رووداو دیجیتاڵ
ئەحمەد سەحاف، هەڵسووڕێنەری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا رایگەیاند، 170 کۆچبەری عێراقی کە زۆربەیان کوردن، لە باڵیۆزخانەکەیان لە تەرابلووس چاوەڕێی گەڕانەوەن و لە چەند رۆژی داهاتوودا دەگەڕێندرێنەوە بۆ عێراق. کەسوکاری کۆچبەرەکانیش داوای "پەلەکردن" لە گەڕاندنەوەیان دەکەن.
کەسوکاری کۆچبەرەکان چیرۆکی سەختی رۆڵەکانیان دەگێڕنەوە. زۆربەی خێزانەکان دوای ئەوەی منداڵەکانیان ئەشکەنجە دراون و هەڕەشەی گرووپە چەکدارەکانیش، بە ناچاری و بە قەرز و فرۆشتنی ماڵ و حاڵیان، بۆ هەر یەکێکیان بڕی 5 هەزار دۆلاریان داوەتە قاچاخچی و گرووپە چەکدارەکان بۆ ئازادکردنیان.
عەلی خدر، باوکی خالیدی تەمەن 15 ساڵان کە ئێستا کوڕەکەی لە باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا چاوەڕێی گەڕانەوەیە، لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو، کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، گوتی: "زۆربەی گەنجەکان خوار تەمەنی 18 ساڵین، بەناچاری قبووڵی ئەوەم کرد کۆچ بکات، زۆربەی هاوڕێکانی کۆچیان کردبوو، شەوانە دەیگوت ناچمە قوتابخانە و ناخوێنم بۆیە رێگەم دا بڕوات. زۆربەی ئەوانەی کۆچ دەکەن چاولێکەرییە. کوڕەکەم لە لیبیا چوار جار بە قاچاخچی فرۆشراوەتەوە."
عەلی خدر، کە هاوکات وەک نوێنەری کەسوکاری گەنجە کوردەکانی لیبیا خۆی دەناسێنێت، دەڵێت: کوڕەکەی لە 10ـی کانوونی یەکەمی 2025 لە باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا چاوەڕێی گەڕانەوە دەکات، لەو کاتەوە تەنیا سێ جار بە "تەلەفۆن" قسەیان کردووە کە هەر سێ جارەکەی نەگەیشتووەتە "دوو خولەک". عەلی خدر گوتیشی: "کوڕەکەم گوتی، بەس بگەڕێمەوە هەرگیز جێتان ناهێڵم و کۆچ ناکەم."
د. ئەحمەد سەحاف، هەڵسووڕێنەری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا دەڵێت: "170 کۆچبەری عێراقی لە باڵیۆزخانەکەمان چاوەڕێی گەڕانەوەن."
سەحاف، لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو گوتی: "رەزامەندیی سەرۆکوەزیرانی عێراقمان وەرگرتووە کە فڕۆکەیەکی سەربازی تەرخان بکرێت بۆ گەڕاندنەوەی کۆچبەران." ئاماژەی بەوەشکرد تەنیا لە سێ رۆژدا ژمارەی کۆچبەرەکان لە باڵیۆزخانە لە 150 کەسەوە بۆ 170 کەس زیادیکردووە.
سەختیی دۆخی ئابووری و بێکاری وەک هۆکاری سەرەکیی کۆچکردن ناو دەبرێت، بەڵام هەندێک لە باوکان چیرۆکی جیاوازتریان هەیە. باوکی محەممەدی تەمەن 21 ساڵ، کە کوڕەکەی سێیەمجارە هەوڵی کۆچ دەدات، دەڵێت، "ئەگەر ئەمڕۆ بگەڕێتەوە، سبەی دەینێرمەوە. کوڕەکەم خولیای سەرکێشی و باشترکردنی دۆخی ژیانی هەیە."
ئەو باوکە ئاشکرای دەکات، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 10 هەزار دۆلاری لە رێگەی کۆچی کوڕەکەیدا خەرجکردووە.
د. ئەحمەد سەحاف، لەبارەی کاتی گەڕاندنەوەی کۆچبەرە کوردەکان، گوتی: "لە چەند رۆژی نزیک، بە فەرمی ئەم گەشتە رادەگەیێنین بۆ گەڕاندنەوەی کۆچبەرە عێراقییەکان."
سەرباری مەترسییەکانی رێگەی کۆچ بە لیبیا، تاوەکو ئێستاش گەنجانی دیکەی کورد هەمان رێگە دەگرنەبەر. ئەمە لە کاتێکدایە کە تێچووی کۆچی هەر گەنجێک لانیکەم 15 هەزار دۆلارە، کە بەو بڕە پارەیە دەتوانن لە زێدی خۆیان کارێکی سەربەخۆ دابمەزرێنن.
د. ئەحمەد سەحاف، هۆشداری دەداتە خێزانەکان کە "بازرگانی بە کوڕەکانیانەوە نەکەن" و هاوکاریی تۆڕەکانی قاچاخچێتی نەکەن، چونکە "تاوەکو ئێستا دەیان کۆچبەری دیکەی عێراقی چارەنووسیان نادیارە و هەوڵی ئاشکراکردنی چارەنووسیان دەدەین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ