رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی بارانبارینی چەند رۆژی رابردوو و لێڵبوونی سەرچاوەی ئاوی پڕۆژەی ئاوی ئیفرازەکانی یەک، دوو و سێ لە هەولێر، لە شەوی شەممەوە کارکردنیان راگیراوە. بەڕێوەبەری ئیفراز سێ دەڵێت، ئەمشەو ئاو بەردەدەنەوە بۆ ماڵان.
ئەمڕۆ دووشەممە، 15-01-2024، ئەندازیار هیوا عەبدولڕەزاق، بەڕێوەبەری پڕۆژی ئاوی ئیفراز 3ـی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "کێشەکان چارەسەر بوون و ئەمشەو کاتێک تەواوی خەزانەکان پڕبوون، ئاو بۆ ماڵان بەردەدەینەوە، رەنگە کاژێرەکانی 10 بۆ 12ـی شەو بێت."
لە شەممەوە پڕۆژەکانی ئیفرازی هەولێر بەهۆی لێڵبوونی سەرچاوەی ئاوەکەیەوە لەکار وەستاون، کە زێی گەورەیە.
پڕۆژەکانی ئیفراز لە هەولێر نیوەی ئاوی خاوێنی سنووری هەولێر دابین دەکەن. تەنیا پڕۆژەی ئاوی ئیفراز سێ سەرچاوەی سەرەکیی 40 گەڕەکی شاری هەولێرە.
جگە لە پڕۆژەکانی ئیفراز، هەولێر پشت بە ئاوی بیرەکان دەبەستێت. بە گوتەی بەڕێوەبەری ئیفراز سێ، 50%ـی دانیشتووانی هەولێر پشت بەئاوی بیرەکان و ئاوی ژێر زەوی دەبەستن.
هەولێر سێ پڕۆژەی ئاوی ئیفرازی هەیە؛ ئیفراز یەک کە ساڵی 1967 دروستکراوە؛ ئیفراز دوو ساڵی 1982 و ئیفراز سێ ساڵی 2007 کەوتووەتە کار.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ