شارەوانیی بنەسڵاوە: نزیکەی 6 هەزار پارچە زەوی بۆ فەرمانبەران تەرخانکراوە

14-10-2025
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی شارەوانیی بنەسڵاوە رایدەگەیێنێت، نزیکەی 6 هەزار پارچە زەوییان بۆ دابەشکردن بەسەر فەرمانبەراندا تەرخانکردووە و هەنگاوی باشیان لەو رووەوە بڕیوە. دەشڵێت، چەندین کەس بەهۆی سووتاندنی زبڵ و پیسکردنی ژینگەوە سزادراون و رێکاری تووندتر بەرامبەر سەرپێچیکاران دەگرنەبەر.
 
زریان سەباح، سەرۆکی شارەوانیی بنەسڵاوە، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لەسەر بابەتی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران، هەنگاوی باشمان بڕیوە و ئامادەکاریمان کردووە. نەخشەیەکی نوێمان داناوە و لە بەشی رۆژهەڵاتی بنەسڵاوە زەویی پێویستمان دیاریکردووە، کە نزیکەی 6 هەزار پارچە زەوییە و ئێستا لە قۆناخە یاسایی و کارگێڕییەکاندایە."
 
بە گوتەی سەرۆکی شارەوانیی بنەسڵاوە، تاوەکو ئێستا ناوی زیاتر لە 5 هەزار فەرمانبەر بۆ وەرگرتنی زەوی گەڕاوەتەوە، بەڵام "ژمارەکە کۆتایی نییە، چونکە رۆژانە ناوی فەرمانبەری دیکەمان بۆ دێتەوە."
 
ژمارەیەک لە دانیشتووانی گەڕەکی گوڵانی بنەسڵاوە سکاڵایان لە بوونی بۆنێکی ناخۆش و سووتاندنی زبڵ و خاشاک لە سنوورەکەیان هەبوو. لەوبارەیەوە، زریان سەباح گوتی، "بۆ پرسی سووتاندنی زبڵ و خاشاک و ئاگرکردنەوە، چەندین کەس سزا دراون. تیمەکانمان بەردەوام بەدواداچوون دەکەن و هەرکەسێک سەرپێچی بکات و ژینگە پیس بکات، سزا دەدرێت."
 
سەرۆکی شارەوانیی بنەسڵاوە هۆشداریشی دا و گوتی، "هەر کەسێک لەوانەی سزا دراون، سەردانی شارەوانی نەکات بۆ پێبژاردنەکەی، نووسراو ئاراستەی داواکاری گشتی دەکەین و ئەوانەشی ئۆتۆمبێلیان هەبێت، نووسراو بۆ هاتووچۆ دەکەین." هاوکات داوای لە هاونیشتمانیان کرد هاوکاریان بن و هەر حاڵەتێکی لەو جۆرەیان بینی، تیمەکانی شارەوانیی لێ ئاگادار بکەنەوە.
 
سەبارەت بە ئامادەکارییەکانیان بۆ وەرزی بارانبارین و رووبەڕووبوونەوەی مەترسیی لافاو، زریان سەباح باسی لەوە کرد سێ لیژنەیان پێکهێناوە و هەنگاوی پێویست گیراوەتەبەر، هەموو ئەو شوێنانەی رێڕەوی ئاون، لەگەڵ مەنهۆڵ و ئاوەڕۆکان پاککراونەتەوە.
 
هەروەها لەبارەی گەڕەکی گەڕەسۆر، سەرۆکی شارەوانی رایگەیاند: "دەستمان بە فراوانکردنی سنووری گەڕەکەکە کردووە، وەک ئامادەکارییەک بۆ ئەوەی لە داهاتوودا مۆڵەتی دروستکردنی خانوویان پێبدەین و بتوانن لەسەر زەوییەکانیان خانوو دروست بکەن."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پارتی و یەکێتی لە پیرمام

ئەنجامی کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی؛ "پرسەکان دەبرێنەوە مەکتەبی سیاسی و تاوتوێ دەکرێن"

شاندی دانوستاندنکاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و تیمی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبوونەوە و بەستەڵەکی نێوانیان لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی عێراقەوە تاوەکو ئێستا تواندەوە.