رووداو دیجیتاڵ
جیاوازیی دەنگی کورد و عەرەب لە دوو هەڵبژاردن دا لە 40 هەزارەوە بۆ 20 هەزار دەنگ کەمبووەتەوە. بەرپرسێکی پارتی لە کەرکووک دەڵێت، فرەلیستی نەتەوەی عەرەب، زیادبوونی ژمارەی ئەندامانی خێزانەکانیان و بەشداریی کارای ژنەکانیان، هۆکاری بەرزبوونەوەی دەنگەکانیان بووە لەم هەڵبژاردنەدا.
لە هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق کە ساڵی 2021 بەڕێوەچوو، تێکڕای دەنگی لایەنە کوردستانییەکان 160 هەزار و 370 دەنگ بوو، لە بەرامبەردا لایەنە عەرەبییەکان 120 هەزار و 672 دەنگیان بەدەستهێنا.
کورد لە هەڵبژاردنی 2021دا بە پێنج پارت و هاوپەیمانییەک بەشداربوو کە پارتی، یەکێتی و گۆڕان (هاوپەیمانی)، نەوەی نوێ، سۆسیالیست و زەحمەتکێشان بوون. پارتی، یەکێتی و نەوەی نوێ کورسییان بەدەستهێنا.
دەنگی لایەنە کوردستانییەکان لە کەرکووک لە هەڵبژاردنی خولی پێنجەم(2021)ـی پەرلەمانی عێراق:
- پارتی 49.631
- یەکێتی و گۆڕان 65.852
- نەوەی نوێ 25.391
- سۆسیالیست 425
- زەحمەتکێشان 249
لە هەڵبژاردنی ئەم جارەی پەرلەمانی عێراقدا لایەنە کوردستانییەکان 252 هەزار و 691 دەنگیان بەدەستهێنا، لەکاتێکدا لایەنە بەشداربووە عەرەبەکان 233 هەزار و 964 دەنگیان بەدەستهێنا.
لایەنە کوردستانییەکان بە پێنج لیستی جیاواز بەشدارییان لەم هەڵبژاردنەدا کرد، بەڵام تەنیا پارتی و یەکێتی کورسییان بەدەستهێنا و 14 هەزار و 813 دەنگ سووتان.
دەنگی لایەنە کوردستانییەکان لە کەرکووک لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق:
- پارتی 59,249 دەنگ
- یەکێتی 178,629 دەنگ
- نەوەی نوێ 12,320 دەنگ
- سۆسیالیست 791 دەنگ
- بەرەی گەل 1702 دەنگ
دەنگی لایەنە عەرەبییەکان لە کەرکووک لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق:
- هاوپەیمانی عەرەبی 53,039 دەنگ
- ئینقازی تورکمانی 32,721 دەنگ
- تەقەدووم 107,016 دەنگ
- عەزم 46,404 دەنگ
- حەسم 27,267 دەنگ
حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە رووداوی راگەیاند: "ناتوانین نکۆڵی لەوە بکەین کە تەعریب هێشتا بەردەوامە، بەڵام هۆکارە زەقەکەی ئەو دۆخە گەشەی فراوانی خێزانە عەرەبەکانە لە کەرکووک کە ژمارەی ئەندامانیان بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات."
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک گوتی: "پێشتر عەرەبەکان بەڕێژەیەکی کەم بەشداری دەنگدانیان دەکرد، بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا فرەلیست بوون و دەچوون ماڵ بە ماڵ دەگەڕان و پارەیان دابەش دەکرد، بۆئەوەی خەڵکی بەشداری دەنگدان بکەن."
بە گوتەی حەسەن مەجید، بەشداری کارای ژنان لە خێزانە عەرەبەکان هۆکارێکی دیکەی زیادبوونی دەنگی لایەنە عەرەبییەکان بووە لەم هەڵبژاردنە و گوتی: "پێشتر لە زۆربەی ناوچەکان و بەتایبەتی حەویجە، خێزانە عەرەبەکان ژنەکانیان نەدەناردە دەنگدان، بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا ئۆتۆمبێلی تایبەتیان بۆ دابین کردن و بردنیانە دەنگدان."
هاوکات، فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت: "هێزە سیاسییە عەرەبییەکان لە کەرکووک، کاری رێکخراوەیی گەورەیان کرد بۆخۆیان کە یەکەمجارە هێزی عەرەبی بتوانێت لە کەرکووک سەروو 100 هەزار دەنگ بەدەستبهێنێت. لە بەرامبەردا لایەنە کوردستانییەکان پەرتەوازە بوون، ئەوەش بۆ کەمیی متمانە دەگەڕێتەوە و لە داهاتووشدا باجی قورسی ئەوە دەدەین."
فەهمی بورهان گوتیشی: "هۆکارێکی دیکەی کەمبوونەوەی دەنگ و کورسیی کورد هێزە بچووکەکان بوو. لەو ناوچانەدا بەشێوەیەکی گشتی نەمانتوانیوە کوردایەتی بکەینە بنەمای خەباتی داهاتوومان، بەڵکو لەوێش وەک هەموو ناوچەکانی دیکە، ئەجێندای حیزبیی بچووک یان گەورە هۆکار بووە بۆئەوەی بەم شێوەیە دەنگەکانمان دابەش بن و ئامانجەکان نەیەنە دی."
لە هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراقدا کورد لە کەرکووک بووە زۆرینە و 7 کورسی بەدەستهێنا، بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا تەنیا 5 کورسی بردەوە، ئەویش کورسییەک بۆ پارتی و چوار کورسی بۆ یەکێتی بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ