رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بە فەرمی بوون بە ئەندام لە یەکێتیی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی سرووشت. گوتەبێژی دەستەی ژینگە دەڵێت، بڕیارەکە پێویستە بۆ پاراستنی زیندەوەرە دەگمەنەکانی هەرێمی کوردستان.
حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەندامبوونەکە بە "مێژوویی" دەزانێت و رایدەگەیێنێت: "ئەم راگەیاندنە لە کۆنگرەی جیهانیی یەکێتی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی سرووشت لە ئەبوزەبی بڵاوکرایەوە، کە وڵاتان و زانا و بەرپرسانی بواری ژینگە لە سەرتاسەری جیهان کۆبوونەوە بۆ دەستنیشانکردنی کارە لەپێشینەکانی پاراستنی سرووشت لە سەرتاسەری جیهان".
د. سەنعان عەبدوڵڵا، گوتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمە هەنگاوێکی باشی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ پاراستنی هەمەچەشنیی زیندەوەران و پاراستی ناوچە پارێزراوەکان، کە 45 ناوچەی پارێزراوی سرووشتیمان هەیە".
گوتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان گوتیشی: "لە ئەنجامی گۆڕانی کەشوهەوا پێویستمان بەوە هەیە چۆن بتوانین هەمەجۆریی زیندەوەران بپارێزین، بەتایبەت جۆرە دەگمەنەکانی هەرێمی کوردستان. هەروەها چۆن ئیدارەیەکی باشی ناوچە پارێزراوەکان بدەین، بۆ ئەوەی لە رووی ژینگەیی و ئابوورییەوە سوودی بۆ هەرێمی کوردستان هەبێت".
لە کۆنگرەکەی ئەبوزەبیدا د. هانی ئەلشاعیر، بەڕێوبەری رۆژئاوای ئاسیا لە یەکێتیی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی سرووشت، گوتی: "خۆشحاڵین و بەخێرهاتنی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین بۆ نێو خێزانی یەکێتیی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی سرووشت. ئەمە سەرەتای دەستپێکی هەنگاوێکی گرنگە بۆ بەهێزکردنی هەوڵەکانی پاراستنی سرووشت لە هەرێمی کوردستان و عێراق و تەواوی ناوچەکە".
ئەلشاعیر پێیوایە: "دەوڵەمەندیی هەرێمی کوردستان لە رووی سرووشت و فراوانبوونی رۆڵی سەرکردایەتی لە رووی ژینگەوە، دەرفەتێکی مەزن دەبەخشێت بۆ هاوبەشییەکی کاریگەر. بەیەکەوە کار دەکەین بۆ پاراستنی فرەچەشنیی زیندەوەران و بنیاتنانی خۆڕاگریی بەرامبەر گۆڕانی کەشوهەوا".
لە راگەیێندراوەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، بەیان سامی عەبدولڕەحمان، راوێژکاری باڵای سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری دەرەوە و گۆڕانی کەشوهەوا قسەیکردووە و دەڵێت: "بوونە ئەندام لە یەکێتیی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی سرووشت هەنگاوێکی مێژووییە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان. ئەمە رەنگدانەوەی فراوانبوونی پابەندییەکانی حکومەتە بۆ بەرەوپێشبردنی ژینگە و پاراستنی فرەچەشنیی زیندەوەران و بەکارهێنانی سەرچاوە سرووشتییەکانمان بەشێوەیەکی بەردەوام".
ئەندامییەتی لە یەکێتیی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی سرووشت، هەرێمی کوردستان دەبەستێتەوە بە زیاتر لە 1400 رێکخراوی ئەندام، لە نێویاندا حکومەت و رێکخراوی ناحکومی و دەزگاکانی توێژینەوە لە زیاتر لە 170 وڵات.
یەکێتیی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی سرووشت، لە ساڵی 1948 دامەزراوە، گەورەترین و فراوانترین تۆڕی ژینگەیییە؛ زانیاری و رێنمایی و هاوبەشیی دابین دەکات بۆ یارمەتیدانی کۆمەڵگاکان لە پاراستنی سرووشت و دڵنیابوون لەوەی پێشکەوتن بەردەوام و یەکسانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ