رووداو دیجیتاڵ
لە شارۆچکەی عەین عیسای سەر بە پارێزگای رەققە، هەڵمەتێکی فراوانی هەڕەشە، هێرش و بێزارکردن دژی ماڵباتە کوردەکان دەستیپێکردووە. هاونیشتمانییەک دەڵێت، داوایان لێکراوە ناوچەکە چۆڵ بکەن، ئەمەش بووەتە هۆی ئاوارەبوونی دەیان خێزان.
ئەحمەد خەلیل، دانیشتووی عەین عیسایە، لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی رۆژئاوای کوردستانی تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند: "لە عەین عیسا 54 دووکانی کورد و 113 ماڵباتی کورد هەن. هەندێک لە عەرەبەکانی ئێرە هەڕەشەمان لێ دەکەن و دەڵێن 'ئێوە کوردن، دەبێت بڕۆنەوە شارەکانی خۆتان و ئێرە چۆڵ بکەن'. هێرش دەکەنە سەر ئۆتۆمبێلەکانمان و بە بەرد و فیشەک تەقە لە ماڵەکانمان دەکەن."
ئەو هاونیشتمانییە بە خەمبارییەوە دەپرسێت: "ئێمە 40 بۆ 50 ساڵە لێرە دەژین، ئەی ماڵ و موڵکمان بۆ کێ جێبهێڵین؟ ئایا دەبێت خۆمان بکوژین؟"
بەپێی گوتەکانی ئەحمەد خەلیل، تەنیا لە چوار رۆژی رابردوودا بەهۆی توندبوونی هێرشەکان، 20 خێزانی کورد ناچار بوون شارۆچکەکە بەجێبهێڵن و رایانگەیاندووە لەبەر مەترسیی لەسەر ژیانیان، ناتوانن بگەڕێنەوە.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، لە گوندی "جەهبەل"ی سەر بە عەین عیسا، هێرش کراوەتە سەر چەند هاونیشتمانییەک و لە ئەنجامدا 2 کەس بریندار بوون. هەروەها لە ناوەندی شارۆچکەکەش هێرش کراوەتە سەر دووکانێکی جلوبەرگ و هەڕەشەی سووتاندنی لێ کراوە، ئەگەر خاوەنەکەی دەستبەجێ ناوچەکە چۆڵ نەکات.
سەبارەت بە هەوڵەکان بۆ راگرتنی ئەم هێرشانە، ئەحمەد خەلیل ئاماژەی بەوە کرد، پەنایان بۆ ریشسپی و گەورە پیاوانی عەشایەری عەرەب بردووە، بەڵام ئەوان تەنیا گوتوویانە "ئەو کەسانە ناناسین". هەروەها کاتێک سەردانی هێزەکانی ئەمنی گشتیی حکومەتی سووریایان کردووە، ئەوان بە بیانووی ئەوەی "تازە هاتوونەتە ناوچەکە و هێزیان کەمە"، خۆیان لە بەرپرسیارێتی پاراستنی کوردەکان دزیوەتەوە.
شارۆچکەی عەین عیسا بەهۆی هەڵکەوتنی لەسەر رێگەی نێودەوڵەتیی M4، پێگەیەکی ستراتیژیی گرنگی هەیە. ئەم شارۆچکەیە پێشتر لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)دا بوو، بەڵام بەپێی رێککەوتنی 18ی کانوونی دووەمی 2026، هەسەدە لە شارۆچکەکە کشایەوە و رادەستی حکومەتی سووریای کرد. لە 19ی کانوونی دووەمی 2026ەوە، عەین عیسا لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی حکومەتی سووریادایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ