رووداو دیجیتاڵ
حیزبێکی نوێ کە ئیسلامییە، بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە فەرمی خۆیان تۆمار کردووە و سبەی لە سلێمانی کۆنگرە دەکەن. گوتەبێژەکەیان دەڵێت، داوایان لێکراوە بۆ هاوپەیمانی، بەڵام بەهۆی "کەمیی کات"ـەوە هاوپەیمانییان نەکردووە.
پەیوەندیی ئیسلامیی کوردستان، ناوی حیزبە نوێیەکە و لەلایەن کامیل حاجی عەلی، یەکێک لە بەرپرسە باڵاکانی پێشووی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستانەوە سەرۆکایەتی دەکرێت.
د. محەممەد بازیانی، گوتەبێژی بزووتنەوەی پەیوەندیی ئیسلامیی کوردستان، رۆژی هەینی 15-03-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە 11ـی ئادار ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن لە عێراق مۆڵەتی حیزبەکەمانی واژۆ کرد، هەمان رۆژ بۆ بەشداربوون لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان حیزبەکەمان تۆمار کرد".
تاوەکو ئەمڕۆ تەنیا دوو هاوپەیمانیی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کراوە. محەممەد بازیانی دەڵێت، ئەوان بەهۆی ئەوەی رێکارەکانی وەرگرتنی مۆڵەتیان درەنگ کۆتایی هاتووە، هەرچەند داوای هاوپەیمانییان لێکراوە دەرفەتیان نەبووە بەشداریی بکەن و وەکو حیزبێکی سەربەخۆ بەشداریی هەڵبژاردن دەکەن.
بزووتنەوەی پەیوەندیی ئیسلامیی کوردستان زۆرینەیان پێشتر لە بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان کاریان کردووە و لە دوایین کۆنگرەی حیزبەکەدا جیابوونەوە.
گوتەبێژی بزووتنەوەی پەیوەندیی ئیسلامیی کوردستان گوتی، سبەی کاژێر 11:00 لە هۆڵی تەلاری هونەر لە شاری سلێمانی، یەکەم کۆنگرەی خۆیان بە بەشداری زیاتر لە هەزار و 200 ئەندام دەبەستن.
کۆنگرەکە بە سەرپەرشتی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق دەبێت و لە یەک رۆژدا رابەری گشتیی و ئەندامانی سەرکردایەتی "نوێ" هەڵدەبژێرێن.
بەربژێر بۆ رابەری گشتیی حیزبەکە کامیل حاجی عەلییە. محەممەد بازیانی دەڵێت، بەکۆی دەنگ وەکو رابەری گشتیی هەڵیدەبژێرن.
بزووتنەوەی پەیوەندیی ئیسلامیی کوردستان، ساڵی 1978 دامەزراوە، دواتر بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان لەو حیزبەوە دروستبووە و حیزبەکە خۆی نەماوە، ئێستا جارێکی دیکە بە ناوی ئەو حیزبەوە بە فەرمی دەستبەکار دەکەنەوە، کە کامیل حاجی عەلی یەکێک لە دامەزرێنەرانی بووە.
03-10-2023 کۆنگرەی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان بەڕێوەچوو. عیرفان عەبدولعەزیز بە فەرمی بە رابەر هەڵبژێردرایەوە و کامیل حاجی عەلی و کۆمەڵێک لە بەرپرسانی دیکەی حیزبەکە کۆنگرەکەیان بایکۆت کرد و دواتر رایانگەیاند، لەژێر ناوی حیزبێکی نوێدا بەناوی "بزووتنەوەی پەیوەندیی ئیسلامی" کار دەکەن.
ئەمە لەکاتێکدایە، بۆ هەڵبژاردنە تاوەکو ئەمڕۆ دوو لایەنی سیاسیی نوێ دروستبوون و بڕیارە بە سەربەخۆیانە بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکەن. ئەوانیش "بەرەی گەل" بە سەرۆکایەتیی لاهوور شێخ جەنگی و "هەڵوێستی نیشتمانی"یە بە سەرۆکایەتیی عەلی حەمەساڵح.
بەشداربوونی ئەو حیزبە ئیسلامییە لەکاتێکدایە، بڕیارە یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان و بزوووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان و کۆمەڵی دادگەریی کوردستان بە جیا بەشداری هەڵبژاردن بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ