بەرپرسێکی یەکێتی لە سەلاحەددین: ئەگەری هەیە بەربژێرەکەمان بچێتە پەرلەمان

14-11-2025
پەیمان محەممەد
مەلا حەسەن گەرمیانی، جێگری بەرپرسی مەڵبەندی حەمرینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە خورماتوو
مەلا حەسەن گەرمیانی، جێگری بەرپرسی مەڵبەندی حەمرینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە خورماتوو
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

جێگری مەڵبەندی حەمرینی یەکێتی دەڵێت، ئەگەری هەیە مەلا کەریم شکور وەک بەربژێری حیزبەکە لە خورماتوو، لە شوێنی سەرلیستی جەماهیری نیشتمانی بچێتە پەرلەمانی عێراق.
 
ئەمڕۆ هەینی 14-11-2025، مەلا حەسەن گەرمیانی، جێگری بەرپرسی مەڵبەندی حەمرینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە خورماتوو، لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 08:00ی تۆڕی میدیایی رووداو، کە فوئاد رەحیم پێشکێشی کرد، لەبارەی دابەزینی کورسیی کورد لە ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و لێکەوتەکانی رایگەیاند، ''لە خورماتوو دەنگی کورد سنووردارە، لەبەر ئەوەی 4%ی پارێزگای سەلاحەدین پێکدەهێنین.''
 
لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراقدا، مەلا کەریم شکور لە رێگەی لیستێکی عەرەبی، بەڵام بە نوێنەرایەتیی یەکێتی، گەیشتە پەرلەمان، بەڵام ئەم جارە سەرەڕای ئەوەی دووەم دەنگی نێو لیستەکەی جەماهیری نیشتمانیی بەدەستهێنا، کورسیی نەبردەوە.
 
مەلا حەسەن گەرمیانی ئاماژەی بە هۆکارەکانی لەدەستدانی کورسیی کورد کرد لە خورماتوو و گوتی، ''راستە دەنگی ئێمە بەراورد بە هەڵبژاردنی ساڵی 2021 زیادی کردووە، بەڵام بەداخەوە کورسییەکە بەپێی ئەو سیستمی هەژمارکردنی دەنگەکان، هەروەها بەپێی ئەو فرەلیستیی کورد، لە دەستمان چوو.''
 
بەگوتەی جێگری مەڵبەندی حەمرینی یەکێتی لە خورماتوو، لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراقدا، رێژەی بەشداریی کورد لە سنووری قەزاکە زیاتر 60٪ بوو، ''بە جۆش و خرۆشەوە بەشدار بوون و هیچ درێخیان نەکرد، بەڵام ژمارەمان سنووردارە. نەوەک تەنیا بەربژێری کورد، بەڵکو بەربژێری قەزاکەش تورکمانی قەزاکەش دەرنەچوون.''
 
بەدر مەحموود فەحل، کە سەرلیستی جەماهیری نیشتمانییە لە سەلاحەدین و هاوکات پارێزگارە، زۆرترین دەنگی لە لیستەکەدا بەدەستهێناوە. مەلا حەسەن گەرمیانی دەڵێت، ''ئەگەر [بەدر مەحموود] وەک پارێزگار بمێنێتەوە یان هەر پۆستێکی ئیداری وەربگرێت، بەربژێرەکەی ئێمە دەچێتە شوێنی، چونکە دووەم دەنگی بەهێزی نێو لیستەکەیە.''
 
بەگوتەی جێگری مەڵبەندی حەمرینی یەکێتی، بەر لە هەڵبژاردن داوایان لە سەرجەم لایەنە کوردستانییەکان، لایەنە تورکمانییەکان و کەسایەتییە عەرەبەکان کردووە کە ''لە خورماتوو لێکتێگەیشتن و رێککەوتنێکمان هەبێ لەسەر فرە بەربژێری و فرەلیستی''، بەڵام داواکەیان رەتکراوەتەوە.
 
مەلا حەسەن گەرمیانی ئەوەشی خستەڕوو، ''ئەگەر لە خورماتوو نوێنەرمان هەبێ، کاریگەریی ئەرێنی لەسەر وەدەستخستنی مافی کورد هەیە لە قەزاکەدا. هەر ئەو جۆرەی کە مەلا کەریم شکور لە چوار ساڵی رابردوودا لەوبارەوە درێخی نەکردووە.''
 
رۆژی 09-11-2025 دەنگدانی تایبەت و دوو رۆژ دواتر دەنگدانی گشتیی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کرا. 
 
بەگوێرەی ئەنجامە بەراییە فەرمییەکانی کۆمیسیۆن، ژمارەی کورسیی لایەنە کوردستانییەکان بەمشێوەیەیە:
 
- پارتی دیموکراتی کوردستان: 27
- یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان: 18
- رەوتی هەڵویست: 5 کورسی
- جووڵانەوەی نەوەی نوێ: 3 کورسی
- یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان: 4 کورسی
- کۆمەڵی دادگەریی کوردستان:1 کورسی
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە