پارتی 500 سیڤی پێگەیشتووە و یەکێتیش بەربژێرەکانی یەکلادەکاتەوە

15-03-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداوی دیجیتاڵ 

تەنیا هەفتەیەک لە بەردەم لایەنەکان ماوە بۆ ناردنی لیستی 100 بەربژێر بۆ کۆمیسیۆن و دیاریکردنی بەربژێرانیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بەپێی مەرجەکانی بەربژێربوونیش، نابێت هیچ لیستێک لە دوو بەربژێر کەمتری هەبێت. 
 
پارتی لە دهۆک 500 سیڤی بەربژێربوونی بۆ هاتووە و یەکێتیش ئەمڕۆ هەینی کۆدەبێتەوە و تاوتوێی بڕیاردان لەبارەی دیاریکردنی لیستەکەی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات. 
 
ئەمە دووەم کۆبوونەوە و گفتوگۆی مەکتەبی سیاسیی یەکێتییە لەبارەی دیاریکردنی بەربژێران. ئەرکان عەلی، پەیامنێری رووداو لە سلێمانی ئاماژەی بەوەکرد، یەکێتی لە هەینیی داهاتوو بەربژێرەکانی یەکلایی دەکاتەوە.  
 
 
بەپێی رێکارەکانی کۆمیسیۆن، هەر حیزبێک دەبێت 100 بەربژێری هەبێت و کۆتای ژنانیش دیاری بکات. بەوپێیەش، ماوەیەکی کەم لە بەردەم حیزبەکانە بۆ دیاریکردنی بەربژێران.
 
مەرجە سەرەکییەکانی کۆمیسیۆن بەمشێوەیەن: 
 
- هاونیشتیمانیی هەرێمى کوردستان بێت
- نیشتەجێى ئەو بازنەیە بێت کە خۆى تێدا بەربژێرکردووە  
- دەبێت تەمەنی بەربژێر گەیشتبێتە 25 ساڵ
- نووسین و خوێندنەوە بزانێت
- لەسەر تاوانی گەندەڵى، رەوشتى، دزى و کوشتن سزانەدرابێت
- بەشدار نەبووبێت لە تاوانەکانى رژێمى بەعس
- بەربژێران لە دوو ئەوەندەى ژمارەى کورسیی بازنەکان زیاتر نەبن
- نابێت لیستەکان لە دوو بەربژێر کەمتربن 
- دەبێت 30٪ـی لیستەکە بەربژێری ژن بن
- بەربژێرى تاک ناتوانێت لە ماوەى رادەستکردنى لیستەکان بکشێتەوە 
 
500 سیڤی بۆ بەربژێرکردن لەلایەن پارتییەوە
 
لە دهۆک کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن هاوپەیمانێتییەکانی وەرگرت، هەفتەیەکیشی داناوە بۆ تۆمارکردنی لیستی بەربژێران. 
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، تاوەکو ئێستا 500 کەس لە سنووری پارێزگای دهۆک سیڤییان رادەستی لیژنە و لقەکانی پارتی کردووە، تەنیا لە یەک هۆز 21 کەس سیڤیان پێشکێش کردووە. 
 
لە ناحیەکى بچووکى سنوورى دهۆک 100 کەس سیڤیی خۆیان رادەستى پارتى کردووە بۆ ئەوەی ببنە بەربژێر.
 
بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی قەوارەی یەکێتی دەبێت لە هەڵبژارد
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی سەرپەرشتیی هەڵمەتی هەڵبژاردنی حیزبەکەی دەکات و خۆی سەرۆکی قەوارەکەیە، لە پارێزگا جیاوازەکانیش، سەرپەرشتیاری هەڵمەتی هەڵبژاردن دادەنێت کە بۆ هەولێر، شاڵاو کۆسرەت رەسوول دەبێت.  
 
ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردن لەکاتێکدان، 3ـی ئەم مانگە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە فەرمانێک 10ـی حوزەیرانی ئەم ساڵی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد.
 
دوای فەرمانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، هەیمان تەحسین، بەڕێوەبەری گشتیی پارت و رێکخراوەکان لە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە بە هاوئاهەنگی ئێمە بووە. کاتەکە گونجاوە و بێ کێشە لەو کاتەدا بەڕێوەدەچێت."
 
لە خولی پێشوودا پەرلەمانی کوردستان 111 کورسی هەبوو کە 11یان کۆتای پێکهاتەکان بوون.
 
لەم هەڵبژاردنەدا بەگوێرەی فەرمانی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق کە 21ـی شوباتی 2024 دەریکرد، کورسی پێکهاتەکانی بە "نادەستوور"ـی پێناسە کرد. بەگوێرەی ئەو بڕیارە، هەڵبژاردنی ئەمجارە 100 کورسی دەبێت و کۆتای پێکهاتەکانی تێدا نامێنێت.
 
هەروەها ئەم هەڵبژاردنە جیا لە پێشتر بە چوار بازنە دەبێت و دەنگدەری پارێزگایەک ناتوانێت دەنگ بە بەربژێری پارێزگایەکی بەدەر لە پارێزگاکەی خۆی بدات.
 
100 کورسییەکەی پەرلەمان بەمشێوەیە دابەشی سەر بازنەکان لە پارێزگاکاندا کراوە:
 
سلێمانی 38 کورسی
 
هەولێر 34 کورسی
 
دهۆک 25 کورسی
 
هەڵەبجە 3 کورسی

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پارتی و یەکێتی لە پیرمام

ئەنجامی کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی؛ "پرسەکان دەبرێنەوە مەکتەبی سیاسی و تاوتوێ دەکرێن"

شاندی دانوستاندنکاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و تیمی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبوونەوە و بەستەڵەکی نێوانیان لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی عێراقەوە تاوەکو ئێستا تواندەوە.