رووداو دیجیتاڵ
هونەرمەند عومەر چاوشین، دوای ململانێیەکی زۆر لەگەڵ نەخۆشی، کۆچی دواییکرد.
ئەمڕۆ یەکشەممە 15-01-2023، نیاز نووری، نەقیبی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ هونەرمەند عومەر چاوشین لە سلێمانی کۆچی دواییکرد.
نیاز نووری گوتی، "کاژێر 9:00ی سبەی بەیانی تەرمی عومەر چاوشین لە مزگەوتی شێخ فەریدەوە بەرەو گۆڕستان بەڕێدەکرێت و لەوێ لە رێوڕەسمێکدا بە خاک دەسپێردرێت."
لەبارەی هۆکاری کۆچی دواییەکەشییەوە، نیاز نووری گوتی، "تەمەنێکی زۆر کردبوو، هەروەها چەند ساڵێک بوو بەدەست نەخۆشییەوە دەیناڵاند."
عومەر چاوشین، لە ساڵی 1942 لە گەڕەکی گۆیژەی سلێمانی لەدایکبووە، لە ساڵی 1967 لە تیپی نواندنی سلێمانی بووەتە ئەندام. بەهۆی کەمی هونەرمەندی ئافرەت، لە ساڵانی شەستەکانەوە تاوەکو کۆتایی هەشتاکانیش، زۆربەی جار رۆڵی ئافرەتی بینیوە.
گرنگترین ئەو دراما و شانۆگەرییانەی کە عومەر چاوشین رۆڵی تێیاندا بینیوە: پیسکەی تەڕپیر، جەنابی موفەتیش، ژن بە ژن، ماوتە کاولی کەی، مامە خەمە، شایی خوێناوی، گۆڕهەڵکەن، مشتەی ناو هەمانە و چەندین بەرهەمی دیکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ