رووداو دیجیتاڵ
بەپێی پێشبینیی کەشناسی، رۆژی شەممە شەپۆلێکی بارانبارین پارێزگاکانی ورمێ، سنە، کرماشان، ئیلام و لوڕستانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەگرێتەوە و لە چەند پارێزگایەکیش هۆشداری لە ئەگەری دروستبوونی لافاو دەدرێت.
بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی پارێزگای سنە، رۆژی هەینی 14-11-2025 بڵاویکردەوە، پێشبینی دەکرێ بارانبارین لەو پارێزگایە لە رۆژی شەممەوە دەستپێبکات و تاوەکو دووشەممە بەردەوام بێ؛ پێشبینی دەکرێ لە رۆژئاوای پارێزگاکە تاوەکو 40 میلیمەتر و لە شوێنەکانی دیکەش 2 تاوەکو 10 میلیمەتر باران ببارێت.
بەپێی راگەیێندراوی کەشناسیی پارێزگای ورمێش، لە شەممە تاوەکو دووشەممە لە زۆربەی ناوچەکانی ئەو پارێزگایە باران دەبارێ و لە بەرزاییەکان ئەگەری بارینی بەفریش هەیە. کەشناسیی ورمێ دۆخی هۆشداری زەردی راگەیاندووە و داوا دەکات، دامودەزگا پەیوەندیدارەکان لە ئامادەییدا بن بۆ ئەگەری دروستبوونی لافاو.
کەشناسیی ئیلامیش دۆخی هۆشداری پرتەقاڵی راگەیاندووە. بەڕێوەبەرایەتی کەشناسیی پارێزگای ئیلام رایگەیاندووە، پێشبینی دەکرێ شەپۆلێکی بارانی بەخوڕ لە سبەی شەممەوە هەندێک ناوچەی ئەو پارێزگایە بگرێتەوە و تاوەکو یەکشەممە بەردەوام بێ. دەکرێ بارانبارین هاوکات بێ لەگەڵ هەورەبرووسکە و بای بەهێز لە هەندێک ناوچە. بەپێی پێشبینییەکە، ئەگەری دروستبوونی لافاو و خلیسکبوونی رێگەکان هەیە و داوا لە هاونیشتمانییان کراوە، نزیک رووبارەکان نەکەونەوە و نەچنە بەرزاییەکان.
بەپێی راگەیێندراوی کەشناسیی پارێزگای لوڕستانیش، لە شەممە تاوەکو یەکشەممە لەو پارێزگایە پێشبینی بارینی باران دەکرێ و بارانەکە زۆربەی ناوچەکان دەگرێتەوە. کەشناسیی کرماشانیش رایگەیاندووە، پێشبینی بارینی باران و دابەزینی پلەی گەرما دەکرێ و رەنگە لە هەندێک لە بەرزاییەکانی ئەو پارێزگایە بەفریش ببارێت.
53 رۆژ بەسەر دەستپێکردنی پاییز و ساڵی ئاوی لە رۆژهەڵاتی کوردستان تێدەپەڕێ و ئەوە دەبێتە یەکەم بارین لەم ساڵدا ببارێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ