پسپۆڕێکی ئامار و دیمۆگرافیا لە کەرکووک: پارتی و یەکێتی بە کەمتر لە 17 هەزار دەنگ دوو کورسیی دیکەیان مسۆگەر دەکرد

14-11-2025
مالیک محەممەد
د. ستار پاشا، پسپۆڕی ئامار و دیمۆگرافیا
د. ستار پاشا، پسپۆڕی ئامار و دیمۆگرافیا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پسپۆڕێکی ئامار و دیمۆگرافیا دەڵێت، کەمبوونەوەی ژمارەی کورسیی کورد لە کەرکووک کاریگەریی لەسەر پۆستی پارێزگار و حیزبە کوردییەکانی ئەو پارێزگایە دەبێت.
 
ئەمڕۆ هەینی، د. ستار پاشا، پسپۆڕی ئامار و دیمۆگرافیا لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 13:00ی تۆڕی میدیایی رووداو دا رایگەیاند، کەمبوونەوەی ژمارەی کورسییەکانی کورد لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی عێراق دەبێتە هۆی زیادبوونی "گوشار لەسەر پارێزگاری کوردی کەرکووک، حیزبەکان و سەرکردایەتی کوردی."
 
د. ستار پاشا دەڵێت، "یەکێک لە پڕوپاگەندی هەڵبژاردنەکانییان ئەوە بوو کە پارێزگاری کەرکووک دەگەڕێننەوە بۆ عەرەب، بەتایبەتی تەقەدووم."
 
ئەو پسپۆڕەی ئامار و دیمۆگرافیا ئاماژەی بەوە کرد، "لە سەرەتای 2005 رێژەی کورد لە کەرکووک گەیشتە 54%، ئەوەش کاتێک ئاوارەکان گەڕانەوە. بەڵام ئێستا رەنگە 45%ی کورد لە کەرکووکدا بژین، تەنانەت رەنگە کەمتریش بێت."
 
رۆژی 11ی ئەم مانگە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو.
 
لایەنە کوردستانییەکان لە کەرکووک بە 5 لیستی جیاواز بەشدارییان کرد، بەڵام تەنیا پارتی و یەکێتی کورسییان بەدەستهێنا.
 
پارتی کورسییەک و یەکێتی 4 کورسی بەدەستهێنا، ئەوەش کەمترین ژمارەی کورسی کوردە لەو پارێزگایە.
 
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ د. ستار پاشا، پسپۆڕی ئامار و دیمۆگرافیا لە کەرکووک
 
رووداو: هۆکاری راستەقینەی کەمبوونەوەی دەنگ و کورسی کورد بۆچی دەگەڕێننەوە؟
 
ستار پاشا: بێگومان هەموو کاتێک ئاستی چاوەڕوانییەکان لە ئاستی واقیع بەرزترە. چاوەڕوانییەکان دەکرا زیاتر بێت. بە بۆچوونی من، دوور لە لێکدانەوەی حیزبی و لێکدانەوەی ئارەزوومەندانە و خواستی حیزب و لایەنێکی دیاریکراو، وەک کوردێک و وەک پسپۆڕێکی بواری ئامار و شارەزایەکی بواری هەڵبژاردن، بە بۆچوونی من کورد هەڵە بووە لە ئاراستەکردنی دەنگدانەکاندا. ژمارەی دەنگدەرمان کەم نییە؛ یاساکە لە بەرژەوەندیی ئێمە نییە. پێم وایە دەکرا ژمارەی دەنگدەر لەمەش زیاتر بێت، ئەگەر گوتاری سیاسیی بەتایبەتی رۆژێک پێش کۆتاییهاتنی بانگەشەی هەڵبژاردن، ئەگەر گوتارە سیاسییەکان لەو رۆژەدا جیاواز بوونایە، ئەو کاتە رێژەی دەنگدان زیاتر دەبوو. هەروەها بانگەشەی حیزبە عەرەبییەکان بەتایبەتی تەقەدووم لە بانگەشەی کورد بەهێزتر و رێکخراوتر بوو. هەروەها ئاستی خوێندەواری و رۆشنبیری دەنگدەرانی عەرەب و زۆربەیان لە لادێکانن و نەخوێندەوارن، زۆربەیان بەم بانگەشانە دەوروژێن و هەڵدەچن و دوای سەرکردە سیاسییەکانیان دەکەون. لە کاتێکدا رەنگە خەڵکێکی زۆری کورد رەنجابێت لەم حیزبانە و لە ئەدای سیاسیی ئەم حیزبە کوردستانییانە لە ئاستی کەرکووک. ئەمە یەکێکە لە هۆکارەکان. هۆکاری سەرەکیی دووەم، ئەو هەڵەیەیە کە دەنگدەران ئاراستەکران بۆ ئەوەی دەنگ بە کۆتا بدەن کە لە کاتێکدا خزمەت بە دۆخی سیاسیی کورد لە کەرکووک ناکات. 
 
رووداو: پێویستە چی بکرێت بۆ ئەوەی ئەمە دووبارە روونەداتەوە؟
 
ستار پاشا: پێویستە زۆر شت بکرێن هەر لە توێژینەوەوە بگرە تا دەگاتە خوێندنەوەی ورد و چڕتر. هەست دەکەم کورد لە کەرکووک و ناوچە دابڕێندراوەکان، بەتایبەتی لەناو کەرکووک پێویستی بە سەنتەرێکی ستراتیژییە کە تایبەتمەندی نەتەوەیی بێت، کوردانە بیر بکاتەوە و کوردانە بڕیاربدات. دەبێ ئەو سەنتەرە بۆ کورد توێژینەوە و لێکۆڵینەوە بکات و داتا و ئامار و زانیاری و زانستی لەژێر دەست بێت. ئەم سەنتەرە لە هەموو لایەک پێکبێت لە رۆشنبیران و پسپۆڕانی یاسا و رێساکانی هەڵبژاردن لە بوارەکانی ئامار و سیاسەت و هەموو بوارە زۆر هەستیارەکانی دیکە لەخۆ بگرێ، دوور لە ئینتیمای حیزبی و لێکدانەوەی ئارەزوومەندانەی حیزبیانە بۆ ئەوەی پێکەوە پرس و راوێژ بە یەکدی بکەن و ئەوەی چاکە ئەنجامی بدەن؛ ئەمەش خزمەت بە هەمووان دەگەیێنێت.
 
رووداو: ئەرک و بەرپرسیارێتی کێیە ئەو کارە بکات؟
 
ستار پاشا: لە راستیدا ئەمە ئەرکی رۆشنبیرانی کوردە کە خەمخۆرن و هەستی پێدەکەن. بەڵام ئەوان بەتەنیا ناتوانن، پێویستە هەردوو حیزبی سەرەکی کە پارتی و یەکێتین پاڵپشتی ئەم بابەتە زۆر هەستیارە و دامەزراندنی سەنتەرێکی گرنگ بۆ کورد بکەن. خاڵێکی دیکەش هەیە کە پێویستە هەمووان درکی پێ بکەن. سەردەمی دوای 16ـی ئۆکتۆبەر تاوەکو هاتنی ئیدارەی نوێی کەرکووک، عەرەبێکی زۆر بە لێشاو هاتنە کەرکووک و ناسنامەیان بۆ کەرکووک گوێزرایەوە و ئەمڕۆ ئەوان دەنگدەر بوون لە کەرکووک. هەروەها رێژەی وەچەخستنەوە و فرەژنی لەنێو عەرەب زاڵە. بیرکردنەوەی خێڵەکی و ئاکاری عەرەبی رۆڵێکی زۆری هەبووە لە گۆڕینی تای تەرازوو.
 
رووداو: کەرکووک لە رووی کارگێڕییەوە سەر بە بەغدایە، بەڵام لەدیوێکی دیکەوە چ ئەرکێک دەکەوێتە سەرشانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە بۆ کەرکووک بیکات. هەر لە دامەزراندنەوە تا دەگاتە هەموو بوارەکانی دیکە. پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کەرکووک چی بکات؟
 
ستار پاشا: چارەنووسی کەرکووک یەکلایی نەکراوەتەوە کە سەر بە عێراقە یان نا. تاوەکو ئێستا ناوچەی جێناکۆکە، هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی وەک خانەقین تا شنگال. ئەمانە هەموو جێناکۆکن و حکومەتی هەرێمی کوردستان و حیزبەکانی کوردستانیش بوونیان هەیە و دەتوانن چالاک و ئەکتەری کارا بن لەم شارەدا. دەکرێ هەموو شتێک لە چوارچێوەی دەستووردا بکەن. دەستوور رێگری لەمە ناکات. هەروەها ئیدارەی نوێی کەرکووک بەشێوەیەکی بەرچاو رێگری کردووە لە هاتنی عەرەب بۆ کەرکووک. ئەگەر هەشبێت بە رێژەیەکی زۆر کەمە و رێگری لێکراوە. لەسەردەمی پارێزگار عەبدلرەحمان و رەوانشاد نەجمەدین کەریم پێش ئیدارە سەپێندراوەکە، رێگری تەواو کرابوو کە عەرەبی دەرەوەی سنووری ئیدارەی پارێزگاری کەرکووک بهێندرێنە نێو کەرکووک. بەڵام لە سەردەمی ئیدارەی پێشوو (راکان جبووری) بە لێشاو دەهاتن. 
 
رووداو: هۆکاری سەرەکیی کامەیان بوو؟ رێکنەکەوتنی لایەنە کوردستانییەکانی کەرکووک بوو کە کورسی کورد کەمکرایەوە یان گۆڕینی دیمۆگرافیای شارەکە بوو؟
 
ستار پاشا: پێم وایە گۆڕینی دیمۆگرافیا بە رێژەیەکی کەمتر بوو. نا رێکوپێکی و لێکدانەوەی حیزبی بوو کە بیر لەوە نەکرابووەوە ئەنجامی شێوازی دەنگدان چۆن دەبێ. خۆم لە هەولێرەوە بۆ دەنگدان دەگەڕامەوە کەرکووک و لە رێگەدا بەربەستی جۆراوجۆرم دەبینی و بە ناچاری بە رێگەی خۆڵەوە پێشڕەویمان دەکرد تا گەیشتینە شارەکە. ئەمە بابەتی هێزی چەکداری و رێکخستنی حیزبی نییە، ئەمە بابەتێکی زۆر هەستیارە و پێویستی بە کاری چڕی کەسانی پسپۆڕ و شارەزای بواری هەڵبژاردنەکانە بۆ ئەوەی بڕیاری لێبدەن.
 
رووداو: مەبەستت لەوەیە ئاوارەکان چۆن بگەڕێنەوە و بە چ شێوازێک بچن دەنگ بدەن یان مەبەستت لەوەیە بەرپرسانی باڵا لەسەر ئەم بابەتە رێکبکەون؟
 
ستار پاشا: مەبەستم هەردووکیانە.
 
رووداو: پێتوایە چەند کەس لە کەرکووک ساردبوونەوە بەهۆی رێکنەکەوتنی لایەنە سیاسییەکان بۆ ئەوەی بە یەک لیست دابەزن؟
 
ستار پاشا: خوێندنەوەی ئەم بابەتە ئاسان نییە، بەڵام دەمەوێ بابەتێک بڵێم؛ پارتی بە کەمتر لە 7 هەزار دەنگ کورسییەکی دیکەی مسۆگەر دەکرد. یەکێتیش بە کەمتر لە 10 هەزار دەنگی دیکە کورسییەکی زیاتری مسۆگەر دەکرد. دابینکردنی ئەم ژمارەیەش ئاسان نەبوو، بەڵام ئەستەم نەبوو. دەکرێ ئەگەر رێکخستن و ئاراستەکردنی دەنگدەران و هاندانیان لە ئاستێکی باشتر و بەرپرسیارانەتری نەتەوەیی بووایە، لانیکەم کورد کورسییەکی دیکەی مسۆگەر دەکرد. پارسەنگی پارتیش بۆ کورسی زیاتر لەبارتر دەبوو.
 
رووداو: پێتوایە بەدەستنەهێنانی زۆرینەی دەنگ لەم هەڵبژاردنەدا لە لایەن کوردەوە دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی گوشار لەسەر کورد زیاتر بکرێت کە پارێزگارەکەی کوردە؟
 
ستار پاشا: بێگومان گوشار لەسەر پارێزگار، حیزبەکان، سەرکردایەتیی کورد زیاد دەکات. یەکێک لە بانگەشەی عەرەبەکان ئەوە بوو کە پارێزگارێکی عەرەب بۆ کەرکووک فەراهەم دەکەن، بەتایبەت تەقەدووم لەم هەڵبژاردنەدا قورسایی خۆی خستبووە گەڕ بۆ ئەوەی ژمارەی پەرلەمانتارانی لەم شارە بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق زیاد بکات. بە لای ئەوانەوە تەنیا بایەخی ژمارەیی هەیە بۆ نوێنەرانی، کەچی بۆ کورد بایەخی مەعنەویشی هەیە. ئەوپەڕی کورسییەک کەمتر یان زیاتر دەبەن، بەڵام بۆ کورد بابەتەکە نەتەوەییە.
 
رووداو: رێژەی کورد ئێستا لە کەرکووک چەندە؟
 
ستار پاشا: رێژەی کوردی کەرکووک بەر لە ئێستا بەهۆی ئەوەی بەدواداچوونم بۆی کردووە، لە سەرەتای 2005 رێژەی کوردی کەرکووک گەیشتە 54%، کاتێک ئاوارەکان گەڕانەوە. بە ماوەیەکی کەم رێژەی کورد لەم شارە بۆ ئاستی 54% بەرز بووەوە. بەڵام ئێستا پێم وایە پێچەوانەی ئەم ژمارەیە بێت و رێژەکە نزیکەی 45% بێت رەنگە کەمتریش بێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لەسەر تەختە رەشێک نووسراوە "کورد، کوردی، کوردستان". وێنەکە بۆ روونکردنەوەی هەواڵەکە دانراوە

هاوسەرۆکی کۆمەڵەی لێکۆڵینەوەی کوردی: زازاکی لە مەترسیدایە

رەمزیە ئاڵپارسلان، هاوسەرۆکی کۆمەڵەی لێکۆڵینەوەی کوردی لە باکووری کوردستان هۆشدارییەکی تووند لەبارەی زمانی کوردی لەو پارچەیەی کوردستان دەدات و دەڵێ: "تاوەکو زمانی کوردی لە تورکیا و باکووری کوردستان نەچێتە نێو سیستمی پەروەردەوە، رزگاری نابێت."