هوداپار بۆ هەڵبژاردنی کوردی وەک وانەی بژاردە لە شرنەخ چالاکیی رێکخست

15-02-2025
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پەرلەمانتاران و رێکخستنەکانی پارتی دۆزی ئازاد (هوداپار) لە پارێزگەی شرنەخی باکووری کوردستان چالاکییان کرد و داوایان لە دایک و باوکان کرد زمانی کوردی وەک وانەی بژاردە بۆ منداڵەکانیان هەڵبژێرن. 
 
ئێوارەی رۆژی هەینی، 14ـی شوباتی 2025، ئەندام و لایەنگرانی هوداپار لە شاری جزیرێ سەر بە پارێزگای شرنەخ چالاکییەکانیان بۆ هەڵبژاردنی وانەی بژاردە لە ساڵی خوێندنی 2025-2026 رێکخست. 
 
شاهزادە دەمیر، جێگری سەرۆکی هوداپار؛ نەسوح سەڤینیک، پەرلەمانتاری بازنەی دیلۆک؛ ژمارەیەکی دیکە لە بەرپرسان، ئەندام و لایەنگرانی پارتەکە لە چالاکییەکەدا بەشداربوون.
 
ئەوان هانی هاونیشتمانییان دەدا زمانی کوردی لە چوارچێوەی وانەی بژاردە بۆ منداڵەکانیان هەڵبژێرن. 
 
دواتر لە گۆڕەپانی قوتابخانەی سووری مێژوویی، شاهزادە دەمیر گوتارێکی پێشکێشی ئامادەبووانی کرد و رایگەیاند: "ئەگەر خاوەنداری زمانی کوردی نەکەین، نەیخوێنین، فێرنەبین و بەکاری نەهێنین، نەوەکانی دوای خۆمان زمان، کولتوور و مێژووی کورد لەیاد دەکەن". 

 

شاهزادە دەمیر راشیگەیاند: "خوێندن بە زمانی کوردی داوایەکی رەوایە، مافی خۆمانە، مافی گەلێکی دێرینی ئەم خاکەیە.کوردبوون و موسڵمانبوونمان هەمان شتە.کورد خزمەتێکی زۆری بە ئاینی ئیسلام کردووە، هەر لە سەلاحەدین ئەیووبییەوە بیگرە تاوەکو دەگاتە مەلا ئەحمەد جزیری، مەلا عەلی فندکی، ئەحمەدی خانێ، شێخ ئەحمەد بارزان و ئیدریس بەدلیسی".  
 
لە سیستمی پەروەردەی تورکیادا تورکی تاکە زمانی فەرمیی خوێندنە، بەڵام لە ساڵی 2012ـەوە زمانی کوردی وەک وانەی بژاردە لە قوتابخانەکاندا دەخوێندرێت. ناونووسین بۆ وانەی بژاردە، پۆلەکانی 5 تاوەکو 8 ـی سەرجەم قوتابخانەکانی سەر بە وەزارەتی پەروەردەی تورکیا دەگرێتەوە.
 
بەگوێرەی سیستمی خوێندن لە وانەی بژاردە، ئەگەر 10 قوتابی داوای خوێندن بە هەر زمانێکی بژاردە بکەن، پۆلێکی تایبەتیان بۆ دەکرێتەوە. هەرچەندە واژۆی باوک و دایکی قوتابی زیاد بکات، هێندەی دیکە پۆلی خوێندنیان بۆ دەکرێتەوە.
 

بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی پەروەردە، بۆ ساڵی خوێندنی 2022 - 2023 ژمارەی ئەو قوتابییانەی زمانی کوردییان هەڵبژاردووە لە خوێندنی وانەی بژاردە بە هەردوو شێوەزاری کرمانجی و زازاکی، 20 هەزار و 265 قوتابیی بوون. ئەمە لە کاتێکدایە لە ساڵی خوێندنی 2015-2016دا لە تورکیا و باکووری کوردستان 77 هەزار و 931 قوتابی وانەی بژاردەی زمانی کوردیان هەڵبژاردبوو. لەم ژمارەیەدا 71 هەزار و 616 قوتابی وانەی شێوەزاری کرمانجی و 6 هەزار و 315 قوتابیش وانەی شێوەزاری زازاکییان هەڵبژاردبووە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کەمپی شاریا لە سنووری دهۆک. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

کۆچ و کۆچبەرانی عێراق: تێکەڵکردنی کەمپەکانی هەرێمی کوردستان راگیراوە

عەلی عەباس، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە، 15-03-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، وەزارەتەکەیان پلانی هەیە چەند کەمپێکی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان تێکەڵ بکات.