لە دیالە دەنگی لایەنە کوردستانییەکان پەرت دەبێ؛ لیستی جیاواز هۆکاری پەرتبوونی دەنگەکانە

14-10-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

لە سنووری پارێزگای دیالە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، نەوەی نوێ و حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان بە لیستی جیاواز بەشداریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقیان کردووە. لە بەرامبەردا، پارتی دیموکراتی کوردستان بەربژێرێکی ژنی لەنێو لیستێکی عەرەبیدا هەیە.
 
پارێزگای دیالە لە پەرلەمانی عێراقدا 14 کورسیی هەیە، چواریان کۆتای ژنانە.
 
یەکێتی و هەوڵدان بۆ زیادکردنی کورسییەکان
 
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دیالە 28 بەربژێری هەیە و سەرلیستی یەکێتی لە پارێزگاکە ئەمەل شوکر تەیب رەحیم زەنگەنەیە، لە هەڵبژاردنی رابردووی پەرلەمانی عێراقدا، کورد تەنیا یەک نوێنەری لە دیالە هەبوو، ئەویش سۆزان مەنسوور، گوتەبێژی فراکسیۆنی یەکێتی و نوێنەری قەزای خانەقین بوو.
 
سۆزان مەنسوور، کە بە ژمارە 24 بەربژێرە، رۆژی دووشەممە، 13-10-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کێبڕکێکە سەختە، چەندین لیستی جیاوازی عەرەبی بەشدارن. یەکێتی کورسییەکی مسۆگەرە و هەوڵی بەدەستهێنانی کورسیی دووەم دەدات."
 
پارتی و هاوپەیمانێتی لەگەڵ لیستە عەرەبییەکان
 
پێچەوانەی یەکێتی، پارتی دیموکراتی کوردستان بە لیستێکی سەربەخۆ لە دیالە بەشداریی نەکردووە، بەڵکو بەربژێرێکی ژنی بەناوی نازک ئەحمەد محەممەد فەرەج (ژمارە 8) لەنێو لیستی هاوپەیمانیی عەزم (ژمارە 241) بە سەرۆکایەتیی موسەننا سامەڕائی بەربژێر کردووە.
 
فوئاد کەریم شەهاب، کارگێڕی ناوچەی مەندەلیی پارتی، رۆژی  دووشەممە، 13-10-2025، بە رووداوی راگەیاند: "ئەو بەربژێرەمان لەسەر کۆتای ژنان لەنێو لیستی هاوپەیمانیی عەزم بۆ پەرلەمانی عێراق سەردەخەین، پێویستی بە نزیکەی چوار هەزار دەنگ هەیە و دەتوانین ئەو دەنگە لە سنوورەکە کۆبکەینەوە، لە هەڵبژاردنی رابردووی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە، پارتی زیاتر لە هەشت هەزار دەنگی هێنابوو."
 
لە ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە، کورد یەک ئەندامی هەیە،سەر بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، ئەوس مەهداوی عەرەبە و لە لیستی یەکێتدا  لە هەڵبژاردنی 2023دا سەرکەوت 
 
بەربژێرە کوردەکان لە لیستە عەرەبییەکاندا
 
جگە لەو جیاوازییەی لیست و پەرتبوونی دەنگی کورد، چەندین لیستی شیعە و سوننە بەربژێری کوردیان لەنێو لیستەکانیاندا هەیە، لەوانە:
 
میعاد مەنسوور حەسەن مەندەلاوی؛ قەیس سادق عەلی مەندەلاوی، عەبدولسەمەد سالار حوسێن سەفەر زرگۆشی لە هاوپەیمانیی دیالە یەکەم، عەلی سەعید مەحموود دەلۆ لە هاوپەیمانیی عەزم، شەیما عەلی حەسەن لە رێکخراوی بەدر. ئەرکان وەیس موراد عەلی موراد دەلۆیی لە بزووتنەوەی عەسائیب. رەوشەن وەلی عەبدەلی حەبیب ئەرکوازی و رابیعە عەباس قاسم عەلی سۆرەمیری لە هاوپەیمانیی بەدیل.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.