رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان، لە ئەمڕۆوە تاوەکو 18ـی ئادار لە زۆربەی شاری سلێمانی کارەبای نیشتمانی 24 کاژێر دەبێت. بەرپرسێکی کارەبا ئەو گەڕەکانە دیاری دەکات کارەبا 24 کاژێرییەکە نایانگرێتەوە.
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستاندا هاتووە: "لە سەنتەری شاری سلێمانی تاقیکردنەوەی گوشاری سەر تۆڕی کارەبای نیشتمانی لە ئەمڕۆ شەممە کاژێر 13:00 دەستپێدەکات تاوەکو 18ـی ئەم مانگە، لەم نێوەدا کارەبای نیشتیمانی بەردەوام کارا دەبێت".
ئەمڕۆ شەممە، بەرپرسێکی باڵا لە کارەبای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بڕیارەکە گەڕەکەکانی نێو شەست مەتری دەگرێتەوە و ئەوانەی دەرەوەی شەست مەتری و یەکەکانی نیشتەجێبوون ناگرێتەوە".
بەگوێرەی کارەبای سلێمانی بۆ رووداو، کارەبای 24 کاژێری ئەم گەڕەکانەی خوارەوە ناگرێتەوە:
- کوردسات
- چوارچرا
- راپەڕین بەری بەرامبەر فڕۆکەخانە
- قولەرەیسی
- هوانە
- تانجەڕۆ
- ئاوبارە
- کانی گۆمە
- خەلیفاوە
وەزارەتی کارەبا دەڵێت: "ئەم تاقیکردنەوەیە رێکارێکی رۆتینیە بۆ دۆزینەوە و دیاریکردنی کێشە و خاڵە لاوازەکانی سەر تۆڕەکانی گواستنەوە و دابەشکردنی کارەبا کە وەزارەتی کارەبا ئەنجامی دەدات".
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، تاقیکردنەوە بۆ ئامادەکاریی کارەبای 24 کاژێریی هەمیشەییە لەچوارچێوەی (پڕۆژەی رووناکی)دا، بەڵام لەو چوار رۆژەدا کارەبا بەنرخی پێشوو دەبێت نەوەک نرخی پڕۆژەی رووناکی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ