رووداو دیجیتاڵ
نزیکەی پێنج مانگە راییکردنی مامەڵەی تاپۆکردنی خانووە زێدەڕۆکانی دهۆک بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران وەستاوە. گوتەبێژی شارەوانیی دهۆک دەڵێت، "شەممە بە نووسراو ئاگادرکراینەوە کە دەستپێدەکاتەوە."
رۆژی شەممە، 15ـی شوباتی 2025، ئیسماعیل مستەفا، گوتەبێژی شارەوانیی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە پارێزگای دهۆک نزیکەی 7000 هەزار خانووی زێدەڕۆ هەن، لە ماوەی رابردوودا 4600 مامەڵە لەلایەن شارەوانییەوە وەرگیرا، 3500 لە شارەوانیی رۆژهەڵات و 1100ـیش لە شارەوانیی رۆژئاوا."
گوتیشی، " لەکۆی ئەو 4600 مامەڵەیە؛ نزیکەی 800 خانوو تەواوکراون."
ئەنجوومەنی وەزیران راییکردنی مامەڵەی تاپۆکردنی خانووە زێدەڕۆکانی تاوەکو 9-9-2024، دیارییکردبوو. گوتەبێژی شارەوانیی دهۆک دەڵێت، "دوای تەواوبوونی ئەو ماوەیە، نووسراومان بۆ شارەوانی کرد، ئەوانیش بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانیان بەرزکردەوە، ئەمڕۆ نووسراومان بۆ هاتووە، دەست بە تەواوکردنی مامەڵەی تاپۆکردنی ئەو 4600 خانووە دەکرێت کە ماون، بەڵام هیچ مامەڵەی دیکە وەرناگیرێت."
بە گوتەی ئیسماعیل مستەفا، "درێژکردنەوەی ئەو ماوەیە بۆ ئەوەیە بەشێکی زۆری هاووڵاتییان لەم بڕیارە سوودمەندبن."
لەبارەی شوێنی خانووەکان، گوتەبێژی شارەوانیی دهۆک دەڵێت، "ئەو خانووانەی نەخشەی شارەوانی تێکدەدەن و دەکەونە ناو شوێنە گشتییەکانی وەک قوتابخانە، نەخۆشخانە، باخچەی ساوایان و پارکەکان، ئەوانە تاپۆ ناکرێن."
4600 مامەڵە بۆ تاپۆکردن لەلایەن شارەوانیی دهۆک ماون. گوتەبێژی شارەوانییەکە گوتی، "لیژنەیەکی تایبەت بە راییکردنی ئەم پڕۆسەیە پێکدەهێندرێت و بە زووترین کات دەست بە کارەکان دەکرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ