆستایانی میلاکیش مووچەی مانگەکانی ئاب و ئەیلوولە پێکەوە.
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی ملیۆنێک و 800 هەزار قوتابی هەن؛ بەهۆی بایکۆتی مامۆستایانەوە لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، هەروەها ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین و پەروەردەی کۆیە، نزیکەی 700 هەزار قوتابی کە دەکاتە نزیکەی 40%ـی کۆی قوتابیان دەوامیان نەکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ