رووداو دیجیتاڵ
لە دوێنێوە تورکیا بە درۆن چەند جارێک هێرشی کردووەتە سەر شارۆچکەی رمێلان و شاری قامیشلۆ لە رۆژئاوای کوردستان. فەرمانبەرێکی وێستگەی کارەبای سوێدییە لە رمێلان دەڵێت، بەهۆی بۆردوومانەوە کارەبا لە بەشێکی رۆژئاوای کوردستان بڕاوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 15-01-2024، تورکیا لە رێگەی درۆنەوە چەند ناوچەیەکی لە رۆژئاوای کوردستان بۆردوومان کرد، لەوانەش دەوروبەری دادگەی گەل لە قامیشلۆ، چەند ناوچەکی پیشەسازی و کێڵگە نەوتییەکانی سنووری رمێلان؛ هەروەها دوێنێ وێستگەی کارەبای سوێدییە، کارگەی گازی شل و کۆگای گازوایلی لە رمێلان بۆردوومان کرد.
وێستگەی سوێدییە لە رمێلان سەرچاوەی سەرەکیی کارەبای رۆژئاوای کوردستانە. عەبدۆ حوسێن، فەرمانبەرێکی وێستگەکەیە و لە بووڵتەنی کاژێر 11:00ـی ئەمڕۆ دووشەممەی تۆڕی میدیایی رووداودا قسەی کرد و گوتی، "شەوی رابردوو وێستگەکەمان و کارگەی گاز (گازی شل) لە رمێلان کرانە ئامانج، هێرشەکە زۆر گەورەبوو."
عەبدۆ حوسێن دەڵێت، "بۆردوومانەکە سەرەتا لە سنووری کۆبانێ کرا. ئێمە لەسەر کار بووین و چاوەڕوان بووین کە بۆردوومانی کارگەی گازی شل بکرێت. ئەوەبوو بۆردوومانەکە دەستی پێکرد و لە کارگەکە و وێستگەی کارەبا و کۆگای گازوایلیش درا. کاتێک تورکیا کارگەی گازی شلی کردە ئامانج، وەکو بۆمبێکی ناوەکی بوو؛ ئاگری گەورەی لێ بەرزبووەوە."

کارگەی گازی شلی رمێلان سەرچاوەی سەرەکیی سووتەمەنی وێستگەی کارەبای سوێدییەیە. ئەو کارمەندە کە شایەتحاڵی بۆردوومانەکە بووە دەڵێت، "بەهۆی دابیننەکردنی گازی شلەوە بۆ وێستگەکە، کارەبای رۆژئاوای کوردستان بڕاوە."
عەبدۆ حوسێن ئاماژەی بەوە کرد، ئەمڕۆ پێنج شوێنی رمێلان بۆردوومان کراون، کە جگە لەوە شوێنی پیشەسازیین، هاونیشتمانییانی سڤیلیش تێیاندا دەژین.
دوێنی وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، کاژێر 10.00ـی شەوی 14-1-2024، ناوچەکانی مەتین، خواکوڕک، گارە، قەندیل و ئاسۆس لە هەرێمی کوردستان و چەند ناوچەیەک لە رۆژئاوای کوردستان بۆردوومانکراون.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا ئاماژەی بەوە کردبوو، ئەو شوێنانە لەلایەن پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە و یەکینەکانی پاراستنی گەل - یەپەگە بەکارهێندراون و لە نێویاندا کۆگەی چەک، ئەشکەوت، پەناگە و وێستگەی بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی هەبوون.
ئەمە لەکاتێکدایە کە سەرچاوەیەکی ئاگادار لە سنووری نێوان باشوور و رۆژئاوای کوردستان لە دەڤەری سحێلای سەر بە ناحیەی زوممار هەر دوێنێ بە رووداوی گوت، "تورکیا وێستگەی ستراتیژی بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا و گازی لە گوندی سوێدیێ لە سنووری رۆژئاوای کوردستان بۆردوومان کرد."
هاوکات، هێزەکانی سووریای دیموکرات- هەسەدە بڵاویکردەوە، "لە دوو رۆژی رابردوودا تورکیا لە رێگەی فڕۆکە و درۆنەکانییەوە وێستگەی وزە، وێستگەی کارەبا، سایلۆ و تیمی بەرگریی شارستانیی کردووەتە ئامانج."
هێرشەکان دوای ئەوە هاتن، رۆژی 13ـی ئەم مانگە وەزارەتی بەرگریی تورکیا کوژرانی نۆ سەرباز و برینداربوونی چوار سەربازی دیکەی لە ناوچەی زاپ لە سنووری پارێزگای دهۆک لە هەرێمی کوردستان لە ئەنجامی رووبەڕووبوونەوەیەک لەگەڵ گەریلاکانی پەکەکە راگەیاند.

کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ