رووداو دیجیتاڵ
شاندێکی باڵای باڵیۆزانی یەکێتیی ئەورووپا سەردانی ئامەدی باکووری کوردستانی کرد و لەگەڵ هاوسەرۆکانی گەورەشارەوانیی ئامەد کۆبووەوە.
ئەمڕۆ هەینی 14ی تشرینی دووەمی 2025، شاندێک کە پێکهاتبوو لە یورگیس ڤیلچنسکاس، کاربەڕێکەری شاندی یەکێتیی ئەورووپا لە تورکیا و باڵیۆزانی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتییەکە، سەردانی پارێزگای ئامەدی باکووری کوردستانی کرد و لەگەڵ سەرا بوجاک و دۆغان هاتون، هاوسەرۆکانی گەورەشارەوانیی ئامەد کۆبوونەوە.
نووسینگەی راگەیاندن و چاپەمەنیی گەورەشارەوانیی ئامەد رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی پرسە سیاسی، کۆمەڵایەتی، کولتووری و ئابوورییەکان کراوە.
شاندەکە باڵیۆزانی فەرەنسا، نەمسا، پۆرتوگال، بەلجیکا، ئێرلەندا، بولگاریا، ئیستۆنیا، یۆنان، لاتڤیا، لیتوانیا، لۆکسمبۆرگ، ماڵتا، رۆمانیا، سلۆڤاکیا، سلۆڤینیا و سوێدی لەخۆگرتبوو و رۆژی پێشتریش چەندین سەردانی دیکەیان بۆ شوێنەوارە مێژووییەکان، کولتووری، گەشتیاری و ئابووری لە پارێزگای ئامەد ئەنجامدابوو.
سەردانەکە لە کاتێکدایە، زیاتر لە یەک ساڵە پرۆسەی چارەسەری لە تورکیا دەستی پێکراوە و بەرپرسانی دەسەڵات، دەم پارتی و عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکەش جەخت لە پێویستی سەرخستنی پرۆسەکە دەکەنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ