رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێ، پێشبینی دەکرێ سبەی ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور بێت و پلەی گەرما بەرزبێتەوە. کەشناسێک دەڵێ، پێشبینی دەکرێ سێشەممە و چوارشەممە شەپۆلێکی بارانبارین ناوچەکە بگرێتەوە، بەڵام لاوازە و تەنیا بەشێکی باشووری کوردستانیش دەگرێتەوە.
كەشناسیی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە بڵاویکردەوە، "ئەمڕۆ لەدوای نیوەڕۆ لە هەندێک ناوچەی شاخاویی سنووریی ئەگەری بەفربارین هەیە. لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکان ئەگەری نمەباران هەیە."
لەبارەی کەشوهەوای سەنتەری پارێزگاکانەوە کەشناسی دەڵێت، "ئەمڕۆ ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت."
کەشناسیی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، "سبەی ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێ. لە کاتەکانی بەیانیدا ئەگەری دروستبوونی تەم لە ناوچە شاخاوییەکان هەیە."
د. لوقمان موفتی، شارەزای کەشناسی ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "سبەی کەشەکە سەقامگیر دەبێ. سێشەممە و چوارشەممە شەپۆلێکی بارانبارین ناوچەکە دەگرێتەوە و لە گۆڕاندایە، ئاراستەکە بەشێوەیەکە ئەگەری هەیە بە لاوازی بەشێکی باشووری کوردستان بگریتەوە."
ئەو شارەزایەی کەشناسی پێشبینیی کرد، "شەپۆلی بارانی سێشەممە و چوارشەممە لە ئێران کاریگەری زۆر دەبێ و ئەگەری لافاوی لەو وڵاتە هەیە."
کەشناسیی هەرێمی کوردستان ئاماری بارانبارینی 24 کاژێری رابردووی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، لە سەنتەری هەولێر 10.4 ملیمەتر باران باریوە، لە شاری سلێمانی 2.2 ملیمەتر، لە دهۆک 0.7 ملیمەتر، لە هەڵەبجە 5.5 ملیمەتر و لە کەرکووک هیچ بڕێک نەباریوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی کەشناسی، زۆرترین بڕی باران لە ئاستی پارێزگاکان لە پارێزگای هەولێر لە سنووری "بەنداوی دووین" تۆمارکراوە کە 20.5 ملیمەترە، لە پارێزگای سلێمانی لە پێنجوێن بووە بە 16.6 ملیمەتر، لە پارێزگای دهۆک زۆرترین بڕ لە ناحیەی دینارتە بووە بە 5.7 ملیمەتر، لە پارێزگای هەڵەبجە لە ناحیەی بیارە زۆرترین بڕ باریوە کە 5.7 ملیمەترە و لە کەرکووک و ئیدارەی گەرمیان زۆرترین بڕ لە تەکیەی جەباری بووە کە 23.8 ملیمەتر بووە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی کەشناسی، ئەمڕۆ پلەی گەرما بەراورد بە دوێنێ "کەمێک" بەرز دەبێتەوە و سبەی بەراورد بە ئەمڕۆ یەک بۆ دوو پلەی دیکە بەرز دەبێتەوە و بەمشێوەیە دەبێت:
هەولێر؛ 13 پلەی سیلیزی
سلێمانی؛ 12 پلەی سیلیزی
دهۆک؛ 11 پلەی سیلیزی
زاخۆ؛ 13 پلەی سیلیزی
کەرکووک؛ 14 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە؛ 12 پلەی سیلیزی
سۆران؛ 9 پلەی سیلیزی
ئاکرێ؛ 13 پلەی سیلیزی
ئامێدی؛ 8پلەی سیلیزی
گەرمیان؛ 15 پلەی سیلیزی
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ