رووداو دیجیتاڵ
خۆپێشاندان و ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، کاریگەریی راستیەوخۆیان لەسەر کەرتی گواستنەوە و گەشتیاریی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران دروستکردووە. لە تێرمیناڵەکانی هەولێر و پێنجوێن، ژمارەی ئەو گەشتیارانەی روو لە سنوورەکان دەکەن بۆ نیوە دابەزیوە و بڕانی ئینتەرنێتیش شۆفێرانی بێکار کردووە.
لە تێرمیناڵی هەولێر، کە هێڵی سەرەکیی گواستنەوەیە بۆ دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران، نزیکەی 150 تاکسی کاردەکەن. پێش سەرهەڵدانی خۆپێشاندانەکان، رۆژانە زیاتر لە 100 تاکسی سەرنشینیان بۆ سەر سنوور دەگواستەوە، بەڵام ئێستا ئەو ژمارەیە بۆ 50 تاکسی کەمبووەتەوە.
ئەیلەم ئەحمەدی، گەنجێکی نیشتمانیی رۆژهەڵاتی کوردستانە و بۆ گەشتکردن هاتبووە هەولێر، بەڵام تێکچوونی دۆخی ئەمنیی شارەکەی و بڕانی ئینتەرنێت، گەشتەکەی لێ تاڵ کردووە و بە پەلەپەل بەرەو ورمێ دەگەڕایەوە. ئەو بە رووداوی گوت: "زۆر نیگەرانی بنەماڵەکەمم، چەند رۆژە ئینتەرنێت لە ئێران بڕاوە و هیچ هەواڵێکیان نازانم، بۆیە دەگەڕێمەوە تا لە نزیکەوە ئاگاداری دۆخیان بم."
دۆخەکە لە دەروازەی باشماخیش جیاواز نییە. بەپێی ئامارەکانی هێڵی تاکسیی پێنجوێن - باشماخ، کە 210 ئۆتۆمبێلی لێ کاردەکات، ژمارەی گەشتیارانی رۆژانە لە 55 ئۆتۆمبێلەوە بۆ کەمتر لە 40 ئۆتۆمبێل دابەزیوە.
شۆفێرانی هێڵی هەولێر - حاجی ئۆمەران هۆکاری سەرەکیی ئەم سستییە بۆ پچڕانی هێڵەکانی پەیوەندی دەگێڕنەوە. عومەر خۆشناو، شۆفێر لەو هێڵە، ئاماژە بەوە دەکات کە ئێستا تەنیا قوتابیانی ماستەر و دکتۆرا، بەتایبەت ئەوانەی خەڵکی نێوەڕاست و باشووری عێراقن، لە ئێرانەوە دەگەڕێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان و لەوێوە دەچنەوە بەغدا.
هێرش مستەفا، شۆفێرێکی دیکەی هەمان هێڵە و دەڵێت: "کارەکەمان زۆر کز بووە، کەس بۆ گەشت ناچێت چونکە لەوێ ئینتەرنێت نییە، تەنیا ئەو خەڵکەی لێرەیە و ماڵیان لەوێیە دەگەڕێنەوە."
یەکێک لە چیرۆکە سەرنجڕاکێشەکانی ناو تێرمیناڵەکە، چیرۆکی ئەو کەسانەیە کە تەنیا بۆ پەیوەندییەکی تەلەفۆنی روو لە سنوورەکان دەکەن. عەبدوڵا سدیق، شۆفێری تەکسی، دەڵێت: "سێ ژن بە تایبەت ئۆتۆمبێلیان گرت و 150 هەزار دینار کرێیان دا، تەنیا بۆ ئەوەی بگەنە حاجی ئۆمەران و لەوێوە بە سیمکاردی ئێرانی تەلەفۆن بۆ کەسوکاریان بکەن، چونکە لە ناوچە سنوورییەکان سیمکاردی ئێرانی کاردەکات، دوای هەواڵپرسینەکەش هەر ئەو کات گەڕانەوە بۆ هەولێر."
لە دوای هەشتووی ئەم مانگەوە و لەگەڵ چڕبوونەوەی ناڕەزایەتییەکان، حکومەتی ئێران هێڵەکانی ئینتەرنێت و پەیوەندیی لە زۆربەی شارەکان و بەتایبەت لە رۆژهەڵاتی کوردستان بڕیوە، ئەمەش بووەتە هۆی پچڕانی پەیوەندیی هەزاران هاونیشتمانی لەگەڵ کەسوکاریان لە دەرەوەی وڵات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ