رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی هێزەکانی سووریای دیموکرات رایگەیاند، داعش پلانێکی بۆ هێرشکردنە سەر گرتووخانەیەکی حەسەکە دانابوو، بەڵام توانیان هەڵیوەشێننەوە.
رۆژی شەممە، 15ی شوباتی 2025، ئەجبار داود، گوتەبێژی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند، لە کانوونی یەکەمی رابردووەوە داعش 27 هێرشی کردووەتە سەر ناوچەکانیان. دەشڵێت، پلانێکی نوێی داعشیشیان بۆ هێرشکردنە سەر گرتووخانەیەکی حەسەکە هەڵوەشاندووەتەوە.
گوتەبێژی هەسەدە ناوی گرتووخانەکەی ئاشکرانەکرد کە داعش دەیویست هێرشی بکاتە سەر، بەڵام گوتی، رێکاری پێویستیان گرتووەتەبەر بۆ ئەوەی رێگری لە پلانی دیکەی هاوشێوە بکەن.
رۆژی 8ی کانوونی یەکەمی رابردوو، هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ئەوکاتی سووریا کە دیارترینیان دەستەی تەحریر شام بوو، حکومەتی سووریایان رووخاند و سوپای وڵاتەکە ژمارەیەکی زۆر چەک و تەقەمەنی لە چەند ناوچەیەک جێهێشت. بە گوتەی گوتەبێژەکەی هەسەدە، داعش دەستی بەسەر بڕێکی زۆر لەو چەکانەدا گرتووە و سوودیان لێوەردەگرێت.
رۆژی 13ی مانگی رابردوو، میدیای بەریتانی چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کرد.
مەزڵووم عەبدی رایگەیاند، "مەترسیی داعش لە کەمپەکان و گرتووخانەکاندا بەردەوامە لە زیادبوون و بەگشتی جووڵەیان زیادی کردووە. پێویستە هەوڵەکان چڕ بکرێنەوە بۆ شەڕکردن دژی داعش، ئەگەر بمانەوێت رێگری لە سەرهەڵدانەوەیان بکەین."
فەرماندەی گشتیی هەسەدە گوتیشی، "داعش هێشتا دەیەوێت یان پلان دادەنێت بۆ شکاندنی گرتووخانەکان". هەروەها، هۆشداریی ئەوەشی دا، ئەگەر داعش لەو هەوڵەیدا سەرکەوتوو بێت، دەبێتە مەترسیی شەپۆلێکی گەورەی "تیرۆر" لە هەموو رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و دەرەوەشیدا.
ژمارەیەک گرتووخانە و کەمپی تایبەت بە چەکدارانی داعش و کەسوکارەکانیان لە رۆژئاوای کوردستان هەن کە دیارترینیان کەمپی رۆژ و هۆلن. بە گوێرەی بەرپرسانی هەسەدە، نزیکەی 60 هەزار چەکداری داعش و ئەندامانی خێزانەکانیان لە کەمپەکانی هۆل و رۆژ-دان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ