رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە دوایین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستاندا بە کۆی دەنگی وەزیرەکان بڕیاردرا مامەڵەی بەغدا لەگەڵ هەرێمی کوردستان رەتبکرێتەوە.
ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ هەینی بە میدیای گۆڕانی راگەیاند، "لە دوایین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا باسی بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی کرا و بڕگەیەکیش بۆ دابەشکردنی مووچە تەرخان کرا. بە کۆی دەنگی وەزیرانی سەرجەم لایەنە سیاسییەکانیش بڕیاردرا مامەڵەی بەغدا لەگەڵ هەرێمی کوردستان رەتبکرێتەوە."
رۆژی چوارشەممە 13-03-2024 ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
دوای کۆبوونەوەکە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی خستەڕوو و رایگەیاند، وەزیری دارایی و ئابووری لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژەی دا بەوەی کە وەزارەتەکەی داوای پارەدارکردنی تەواوی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کردبوو، "بێ جیاوازی بۆ مانگی شووباتی 2024 بە بڕی (949,813,146,170) ملیار دینار."
بەڵام وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ "تەنيا بڕی 569 ملیار و 219 ملیۆن دیناری تەمویل کردووە کە دەکاتە رێژەی تەنيا (%59) لە کۆی گشتی مووچەی هەرێمی کوردستان، ئەمەش وا دەکات کورتهێنان لە پێدانی مووچەی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی شووبات دروست ببێت."
لەبارەی ئەو بابەتە ئاوات شێخ جەناب بە میدیای گۆڕانی گوت، "مامەڵەکردنی وەزارەتی دارایی عێراق بەرامبەر بە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان پێچەوانەی بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵییە. بڕیارەکانی دادگەکە باس لەوە دەکەن کە سەرجەم مووچەخۆرانی عێراق، بە هەرێمی کوردستانەوە، بە یەک جۆر مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت."
وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت، حکومەت پێویستی بە زیاتر لە 940 ملیۆن دینارە بۆ ئەوەی مووچەی سەرجەم مووچەخۆرانی پێ دابەش بکات، بەڵام ئەو پارەیەی کە بەغدا ناردوویەتی 560 ملیۆن دینارە و مووچەی شەهیدان، دامەزراوە ئەمنییەکان، هەر سێ سەرۆکایەتییەکە و 307 هەزار ئەندامی دەزگا ئەمنییەکانی نەناردووە.
ئاوات شێخ جەناب ئاماژە بەوەش کرد، حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرجەم لیستی مووچەخۆرانی بۆ بەغدا ناردووە و ئەوەش لەلایەن تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراقەوە بەبێ کێشە ناوبراوە و بەو جۆرەش وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان هیچ پاساوێکی نەناردنی مووچەی بۆ بەغدا نەهێشتووەتەوە.
وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان گوتیشی، داهاتی نێوخۆ 374 ملیار دینارە، بەڵام بەشێکی لە فەرمانگەکاندا چەکە و کاش نییە؛ بەشێکی دیکەی وەک داهات هەژمار دەکرێت، بەڵام بەشێوەی قەرزی ئاو، کارەبا و قەرزەکانی دیکەیە کە لای هاونیشتمانییانە و بەشێوەی کاش ناگەڕێتەوە بۆ گەنجینەی حکومەت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ