رووداو دیجیتاڵ
قوباد تاڵەبانی دەڵێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەگوێرەی یاسای بودجە پابەندییەکانی جێبەجێکردووە و کاتی ئەوەیە مافی هەرێمی کوردستان بەگوێرەی دەستوور بدرێت.
رۆژی سێشەممە، 14-11-2023، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە شاری سلێمانی، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی دۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان گوتی، "هەست دەکەم کەشوهەوایەکی ئارامتر لەئارادایە و پەیوەندی نێوان لایەنەکان تووندوتۆڵ بووە بەراورد بە جاران".
قوباد تاڵەبانی لە وەڵامی پێشەوا بەختیار، پەیامنێری رووداو سەبارەت بە کۆبوونەوەکانی هەولێر و بەغدا تایبەت بە مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستان گوتی، "کۆبوونەوەکان بەردەوامن و داوای حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە؛ چاوەڕێی ئەوە دەکەین مافی خۆمان پێ بدرێت؛ مافی مووچەخۆرەکان وەربگرین و چی دیکە دەستی دەستی نەکرێت و بابەتەکە بە سیاسی نەکرێت".
قوباد تاڵەبانی بە پێشەوا بەختیاری گوت، "لە یاسای بودجەدا بەڕوونی هاتووە کە ئەرک و مافی هەرێمی کوردستان چییە. ئێمە پێمان وایە پابەندی ئەرکەکان بووین و کاتی ئەوە هاتووە مافی هەرێمی کوردستان بەگوێرەی دەستوور وەربگیرێت".
رۆژی 12-6-2023، پەرلەمانی عێراق دەنگدانی بە سەرجەم مادەکانی پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵەکانی 2023، 2024 و 2025 تەواو کرد. بڕی ئەو پارەیەی بۆ بودجە تەرخانکراوە بۆ ساڵێک، نزیکەی 199 تریلیۆن دینارە؛ ئەگەر بودجە وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت لەو بڕە پشکی هەرێمی کوردستان 16 تریلیۆن دینارە، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ یاساکە تایبەت بە پشکی هەرێمی کوردستان جێبەجێ نەکراوە.
لەبارەی پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسییەکانیشەوە، قوباد تاڵەبانی، کە هاوکات ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، گوتی، ئەگەر پەیوەندیی نێوان یەکێتی و پارتی تەندروست بێت "زۆر شت دەگۆڕدرێت"؛ گوتیشی، ئەوان و پارتی دوو حیزبی جیاوازن و سیاسەت و تێڕوانینی جیایان بۆ بەڕێوەبردن هەیە.
رۆژی 7-11-2023ـی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبوونەوە. لەبارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکە، سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی یەکێتی بە رووداوی گوت، "باسی ناکۆکییەکانمان کرد..یەکێتی و پارتی پەیوەندییەکانیان باش نییە و پڕە لە کێشە و بە کۆبوونەوە و دووان چارەسەر ناکرێن. خاڵی هاوبەشیش هەیە؛ بۆ نموونە لە بابەتی پشتیوانیکردن لە حکومەت بۆ هەوڵدان بۆ چارەسەکردنی کێشەی مووچەی هاووڵاتیان هاوبۆچوونین".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ