رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێت، حکومەت پلانی هەیە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا سوود لە وزەی خۆر وەربگرێت و لەو چوارچێوەیەشدا بڕیارە 500 مێگاوات کارەبا لە ئیلام بەرهەم بهێندرێت.
ئەحمەد کەرەمی، پارێزگاری ئیلام لە گوتەیەکدا لە شاری ئیلام ئاماژەی بە کێشەی کورتهێنانی کارەبا لە ئێران و پارێزگای ئیلام کرد و رایگەیاند، پێویستە لە پێناو باشترکردنی دۆخی ئابووریی وڵات، کێشەکە هەرچی زووە چارەسەر بکرێت.
ئەحمەد کەرەمی گوتی: "لە سەردەمی کۆرۆنادا توانایەکی نوێ لە وڵات دەستیپێکرد و پەرەی پێدرا، وەک پەروەردەی ئەلیکترۆنی. خەریکە لە بابەتی ناهاوسەنگیی وزەشدا توانایەکی نوێ دەست دەخرێت. پلانی حکومەت بریتییە لە بەرهەمهێنانی 30 هەزار مێگاوات کارەبا بە وزەی خۆر کە پشکی ئیلام لەم پلانەدا بەرهەمهێنانی 500 مێگاوات کارەبایە."
پارێزگاری ئیلام باسی لە چارەسەرکردنی کێشەکانی بەرهەمهێنەران کرد و رایگەیاند: "تاوەکو ئاسانکاری زیاتر بۆ بەرهەمهێنان بکەین و بەربەستەکانی بەردەم بەرهەمهێنان زیاتر لابەرین، بەشداریمان لە خۆشگوزەرانیی ئابووری و گەشەپێدانی پارێزگاکە زیاتر دەبێت و ئەوەش دەبێتەهۆی باشترکردنی کواڵیتی خزمەتگوازرییەکان بۆ بەکاربەران".
ئێران لە هاوینی پارەوە تووشی کورتهێنانی گاز و کارەبا بووە و حکومەتی ئەو وڵاتە بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکە چەندین رێکاری وەک کەمکردنەوەی گاز و کارەبا بۆ ماڵان و کارگەکان گرتووەتەبەر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ