نێچیرڤان بارزانی داوا لە حکومەتی عێراق دەکات بودجەی تایبەت بۆ ئاوەدانکردنەوەی هەڵەبجە تەرخانبکات

15-03-2023
هیدایەت جان
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دیداری حەوتەمی سلێمانی پاڵپشتی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ حکومەتی نوێی عێراق دووپاتکردەوە و داوای لێکرد بودجەیەکی تایبەت تەرخانبکات بۆ ئاوەدانکردنەوەی هەڵەبجە و قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانییان و برینداران؛ هاوکات دوای 20 ساڵ لە رووخانی دەسەڵاتی بەعسیش گوتی: "ئامانجی عێراقییەکان لە دروستکردنی عێراقێکی دیموکراسی، فرەیی، مەدەنی و سەقامگیر تووشی شکستێکی گەورە بوو." 
 
رۆژی چوارشەممە 15-03-2023 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دیداری حەوتەمی سلێمانی گوتارێکی پێشکێشکرد و رایگەیاند: "ساڵانێک بوو کارێکی زۆرمان کرد بۆ کردنی هەڵەبجە بە پارێزگە بۆ ئەوەی قەرەبوو بکرێتەوە و خزمەتی خەڵکەکەی بکرێت. بەناوی خەڵکی هەڵەبجە و تەواوی هەرێمی کوردستانەوە سوپاسی تایبەتی برای بەڕێزم، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقی فیدراڵ دەکەم کە زۆر دڵسۆزانە کاریکرد بۆ تەواوکردنی رێکارەکان." 
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان داوای لە حکومەتی عێراق کرد بودجەیەکی تایبەتی تەرخانبکات بۆ ئاوەدانکردنەوەی هەڵەبجە و قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانییان و برینداران و گوتی: "هەوڵەکانی حکومەتی فیدراڵی و سەرۆکوەزیران بۆ بایەخدان بە هەڵەبجە و قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی هەنگاوێکی دەستووری و پاڵپشتکراوە بە بڕیارەکانی دادگە بەرامبەر تاوانی رژێمی پێشووی عێراق. ئەوە کارێکی تەواو دەستووری و یاساییە کە بۆ خەڵکی هەڵەبجە بکرێت." 
 
نێچیرڤان بارزانی پاڵپشتی هەرێمی کوردستانی بۆ حکومەتی نوێی عێراق دووپاتکردەوە و گوتی: "لە هەرێمی کوردستان بە تەواوەتی پشتیوانی لە حکومەت و هەنگاوەکانی بەڕێز سەرۆکوەزیرانی فیدراڵی عێراق دەکەین. لەوکاتەوە دەستی بە کار کردووە، لەسەر بنەمای رێککەوتنی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بۆ پێکهێنانی حکومەت، وەکو نەخشەڕێگەیەک هەوڵیداوە دۆخی ئارامی سیاسی لە عێراق دروستبکات، هەروەها بایەخی بە هەموو ناوچە و پێکهاتەکانی عێراق داوە و هیوادارین ئەو رێککەوتن و یاسایانەش جێبەجی بکات." 
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجە و ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای نەوت و گازی عێراق ئاماژەیدا: "ئەو رێککەوتنەی لە چوارچێوەی پڕۆژەیاسای بودجەدا کرا، بۆ هەموو عێراق بە هەرێمی کوردستانەوە کارێکی زۆر باشە و جێگەی دەستخۆشییە بۆ حکومەتی فیدراڵی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان. چاوەڕێین ئەم ئاراستەیە بەردەوام بێت و یاسای نەوت و گازیش بە هەمان گیانی هاوکاریی هەردوولا دەربچێت." 
 
عێراق پێدەنێتە 20ەمین ساڵی رووخانی دەسەڵاتی بەعس و بەم بۆنەیەوە نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند: "پێویستە دان بەمەدا بنێین کە لە ماوەی ئەم 20 ساڵە هەموومان لە شکستەکانی عێراق بەشدارین و هەمووشمان بەیەکەوە لە سەرکەوتنەکانیدا بەشدارین، ئینجا ئەم سەرکەوتن و شکستانە زۆر بن یان کەم. 20 ساڵی رابردوو، وێڕای هەموو کەموکوڕییەکان، جیاواز بوو لە سەردەمی دیکتاتۆری، لایەنیکەم خەڵکی عێراق ئازادی بەکارهێنا بۆ نیشاندانی زیندوویەتیی خۆی لە ناوچەکە." 
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی: "قۆناخی ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی لە کۆنگرەی لەندەن و سەلاحەدینەوە تاوەکو دامەزراندنی ئەنجوومەنی حوکم و نووسینەوەی دەستوور سەرکەوتوو بوو. بەڵام دواتر، لادان و هەوڵەکان وردە وردە دەستیانپێکرد و بوون بە تەنگژەی گەورە، ئەوەش بەهۆی نەمانی گفتوگۆی بنیاتنەری لایەنەکان و جێبەجێنەکردنی دەستووری عێراقی بوو." 
 
نێچیرڤان بارزانی دەڵێت: "ئامانجی عێراقییەکان لە دروستکردنی عێراقێکی دیموکراسی، فرەیی، مەدەنی و سەقامگیر تووشی شکستێکی گەورە بوو؛ هەربۆیە بەشداری خەڵک لە پرۆسەی دیموکراسیدا زۆر کەمبوویەوە و ئەمەش کاریگەرییەکی زۆر مەترسیداری هەیە بۆ داهاتووی پرۆسەی دیموکراسی، بەتایبەتی کە عێراق لە رابردوودا ملیۆنان کەس و ملیاران دۆلاری بەهۆی دیکتاتۆرییەوە لەدەستدا و دەیان ساڵی تەمەنی نەوەکانی خستە نێو تووندوتیژی و جەنگەوە." 
 
بە گوتەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان: "زۆربوونی ناوەندی بڕیار و بەکارهێنانی چەکی دەوڵەت لە ناکۆکی سیاسیی ناوخۆ و شکاندنی باوەڕی پێکهاتەکانی عێراق لە یەکسانی و بەشداریی و هاوبەشی لە بڕیار و بەڕێوەبردنی وڵات، زیانێکی یەکجار زۆری بە پرۆسەی سیاسی و دامەزراوەکانی عێراق گەیاندووە." 
 
نێچیرڤان بارزانی پێیوایە: "ئەوانەی دەستووریان نووسیوە، سەر بە باوەڕ و نەتەوە و پێکهاتە جیاوازەکانی عێراق بوون و تەواوی داوای هەمووانیش لە دەستووردا نەچەسپێنراوە، بەڵام هەموویان لەو باوەڕەدابوون دەستوورێکی باشیان نووسیوە کە دەتوانێت عێراق بکاتە وڵاتی هەمووان و بیکات بە عێراقێکی فیدراڵی و دیموکراسی و پێشکەوتوو، بەڵام بەداخەوە دەستوور جێبەجێ نەکرا." 
 
حەوتەمین دیدارى سلێمانى بە دروشمی "دوای 20 ساڵ، عێراق و ناوچەکە لە نێوەندى ئاڵنگارییە جیهانییە نوێیەکاندا" رۆژانی 15 و 16ـی ئادار لەلایەن پەیمانگەى لێکۆڵینەوە هەرێمى و نێودەوڵەتییەکان (IRIS) لە زانکۆى ئەمریکى لە سلێمانى بەڕێوەدەبرێت.   
ده‌قى گوتاری نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان 
 
ئامادەبووانی بەڕێز. 
بەڕێز جەنابی سەرۆک وەزیرانی عێراق. 
بەڕێز جەنابی سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی عێراق. 
 
بەیانیتان باش، بەخێرهاتنتان دەکەم، سوپاسی برای بەڕێزم د. بەرهەم ساڵح و سەرۆکایەتيی زانکۆی ئەمه‌ریکی لە عێراق ـ سلێمانی ده‌كه‌م بۆ درێژەدان بە بەستنی ديدارى ساڵانەی سلێمانی.
 
له‌ يادى تاوانى كيميابارانكردنى هه‌ڵه‌بجه‌دا، سەری ڕێز لەبەردەم گیانی پاکی شەهیدانی هەڵەبجە دادەنەوێنین. هەموومان قەرزداری قوربانیدانی خەڵکی هەڵەبجەین. ساڵانێک بوو کارێکی زۆرمان کرد بۆ کردنی هەڵەبجە بە پارێزگا، بۆ ئەوەی قەرەبوو بکرێتەوە و خزمەتی خەڵکه‌كه‌ی بکرێت.
 
بەناوی خەڵکی هەڵەبجە و ته‌واوى هەرێمی کوردستانەوە، سوپاسێکی تایبەتی براى بەڕێزم محەممەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی فیدراڵیی عێراق ده‌كه‌م کە زۆر دڵسۆزانە کاری کرد بۆ تەواوکردنی ڕێكاره‌كان، هه‌روه‌ها سوپاسی هەموو ئەوانەی پێشتریش لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەكەم، كە كاریان كردووە بۆ ئەوەی هەڵەبجە ببێتە پارێزگای نۆزدەهەمی عێراق.
داوا له‌ حكوومه‌تى فيدراڵى ده‌كه‌م بودجەیەکی تایبەت تەرخان بکەن بۆ ئاوەدانکردنەوەی هەڵەبجە و قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانیان و برینداران. هه‌وڵه‌كانى حكوومه‌تى فيدراڵى و به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زيرانی عێراق بۆ بايه‌خدان به‌ هه‌ڵه‌بجه‌ و قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ى زيانلێكه‌وتووانى، هه‌نگاوێكی ده‌ستوورى و پاڵپشتيكراون به‌ بڕیارەکانی دادگا به‌رامبه‌ر به‌ تاوانبارانی ڕژێمی پێشووی عێراق. ئه‌وه‌ کارێکی تەواو دەستووری و یاساییيە کە بۆ خەڵکی هەڵەبجە بکرێت.
 
ئامادەبووانی بەڕێز..
 
ئێمە لە هەرێمی كوردستان بە تەواوی پشتیوانی لە حکوومەت و هەنگاوەکانی بەڕێز سەرۆک وەزیرانی فیدراڵیی عێراق دەکەین. لەوکاتەوەی كە دەستی بەکار کردووە، له‌سه‌ر بنه‌ماى ڕێككه‌وتنى هاوپه‌يمانيى به‌ڕێوه‌بردنى ده‌وڵه‌ت بۆ پێكهنانى حكوومه‌ت وه‌ك نه‌خشه‌ڕێگه‌يه‌ك، هەوڵی داوە دۆخی ئارامی سیاسی لە عێراق دروست بکات، هەروەها بایەخی بە هەموو ناوچە و پێکهاتەکانی عێراق داوە و هیوادارین ئەو ڕێككەوتن و یاسایانەش جێبەجێ بكات.
 
ئەو ڕێککەوتنەی لە چوارچێوەی پڕۆژەیاسای بودجەدا كرا، بۆ هه‌موو عێراق به‌ هه‌رێمى كوردستانيشه‌وه‌، کارێکی زۆر باشە و جێگەی دەستخۆشییە بۆ حکوومەتی فیدراڵیی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان. چاوه‌ڕێين ئه‌و ئاراسته‌يه‌ به‌رده‌وام بێت و ياساى نه‌وت و غازيش به‌ هه‌مان گيانى هاوكاریی هه‌ردوولا ده‌ربچێت.
 
ئاماده‌بووانى به‌ڕێز..
 
(20) ساڵ بە سەر “پرۆسەی ئازادیی عێراق”دا تێپەڕی و ئەم ديداره‌ دەرفەتێکی باشه‌ بۆ هەڵسەنگاندنێکی گرنگ کە سوودی هەبێت بۆ داهاتوو. به‌ڵام زۆر گرنگە هەڵسەنگاندن دوور بێت لە تۆمەتبارکردنی یەکتر لەسەر شکستەکان. چونکە ئەمە شێوازێکی بەسوود نییە و هەموومان لە شکستەکاندا بەشدارین، هەمووشمان پێکەوە لە سەرکەوتنەکاندا بەشدارین، زۆر بن ئەو سەركەوتن و شكستانە، یاخود كەم بن.
 
(20) ساڵی ڕابردوو، وێڕاى هه‌موو كه‌موكوڕييه‌كان، جیاواز بوو لە سەردەمی دیکتاتۆری. لانیکەم خه‌ڵكى عێراق ئازادی بەکار‌هێنا بۆ نیشاندانەوەی زیندوویيی خۆی لە ناوچەکەدا. قۆناغی ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی هه‌ر لە کۆنگرەی لەندەن و سەڵاحەدینه‌وه‌، تاکو دامەزراندنی ئەنجومەنی حوکم و نووسینەوەی دەستوور سەرکەوتوو بوو. بەڵام دوای ئەوە، لادان و هەڵەکان وردە وردە دەستیان پێکرد و بوونە تەنگژەی گەورە، ئه‌وه‌ش بەهۆی نەمانی گفتوگۆی بنیانتەرى لایەنەکان و جێبەجێنەکردنى دەستووری عێراقی‌.
 
ئامانجی عێراقییەکان لە دروستکردنی عێراقێکی دیموکراتی، فرەيی، مەدەنی و سەقامگیر، تووشی شکستێكی گەورە بوو. لەبەرئەوە بەشداریی خەڵک لە پرۆسەی دیموکراسیدا زۆر کەم بووەوە، ئەمەش کاریگەرییەکی زۆر مەترسیداری هەیە بۆ سەر داهاتووى پرۆسەی دیموکراسی، بەتایبەتی کە عێراق له‌ ڕابردوودا ملیۆنان کەس و ملیارەها دۆلاری بەهۆی دیکتاتۆرییەوە لەدەستدا و دەیان ساڵی تەمەنی نەوەکانی خستە ناو توندوتیژی و جەنگەوە.
 
کۆمەڵگەی مەدەنی و مافە مەدەنییەکانی خەڵک و ژنان بەتایبەتی، زیانێکی گەورەیان لێدرا. ئەمە جارێکی دیکە ڕێگرییەکی گەورەی دروست کرد لەبەردەم پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی و ژیانێکی سەردەمیانە لە عێراق. ئەمە زیانێکی زۆری بە توانای دەستپێشخەری و داهێنانی عێراقییەکان گەیاندووە.
 
دڵنیاتان دەکەمەوە ئەگەر مافە مەدەنییەکان بە شێوەی چاوەڕوانکراو وه‌ك ئه‌وه‌ى له‌ ده‌ستووردا هه‌يه‌ بۆ خەڵکی عێراق دەستەبەر کرابان، ئێستا کۆمەڵگەیەکی زۆر داهێنەرمان دەبوو. کۆمەڵگەیەکی كامه‌رانمان لە عێراق دەبینی.
 
زۆربوونی ناوەندەکانی بڕیار، بەکارهێنانی چەکی دەوڵەت لە ناکۆکیی سیاسیی ناوخۆییدا، شکاندنی باوەڕی پێکهاتەکانی عێراق لە یەکسانى و به‌شدارى و هاوبەشى لە بڕیار و بەڕێوەبردنی وڵاتدا، زیانێکی یەكجار زۆری بە پرۆسەی سیاسی و دامەزراوەکانی عێراق گەیاندووە.
 
ئەوانەی دەستووریان نووسیەوە، سەر بە باوەڕ و نەتەوە و پێکهاتە جیاوازەکانی عێراق بوون. ته‌واوى داواى هه‌مووان لە دەستووردا نەنووسراوە و نەچەسپێندراوە، بەڵام هەموویان لەو باوەڕدا بوون دەستوورێکی باشیان نووسیوە کە دەتوانێت عێراق بکات بە وڵاتى هەمووان و بیکاتە عێراقێکی فیدراڵی و دیموکراسی و پێشکەوتوو.
 
بەداخەوە دەستوور جێبەجێ نەکراوە. ساڵی 2017 لە هەرێمی کوردستان، لیژنەیەکی پسپۆڕ (57) مادەی دەستووريی په‌يوه‌ست به‌ سيستمى فيدراڵى و مافه‌كانى هه‌رێمى كوردستان ده‌ستنيشان كرد کە تا ئێستاش جێبەجێ نەکراون! بەو هۆیەوە خەڵکی هەرێمی کوردستان هەست ناکەن سیستەمی فیدراڵيی عێراق جێبەجێ کرابێت. ئەگەر فيدراڵى بەپێی دەستوور جێبەجێ بکرابا، خەڵکی هەرێمی کوردستان و هەموو عێراق، ئێستا هەستیان بە یەکسانی و هاوبەشییەکی ڕاستەقینە دەکرد.
 
زۆر کەس، هه‌رێمى کوردستان بە جێبەجێنەکردنی دەستوور تۆمەتبار دەکەن! دوای (20) ساڵ ناڵێین ئێمە لە هەرێمی كوردستان بێ هەڵە بووین. هه‌موومان له‌ عێراق هەڵەمان کردووه‌، بەڵام ده‌بێ سوود له‌ هه‌ڵه‌كانى ڕابردوو وه‌ربگرين. سەرۆک مەسعوود بارزانی و خوالێخۆشبوو سەرۆک مام جەلال تاڵەبانی، زۆر هه‌وڵيان دا بۆ جێبەجێکردنی دەستوور.
 
سەرۆک بارزانی چەندین جار هۆشدارى دا کە دەستوور وەلانراوە و ئەمە عێراق تێکدەدات. سه‌ركردايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان هەستیان بە بەرپرسیاريه‌تییەکی زۆر دەکرد بۆ جێبەجێبوونی دەستوور، وەک وەفادارییەک بۆ هەموو پێکهاتەکانی عێراق. ئێستاش ئاماده‌ى هەموو شتێكين بۆ ڕاسته‌ڕێكردنه‌وه‌ى دەستوور. دواى (20) ساڵ ده‌بێ هه‌موومان به‌ر‌پرسياريه‌تيى هاوبه‌ش هه‌ڵبگرين و چاره‌سه‌رێكی مامناوه‌ندى وا بدۆزينه‌وه‌ كه‌ هه‌مووان لەم وڵاتەدا خۆیان بە سەركەوتوو بزانن لە پرۆسەی سیاسیدا.
بەڕێزان. 
 
گۆڕانی كه‌شوهه‌وا تاکو ساڵی (2050) دەبێتە هۆی ئەوەی ملیارێك و دوو سەت ملیۆن كه‌س ناچار بن لە شوێنەکانیان کۆچ بکەن. بەداخەوە بەپێی لێکۆڵینەوەکانی بانکی جیهانی و نەتەوەیەکگرتووەکان، عێراق یەكێک لەو پێنج وڵاتانه‌يه‌ كه‌ زۆرترین کاریگەری لەسەر دەبێت.
 
ئەمە بابه‌تێكى زۆر جددى و ژيارييه‌، دەبێ گفتوگۆی نێوانمان زۆر بکات بۆ دۆزینەوەی چارەسەر. دەبێ گفتوگۆى زۆر لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە بکەین، بەتایبەتی تورکیا و ئێران بۆ کەمکردنەوەی زیانەکانی ئه‌م گۆڕانه‌ و کەمئاوی لەسەر عێراق. كۆنفرانسى هه‌فته‌ى ڕابردوو له‌ به‌سرا و پشتگيريى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان و وڵاتانى دۆست له‌ به‌رنامه‌ و هه‌نگاوه‌كانى عێراق، مايه‌ى خۆشحاڵييه‌.
 
مەترسییەکی دیکە لە عێراق، پشتبەستنە بە نەوت وەک سەرچاوەی سەرەکيی داهات. بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوه‌، هەوڵە خێراکانی گۆڕینی سەرچاوەکانی وزە و شێوەی ژیان لە جیهان، ژیانی خەڵکی عێراق لە داهاتوودا دەکەوێتە ژێر مەترسییەکی یەکجار گەورەوە. بەتایبەتیش کە ژمارەی دانیشتووانى زۆر گەورە ده‌بێت و زیاتربوونی بەشی به‌كارخستن لە بودجەدا، ئەرکی حکوومەتی فیدراڵی زۆر قورس کردووە.
 
عێراق پێویستی بە پلانێکی ستراتیژی و پرۆژەی زۆر و جیاوازە. دەبێ پارەیەکی زۆر لە پرۆژەی ستراتیژیدا خەرج بکات بۆ ئه‌وه‌ى وڵاته‌كه‌ به‌ سه‌لامه‌تى بۆ ژیان بمێنێته‌وه‌. بەڵام خەرجکردنی داهات لە مووچە کە ئەویش بەشی هەرە زۆری بۆ کڕینی پێداویستییەکان دەچێتە دەرەوە، وادەکات مەترسییەکە زیاتر ببێت.
 
ئاماده‌بووانى به‌ڕێز..
 
عێراق خاوه‌ن ده‌وڵه‌مه‌ندييه‌كى گه‌وره‌ى مرۆيى و سروشتييه‌. ده‌كرێ به‌ باشترين شێوه‌ بقۆزرێته‌وه‌ تاكو ببێته‌ يه‌كێك له‌ وڵاته‌ پێشكه‌وتووه‌كان و شوێن و پێگه‌ى شايسته‌ى خۆى له‌ ناوچه‌كه‌ و له‌ جيهانيش وه‌ربگرێت. ببێته‌ ياريكه‌رێكى ديار كه‌ ڕۆڵى كاريگه‌ر له‌ چه‌سپاندنى ئارامى و سه‌قامگيرى و ئاشتيدا بگێڕێت و ببێته‌ ناوه‌ندێكى به‌رچاوى ناوچه‌كه‌.
 
بۆ عێراقێكى ئاوا كە دەمانەوێت، ده‌بێ عێراقييه‌كان به‌ هه‌موو پێكهاته‌كانييه‌وه‌، پێكه‌وه‌ كار بكه‌ن، به‌رپرسياريه‌تيى هاوبه‌ش هه‌ڵبگرن. ئامانج و ئه‌جێندايه‌كى كۆكه‌ره‌وه‌ى نيشتمانيى عێراقى كه‌ به‌رژه‌وه‌نديى باڵاى وڵات بپارێزێت، هه‌موومان كۆبكاته‌وه‌.
هه‌موو پێكهاته‌كان له‌ هه‌ر نه‌ته‌وه‌ و ئايين و مه‌زهه‌بێك بن، ده‌بێ هه‌ست بكه‌ن عێراق وڵاتى خۆيانه‌. ده‌بێ هه‌موومان پێكه‌وه‌ كار بكه‌ين، بۆ ئه‌وه‌ى له‌ عێراق ئه‌جێنداى عێراق سه‌ركه‌وێت. ئيراده‌ و بڕيار و سه‌روه‌ريى عێراق و عێراقييه‌كان، پارێزراو بێت.
 
له دۆخى ئێستاى سياسى و ئه‌منى و ئابووريى‌ ناوچه‌كه‌ و جيهاندا، عێراق به‌ هه‌رێمى كوردستانيشه‌وه‌، له‌گه‌ڵ ته‌حه‌دى و ده‌رفه‌تى گه‌وره‌دا ڕووبه‌ڕووه‌. ئێستا كاتى گفتوگۆيه‌كى ڕاشكاوانه‌ و ئازايانه‌يه‌. كاتى ئه‌وه‌يه‌ له‌ عێراق پێكه‌وه‌ هه‌موومان به‌ ڕوانگه‌يه‌كى هاوبه‌شەوە سه‌يرى داهاتووی ئەم وڵاتە بكه‌ين.
 
به‌ پێكه‌وه‌كاركردن و ته‌بايى و يه‌كڕيزى، به‌ هاوكارى و به‌پرسياريه‌تيى هاوبه‌ش، ده‌توانين هه‌موو سه‌ختى و ته‌حه‌دييه‌كان تێپه‌ڕێنين. ده‌رفه‌ته‌كانيش بۆ ئێستا و بنياتنانى داهاتوويه‌كى باشتر، وڵاتێكى به‌هێز و پێشكه‌وتوو، بقۆزينه‌وه‌.
 
له‌ هه‌رێمى كوردستانيش ده‌بێ به‌ گيانى يه‌كڕيزى و ته‌بايى و پێكه‌وه‌يى، كێشه‌ و ناكۆكييه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ين. له‌مباره‌يه‌وه‌ هه‌وڵ و هه‌نگاوه‌كانى لايه‌نه‌ سياسييه‌كان بۆ نه‌هێشتنى ته‌گه‌ره‌كانى به‌رده‌م هه‌ڵبژاردن، دڵخۆشكه‌رن.
 
ئێمه‌ له‌ سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان له‌ كار و هه‌وڵه‌كانمان به‌رده‌وام ده‌بين بۆ تێپه‌راندنى كێشه‌ و ناكۆكييه‌كان. پێكه‌وه‌ كار ده‌كه‌ين بۆ ئه‌وه‌ى واده‌ى هه‌ڵبژاردن ديارى بكه‌ين و پرۆسه‌كه‌ له‌ كاتى خۆيدا به‌ڕێوه‌ بچێت.
 
جارێکی دیکە لە سلێمانییەوە بەخێرهاتنی هەموولایەكتان دەکەم. زۆر سوپاس
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە