رووداو دیجیتاڵ
سێ ئەندامی خیزانێک بە گازی ماڵان لە شاری سەلاسی باوەجانی پارێزگای کرماشان گیانیان لەدەستدا.
ئەمڕۆ یەکشەممە 14ی کانوونی یەکەمی 2025 مەسعود قەلعەسفیدی، بەڕێوەبەری فریاکەوتنی پارێزگای کرماشان رایگەیاند، "رووداوەکە ئەمڕۆ لە شاری سەلاسی باوەجانی روویداوە."
مەسعود قەلعەسفیدی گوتی، "تیمەکانی فریاکەوتن دوای ئەوەی ئاگادار کراونەتەوە کە رووداوێکی خنکان بە گاز هەیە، دەستبەجێ چوونەتە شوێنی رووداوەکە."
بە گوتەی بەڕێوەبەری فریاکەوتنی پارێزگای کرماشان، ئەو 3 کەسەی گیانیان لەدەستداوە بریتین لە پیاوێکی 35 ساڵ، ژنێکی تەمەن 34 ساڵ و منداڵێکی سێ ساڵ.
مەسعود قەلعەسفیدی رایگەیاند، بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، رەچاونەکردنی هۆکارە خۆپارێزییەکان و رێنوێنییەکانی تایبەت بە دانانی زۆپای گاز، هۆکاری رووداوەکە بووە.
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی پزیشکی دادی ئێران، تەنیا لە مانگی یەکەمی وەرزی پاییزی ئەم ساڵدا 221 کەس لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بە گازی یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن ژەهراوی بوون کە 11 کەسیان گیانیان لەدەستداوە.
پارێزگای ورمێ بە 39 کەس، سنە بە 25 کەس و تەورێز بە 18 کەس، زۆرترین ژەهراویبوون بە گازی یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن تێیاندا تۆمارکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ