سەرۆکی گەورەشارەوانیی وان لە کارەکەی دوورخرایەوە و لە شوێنی قەیووم دانرا

15-02-2025
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، 15ـی شوباتی 2025، بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی تورکیا قەییوم بۆ گەورەشارەوانیی وان دانرا.
 
عەبدوڵڵا زەیدان، هاوسەرۆکی گەورەشارەوانیی وان لە کار دوورخرایەوە، ئۆزان باڵجی، پارێزگاری وان بە وەکالەت، کرایە سەرۆکی شارەوانییەکە.  
 
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا لە راگەیێندراوێکیدا دەڵێت، عەبدوڵڵا زەیدان، بەتۆمەتەکانی "هاوکاریکردنی بەمەبەست بۆ رێکخراوی تیرۆریستیی چەکدار" و "بانگەشەکردن بۆ رێکخراوی تیرۆریستی چەکدار" رۆژی 11ـی شوباتی 2025، لەلایەن دەستەی دادوەرانی پێنجەمین دادگەی سزا قورسەکانی ئامەد، سزای 3 ساڵ و 9 مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا." 
 
هەروەها دەڵێت: "بەهۆی کۆتاییهاتن بە کەیسی دادگەییکردنیەوە، بەپێی مادەی 45 و 46ـی یاسای ژمارە 5393ـی یاسای شارەوانییەکان و مادەی 127ـی دەستووری تورکیا، بڕیاردرا بە دوورخستنەوەی عەبدوڵڵا زەیدان لە ئەرکی سەرۆکشارەوانی. 

 

هەروەها بەپێی مادەی 47ـی یاسای ژمارە 5393ـی یاسای شارەوانییەکان بڕیاردرا بە دانانی ئۆزان باڵجی، پارێزگاری وان وەک سەرۆکشارەوانی بە وەکالەت." 
 
دوای راگەیاندنی بڕیارەکە، خەڵکی لە بەردەم باڵەخانەی گەورەشارەوانیی وان گردبوونەوە بۆ دەربڕینی ناڕەزایی. عەبدوڵڵا زەیدان، واژۆی لەسەر نووسراوی ئاگادارکردنەوە بۆ دوورخستنەوەی لە ئەرکەکەی نەکرد. 
 
کاژێر 09:00ـی رۆژی 11ـی شوباتی 2025 دانیشتنی دادگەییکردنی عەبدوڵڵا زەیدان، هاوسەرۆکی گەورەشارەوانیی وان، لە پێنجەمین دادگەی سزا قورسەکانی ئامەد دەستیپێکرد کە بە تۆمەتی "هاوکاریکردنی بە مەبەستی رێکخراوی تیرۆریستی" و، "بانگەشەکردن بۆ تیرۆر لە خۆپیشاندانەکان دا" درابووە دادگە. 
 
ئەوکات، عەبدوڵڵا زەیدان ئامادەی دانیشتنەکەی دادگە نەبوو. محەممەد ئەمین ئەکتاری، پارێزەری زەیدان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پێنجەمین دادگەی سزا قورسەکانی ئامەد، بە تۆمەتی یارمەتیدانی رێکخراو، سزای سێ ساڵ و 9 مانگ زیندانیکردنی بەسەر عەبدوڵڵا زەیدان، هاوسەرۆکی گەورەشارەوانی وان ـدا سەپاند".
 
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا و باکووری کوردستاندا عەبدوڵڵا زەیدان، بەربژێری دەم پارتی 245 هەزار و 573 دەنگ ( 55.48٪ـی دەنگەکان)ـی بەدەستهێنا و بە سەرۆکی گەورەشارەوانیی وان هەڵبژێردرا. 
 
لە تورکیا و باکووری کوردستاندا سەرۆکشارەوانی لەلایەن خەڵکەوە هەڵدەبژێردرێن، بەڵام پارێزگار بە بڕیاری سەرۆککۆمار دادەنرێت. 
 
هەرچەندە کورد لە هەڵبژاردنەکاندا زۆرترین شارەوانی لە باکووری کوردستان دەباتەوە، بەڵام حکومەت بە بیانووی بوونی پەیوەندی، پێدانی سەرچاوەی دارایی بە پەکەکە، لایاندەدات و کەسی دیکە لە شوێنەکانیان دادەنێت. ئەم لەکارلادان و دانانە بە 'قەییوم' ناودەبرێت.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کەمپی شاریا لە سنووری دهۆک. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

کۆچ و کۆچبەرانی عێراق: تێکەڵکردنی کەمپەکانی هەرێمی کوردستان راگیراوە

عەلی عەباس، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە، 15-03-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، وەزارەتەکەیان پلانی هەیە چەند کەمپێکی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان تێکەڵ بکات.