سەرۆکی ژووری بارزگانی و پیشەسازیی ئامەد: ئاکپارتی کار لەسەر پرۆسەی چارەسەریی کورد دەکات

14-12-2020
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
نیشانەکردن کورد ئامەد ئاکپارتی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی ژووری بارزگانی و پیشەسازیی ئامەد بە رووداوی رایگەیاند، لە نێوخۆی ئاکپارتیدا کار بۆ شێوازێکی دەستپێکردنەوەی پرۆسەی چارەسەریی پرسی کورد دەکرێت.
 
لەکاتێکدا تاوەکو دێت گوشارەکان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە لەسەر ئاکپارتی زیاتر دەبن، هاوکات باس لە دەستپێکردنەوەی پرۆسەی چارەسەریی پرسی کورد لە تورکیا کەوتووەتە رۆژەڤەوە. 
 
ئەمە هاوکاتە لەگەڵ داواکاریی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی - مەهەپە بۆ داخستنی پارتی دیموکراتی گەلان - هەدەپە. بەهۆی ئەوەی مەهەپە لەگەڵ ئاکپارتیی دەسەڵاتدار لە نێو هاوپەیمانیی جمهووردایە، داواکارییەکەشی لە میدیاکاندا بە خێرایی بڵاوبووەتەوە. 
 
لەمبارەیەوە محەمەد کایا، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی ئامەد بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "داواکاری و پێداگریی مەهەپە لەسەر داخستنی هەدەپە پەیامێکە بۆ ئاکپارتی. مەهەپە دەیەوێ بە ئاکپارتی بڵێت کە ناتوانێ نزیکی هیچ شێوازێکی پرۆسەی چارەسەری ببێتەوە. بەڵام ئاکپارتی داواکارییەکەی مەهەپە پەسند ناکات و لەگەڵ داخستنی هەدەپەدا نییە".
 
کایا هەروەها لەبارەی هەنگاوی داهاتووی ئاکپارتی باسی نزیکبوونەوە لە کورد و دەستپێکردنەوەی پرۆسەیەکی چارەسەریی نوێ کرد و گوتی "لە نێو رێکخستنەکانی ئاکپارتیدا ئەمە روونبووەتەوە کە دۆخی پارتەکەیان بەمشێوەیەی ئێستا ناکرێ بەردەوام بێت. هەربۆیە ئەوان بەدوای رێگەچارەیەکدا دەگەڕێن کە یەکێک لەوانیش نزیکبوونەوەیە لە کورد. لەو بڕوایەدام لە نێو رێکخستنەکانی ئاکپارتیدا هەنگاو بۆ پرۆسەیەکی وەها نرابێت. بەڵام ئاکپارتی دەیەوێت سەرەڕای شەراکەتی مەهەپە ئەم کارە بکات کە دوو ئەگەر هەیە؛ یان دەبێت مەهەپە دووربخاتەوە، یانیش رازیی بکات، کە ئەمە ئەگەرێکی تابڵێی زەحمەتە".
 
لەبارەی دوایین هەڵسەنگاندن و بۆچوونەکان لە نێو ئاکپارتی، محەمەد کایا رایگەیاند پێیوایە "ئاکپارتی لە دوایین هەڵبژاردنی شارەوانیدا کە شارەوانییەکانی ئیستەنبووڵ، ئەنقەرە، ئەنتاڵیا و چەند شوێنێکی دیکەی گرنگی لەدەستدا، بە باشی دەرکی بەوەکردووە کە کورد رۆڵێکی گرنگی لەمەدا هەبووە. تاوەکو ئێستا هیچ هەوڵێکی وەها لەلایەن ئاکپارتییەوە بە فەرمی رانەگەیێندراوە، بەڵام ئاکپارتی ناچارە بە خێرایی هەنگاو بنێت و بەر لە 2023 خۆی یەکلایی بکاتەوە".
 
کایا هەروەها جەختیکردەوە لە ئەگەری هاتنەپێشەوەی هەڵبژاردنی پێشوەختەدا، ئاکپارتی ناچار دەبێت زیاتر پەلە بکات لەوەی خۆی یەکلایی بکاتەوە. 
  
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لە یەکشەممەوە دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئازار دەکرێت.

خشتەی مووچەی مانگی 3؛ یەکشەممە کاژێر چەند دەتوانن مووچە وەربگرن؟

وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان خشتەی مووچەی مانگی سێی بڵاوکردەوە و دەڵێت: یەکشەممە دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت و لەدوای کاژێر یەکی نیوەڕۆ دەتوانن مووچەکانیان وەربگرن