ئەندامێکی داواکاری گشتی: رۆتین وایکردووە خەڵک لە پەنابردن بۆ دادگە بکشێتەوە

14-12-2024
بەشار عەزیز @BasharAzeez2
د. محەممەد رێکانی، ئەندامێکی داواکاری گشتی.
د. محەممەد رێکانی، ئەندامێکی داواکاری گشتی.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەندامێکی داواکاری گشتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بەهۆی رۆتینی دادگەکان لە هەرێمی کوردستان، زۆرجار "سکاڵاکاران واز لە دادگە دەهێنن و پەنا دەبەنە بەر رێگەی دیکە بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان". داوا دەکات رۆتین کەمبکرێتەوە و بە تەکنەلۆجیا کەمترین کات و تێچوو بوار بڕەخسێندرێت، تاوەکو "هاووڵاتییان بگەنە مافەکانیان".
 
د. محەممەد رێکانی، داواکاری گشتی، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رۆژی هیوا جەمال رایگەیاند، تێبینی لەسەر سیستمی داواکاری گشتی لە عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە و دەڵێت، ئەرکەکەی زیاتر چاودێری و سەرپەرشتییە و چاودێریی رەوایەتی و بڕیارەکانی دادگە دەکات، بەڵام لە هەموو وڵاتانی دەورووبەر، داواکاری گشتی خۆی بڕیاری دەستگیرکردن دەردەکات و رێکارەکان دەگرێتەبەر، ئەو کارانەی دادگە دەیکەن، داواکاری گشتی دەیکات، تاوەکو دەیکاتە کەیسێکی تەواو بۆ دادگەی دەنێرێت.
 
بۆ چالاکبوونی داواکاری گشتی لە هەرێمی کوردستان، د. محەممەد رێکانی پێیوایە "دەبێت دەسەڵاتی داواکاری گشتی فراوان بکرێت."
 
د. محەممەد رێکانی گوتی: "چەندین پڕۆژەیاسا پێشکێشی پەرلەمان کراون، بەڵام بەهۆی ململانێی حیزبی، هەموارەکان لە پەرلەمان تێنەپەڕێندراون، هەروەها خودی دەسەڵاتی دادوەری پشتگیریی ئەو پێشنیازە ناکات دەسەڵاتی لێکۆڵینەوە بدرێتە داواکاری گشتی، وەکو وڵاتانی جیهان". 
 
د. محەممەد رێکانی بەشێکی "سەروەرنەبوونی یاسا" بۆ ئامرازانە دەگەڕێنێتەوە کە لە دادگەکان بەکاردێت، رەخنەش لە سیستمی دادگەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێت و دەڵێت: "ئێمە نەک لەگەڵ ژیریی دەستکرد، بگرە لەگەڵ تەکنەلۆژیا رانەهاتووین، زۆربەی نووسراوەکان بە دەست دەنووسرێن، هێشتا تەکنەلۆژیا و کۆمپیوتەر بەکارنەهاتوون. ئەمە پەیوەندیی بە مافی هاووڵاتییانەوە هەیە."
 
ئەو داواکارەی گشتییە پێیوایە بەشێک لە هاووڵاتیان کە دەستبەرداری مافەکانیان دەبن، بەهۆی رۆتینەوەیە. د. محەممەد رێکانی دەڵێت: "سکاڵایەک شەش ساڵ بخایەنێت، زۆرجار کەسی سکاڵاکار واز دەهێنێت و بەدوای رێگەی دیکە دەگەڕێت بۆ بەدەستهێنانی مافەکەی."
 
لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا و پەرەپێدانی زیاتری ژیریی دەستکرد، AI لە زۆر بواری ژیان بەکاردێت، تانەت پێشبینی ئەوە دەکرێت لەبواری دادگەشدا، ژیریی دەستکرد ببێتە باڵادەست و رۆڵی دادوەر ببینێت، ئەو ئەندامەی داواکاری گشتی بە دووری دەزانێت، ژیریی دەستکرد ببێتە دادوەر، چونکە دەرکردنی بڕیار پێویستی بە هەستکردن و وردبینی و لێکۆڵینەوە هەیە، بەڵام دەڵێت: "دەکرێت نووسراو و یاساکان بە کۆمپیوتەر بکرێت، دەکرێت بە تەکنەلۆجیا چەندین رێکار لەکۆڵ خەڵک و پارێزەران بکەیتەوە، بە ئاسانی دەتوانیت هەموو بەڵگەنامەکان ئامادە بکەیت و جێبەجێکردنی ئاسان بێت". 
 
د. محەممەد رێکانی روونیدەکاتەوە، کە لە هەرێمی کوردستان، کێشە لە جێبەجێکردنی یاساکان هەیە، پێشیوایە، ئەو یاسایانەی جێبەجێ نەکراون "یان واقیعی نەبوون، یان بە رێگەیەکی یاسایی دانەڕێژراون و بەشێوەیەک نەبوون لەلایەن دادگەوە شیاو بن بۆ جێبەجێکردن". 
 
د. محەممەد رێکانی دەڵێت: "یاسا دەبێت بەگوێرەی پێویستیی  کۆمەڵگە دەربکرێت، هەروەها دەبێت لەلایەن کەسانی پسپۆرەوە دابڕێژرێتەوە."
 

 

 

 

  
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی و مەزڵووم عەبدی لە پیرمام. وێنە: بارەگای بارزانی

مەزڵووم عەبدی بە کۆپتەرێکی ئەمریکی پەیامی رۆژئاڤای گەیاندە هەولێر

بارەگای بارزانی لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، ئەمڕۆ سەرۆک بارزانی لە پیرمام پێشوازیی لە مەزڵووم عەبدی کردووە و باسیان لە یەکڕیزی و چارەنووسی کورد لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا کردووە.