رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، ناوەندی پیترایۆسیان لە زانکۆکەیان کردووەتەوە، بۆ بەهێزکردنی زمانی کوردی لە ژیری دەستکرددا. دەشڵێت، سەرەتا کار لەسەر سۆرانی و دواتر شێوەزارەکانی دیکەی زمانی کوردی دەکەن.
رۆژی سێشەممە، 14ی تشرینی یەکەمی 2025، هەڵکەوت چەلەبی، گوتەبێژی زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، "ناوەندێکی ژیری دەستکردیان لە زانکۆکەیان بە ناوی ژەنەڕاڵ دەیڤد پێترایۆسەوە کردووەتەوە. دەشڵێت، "ئەمە بیرۆکەی بەرپرسانی زانکۆ بووە و پاشان بە رەزامەندی و پاڵپشتی پێترایۆس کراوەتەوە".
گوتەبێژەکە گوتی، ناوەندەکە بریتییە لە تاقیگەیەک کە ئامانج لێی "بەخشینی ئەزموونێکی پراکتیکییە بە فێرخوازان بۆ بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئاڵنگارییەکان لە بوارەکانی پەروەردە، تەندروستی و چەندین بواری دیکە". دەشڵێت، هەموو ئەوانە بە زمانی کوردی و زاراوەی سۆرانی دەکرێن، پاشان هەمان کار بۆ زاراوەکانی دیکەش دەکەن.
گوتەبێژی زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی ئاماژەی بەوەدا دەیانەوێت فێرخوازانیان بۆ قۆناخێک ئامادە بکەن کە تێیدا ژیریی دەستکرد زۆرینەی لایەنەکانی ژیان دەگرێتەوە و لە زۆرترین واردا بەکاربهێنرێت. گوتیشی، لە رێگەی ناوەندەکەوە گفتوگۆ لەگەڵ ژمارەیەک کۆمپانیای ناوخۆیی و نێودەوڵەتی دەکرێت بۆ ئەوەی سوود لە ئەزموونی ئەوان و توانای گەنجانی ئێرە وەربگیرێت.
زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی ساڵی 2007 دامەزراوە. بە گوێرەی ماڵپەڕی زانکۆکە، ئێستا سەروو هەزار فێرخوازیان هەیە و زیاتر لە دوو فێرخوازیش لەو زانکۆییە دەرچوون. زانکۆکە هەشت بەشی هەیە کە 22 پڕۆگرامی جیاوازیان تێدا هەیە، لەنێویاندا بەکالۆریۆس لە ژیریی دەستکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ