رووداو دیجیتاڵ
ئەو دایک و منداڵەی کە مانگی رابردوو لە دەریای ئیجەدا خنکان، تەرمەکانیان گەڕێندرایەوە هەرێمی کوردستان و بڕیارە لە سەروچاوەی رانیە بەخاکبسپێردرێن.
کاژێر 03:00ـی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە، (14-12-2024)، تەرمەکانی نایلە مستەفا و کچە نۆ مانگانەکەی بە ناوی نوور کە بەهۆی ژێرئاوکەوتنی بەلەمی کۆچبەران لە دەریای ئیجەدا خنکان، لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانییەوە گەڕێندرانەوە سەروچاوەی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین.
ئەبوبەکر ئیسماعیل، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو دەڵێت، بڕیارە تەرمەکانیان هەر لە شارۆچکەی سەروچاوە بەخاکبسپێردرێن.
ئیسماعیل، خاڵی نایلە قسەی بۆ رووداو کرد و رایگەیاند: ''لە 28ـی تشرینی دووەم، هەواڵمان پێگەیشت کە لە ئاوی نێوان تورکیا و یۆناندا، بەلەمەکەیان ژێرئاو کەوتووە و جیا لە خوشکەزاکەم و کچەکەی، سێ ئەفغانیش خنکاون".
ئیسماعیل لەبارەی هۆکاری کۆچکردنی ئەو هاونیشتمانییانە دەڵێت: ''هاوژینەکەی لە کۆمپانیایەک کاری دەکرد، بەڵام دواتر کارەکەی لەدەستدا، وەکو هەموو خەڵکێکی دیکە دەیانویست ژیانی خۆیان بگۆڕن، کەچی تووشی ئەم رووداوە بوون و نەگەیشتنە شوێنی مەبەست".
خاڵی نایلە ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەو بەلەمەی کە تێیدا بوون، توانای هەڵگرتنی 15 کەسی هەبووە، کەچی ئەوان 32 کۆچبەر بوون؛ ئەمەش بووەتە هۆی وەرگەڕانی بەلەمەکە.
رەسوڵ مستەفا ئەحمەد، برای ئەو هاونیشتمانییەی گیانی لەدەستداوە، ئەمڕۆ شەممە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی هۆکاری ژێرئاوکەوتنی بەلەمەکە گوتی، ''پۆلیسی یۆنان لە رێگەدا تووشی قاچاخچییەکە بووە و لە ترسی ئەوەی دەستگیر نەکرێت، زۆر بە خێرایی بەلەمەکە دەگەڕێنێتەوە، لە ئەنجامدا وەردەگەڕێت و پێنج قوربانی لێدەکەوێتەوە.".
گوتیشی، ''ئاگادارین شۆفێری بەلەمەکە هاووڵاتییەکی تورکە و دوای رووداوەکە دەستگیر کراوە، هەروەها دەگوترێت قاچاخچییەکەش تورکە".
رۆژی پێنجشەممە، 28ـی تشرینی دووەمی 2024، پێشڕەو عەبدوڵڵا، نوێنەری کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەیانیی ئەمڕۆ کاژێر 06:00 بە کاتی یۆنان (07:00 بەکاتی هەولێر) لە باکووری دوورگەی سامۆس بەلەمێکی کۆچبەران ژێرئاوکەوتووە و دایکێک و منداڵێک گیانیان لەدەستداوە.
بەگوێرەی راپۆرتی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی کورد لە ئەورووپا، ئەم ساڵ 46 هاونیشتمانیی هەرێمی کوردستان لە رێگەی گیانیان لەدەستداوە کە لەو ژمارەیە 14ـیان خەڵکی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ