رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی شاری پاوە لە پارێزگای کرماشان رەخنە لە خراپیی دۆخی دەروازەی سنووریی شووشمێ دەگرێ و دەڵێ، نزیکەی 13 ساڵە کێشەکانی سنووری شووشمێ چارەسەرنەکراون و ژێرخانی دەروازە سنوورییەکە لە دۆخێکی زۆر خراپدایە.
فەرزاد ئەلماسی، قایمقامی پاوە لە کۆبوونەوەیەکدا بۆ تاوتوێکردنی کێشەکانی دەروازەی سنووریی شووشمێ، رەخنەی لە خراپیی دۆخی ژێرخانی ئابووری، خاوبوونەوەی پرۆسەی هاوردەکردن و ناڕێکی لە پێدانی پارەی دانیشتووانی ناوچە سنوورییەکان گرت و داوای کرد دەسەڵاتی جێبەجێکردن هەنگاوی جیدی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ئەو سنوورە بگرێتەبەر.
قایمقامی پاوە گوتی: "نزیکەی 13 ساڵە کێشەکانی دەروازەی سنووریی شووشمێ چارەسەرنەکراون و ژێرخانی دەروازە سنوورییەکە لە دۆخێکی خراپدایە. لە هەموو ئەم ساڵانەدا تەنیا چەند خانوویەکی پلاستێکی بۆ بەشی هاتووچۆی گەشتیاری زیادکراون؛ هیچ گۆڕانکارییەکی جیدی دیکە لە سنوورەکە رووی نەداوە."
فەرزاد ئەلماسی ئاماژە بە سەپاندنی سزا نێودەوڵەتییەکان بۆسەر ئێران دەکات و دەڵێت، مانەوەی کێشەکانی دەروازەی سنووریی شووشمێ وەک خۆی و چارەسەرنەکردنیان، لە کاتێکدایە کە یەکێک لە چارەسەرەکانی بەرپەرچدانەوەی گوشاری سزاکان بریتییە لە برەودان بە بازاڕچە و دەروازە سنوورییەکان.
بە گوتەی قایمقامی پاوە، دەروازەی سنووریی شووشمێ لە سەرەتاییترین خزمەتگوزاری و ئاسانکارییەکان بێبەش بووە و ئەگەری ئەنجامدانی ئاڵۆگۆر و مامەڵە سنوورییەکان لەو دەروازەیەدا هێشتا تا رادەیەکی زۆر بە سنوورداری ماوەتەوە.
فەرزاد ئەلماسی هەروەها گوتی: "هێشتا ناتوانرێت راستەوخۆ لە عێراقەوە کاڵا هاوردە بکرێ و ئەم بابەتەش بە کردەوە برەودان بە گەشەپێدانی ئابووری بۆ بازار و خەڵکی ناوچەکە ئەستەم کردووە. ئەگەر بتوانین بەشێک لە کاڵا هاوردەکراوەکان راستەوخۆ لە هەرێمی کوردستانی عێراقەوە هاوردە بکەین، بە دڵنیاییەوە بازاڕی شارەکە دەبووژێتەوە، هەرچەندە ئێستا هیچ ئاسۆیەک بۆ بەدیهاتنی نییە."
ئەلماسی هەروەها گوتی، جێبەجێکردنی رێنماییە نوێیەکان نەبووەتەهۆی ئەوەی پارەی کارگوزارەکان و دانیشتووانی ناوچە سنوورییەکانی پاوە بدرێ. ئاست و قەبارەی ناڕەزایەتیی خەڵک رۆژانە لە زیادبووندایە و بەداخەوە دەسەڵاتی پارێزگار و قایمقام بە کردەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بەس نییە.
قایمقامی پاوە رەخنە لەوە دەگرێ کە دەسەڵاتی پێویستیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان پێنەدراوە و دەڵێت:"ئەگەر دەسەڵاتی ڕاستەقینە هەبوایە دەمانتوانی توانای شاری پیشەسازی و تواناکانی دیکەی ناوچەکە بەکاربهێنین بۆ رێکخستنی سنوور و چارەسەرکردنی هەندێک لە کێشەکانی، بەڵام بە کردەوە ناتوانرێ ئەو کارانە لە چوارچێوەی بیرۆکراسیی ئێستادا ئەنجام بدرێ."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ