رووداو دیجیتاڵ
جێگری وەزیری پیشەسازی، کانزا و بازرگانیی ئێران رایگەیاند، لە پلانێکیاندا رووبەری شاری پیشەسازیی مهاباد فراوانتر دەکەن و تاوەکو کۆتایی ساڵی داهاتوو 80 هێکتار زەویی بۆ زیاد دەکرێت.
رەزا ئەنساری، جێگری وەزیری پیشەسازی، کانزا و بازرگانیی ئێران رۆژی دووشەممە لە کاتی سەردانیکردنی شاری مەهاباد لە رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، پەرەپێدانی شاری پیشەسازیی مهاباد یەکێکە لە کارە لەپێشینەکانی وەزارەتەکەیان و بڕیارە زەویی زیاتری بۆ تەرخان بکرێت.
لەبارەی وردەکاریی فراوانکردنەکە، ئەنساری گوتی: "80 هێکتار زەوی بۆ شاری پیشەسازیی مهاباد تەرخانکراوە؛ بەشێکی ئەمساڵ دەخرێتە سەر رووبەرەکەی و بەشەکەی دیکەشی ساڵی داهاتوو جێبەجێ دەکرێت."
جێگری وەزیری پیشەسازیی ئێران ئاماژەی بە بوونی کێشەی کارگە لەکارکەوتووەکان کرد و گوتی، 30 کارگەی ناچالاک لە شاری پیشەسازیی مهاباد هەن کە زەوییان وەرگرتووە، بەڵام کاری تێدا ناکەن و پێویستە بەزووترین کات چارەنووسیان یەکلایی بکرێتەوە.
هەر لەو سەردانەدا سەلام ستوودە، نوێنەری مهاباد لە پەرلەمانی ئێران باسی لە کێشەی کەمئاویی شارە پیشەسازییەکە کرد. ستوودە داوای کرد پرۆژەی دروستکردنی کۆگایەکی ئاو بە توانای پێنج هەزار مەتر سێجا لە ماوەی هەشت مانگی داهاتوودا جێبەجێ بکرێت.
محەممەدسادق ئەمیرعەشایری، قایمقامی مهاباد داوای کرد پرۆسەی کڕینی زەوییەکانی دەوروبەری شارە پیشەسازییەکە خێرا بکرێت، تاوەکو زەمینەی گونجاو بۆ گەشەپێدانی پیشەسازی لە شارەکە بڕەخسێت.
شاری پیشەسازیی مەهاباد دەکەوێتە 18 کیلۆمەتری باکووری شارەکە و لەسەر رێگەی مهاباد - میاندواوە. رووبەری ئێستای شارەکە 180 هێکتارە و 115 کارگەی تێدایە کە تەنیا 77 کارگەیان کار دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ