رووداو دیجیتاڵ
سڵێوە گۆرگیس مربێن ناسراو بە (ئەبو سەنا)، کەسایەتیی ناسراوی سلێمانی کۆچی دواییکرد.
رۆژی شەممە، 15ـی شوباتی 2025، هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەمشەو هەواڵی مردنی ئەبو سەنامان لە وڵاتی بەریتانیاوە پێگەیشت."
بنەماڵەی سڵێوە گۆرگیس (ئەبو سەنا) بڵاویانکردەوە، "بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە، کۆچی دوایی کەسایەتیی دیاری شاری سلێمانی، ئەبوسەنا باوکی (سەنا، ریاز، رامز، رائید، مازن و وەسام) رادەگەیێنین کە لە وڵاتی بەریتانیا کۆچی دواییکرد."
بنەماڵەکەی دەڵێن، "دوای تەواوبوونی رێکارەکانی گواستنەوەی تەرمەکەی، وردەکاریی مەراسیمی پرسە و ناشتنی رادەگەیێندرێت."
ئەبو سەنا، ناوی تەواوی سڵێوە گۆرگیس مربێنە، لە 1-7-1942 لە کۆیە لەدایکبووە و خوێندنی سەرەتایی هەر لەو شارە تەواوکردووە. لە ساڵی 1962 ژیانی هاوژینی لەگەڵ خاتوو نەعیمە شەمعون یەڵدا پێکهێناوە. لە ساڵی 1975 چوونەتە شاری سلێمانی و لەوێ نیشتەجێ بوون.
بۆچی نازناوی بووە بە ئەبو سەنا یان باوکی سەنا؟
کچە گەورەکەی گۆرگیس ناوی سەنایە، کە ئەوکات لە بەغدا نیشتەجێبوون و کچەکەی لە بەغدا لەدایکبووە، لە کولتووری عەرەبدا واباوە هەمیشە باوک بە ناوی کچ و کوڕی گەورەوە بانگ دەکرێت. سەناش یەکەم منداڵی بووە، ئیدی هەر بە ئەبو سەنا بانگکراوە و لە شاری سلێمانی هۆتێلێکی دروستکردووە بەناوی (ئەبوو سەنا).
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ