بارەگای یونامی لە هەولێر رادەستی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرایەوە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

دوای کۆتاییهاتنی ئەرکەکانی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوکاریی عێراق (یونامی)، ئەمڕۆ بە شێوەیەکی فەرمی بارەگای نێردەکە لە هەولێر رادەستی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرایەوە.
 
رۆژی یەکشەممە، 15-03-2026، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە غولام ئیسحاقزای، رێکخەری نیشتەجێ و کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و شاندێکی یاوەری کرد. کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە رێکارەکانی کۆتاییهێنان بە ئەرکی یونامی و رادەستکردنەوەی بارەگاکەیان لە هەولێر.
 
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، لە دیدارەکەدا سەفین دزەیی کورتەیەکی لەسەر بارودۆخی هەرێمی کوردستان و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە خستەڕوو، هیوای خواست "ئاشتی و سەقامگیری جێگەی شەڕ و ململانێ بگرێتەوە."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە سوپاسی رۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکانی کردووە لە پشتگیریکردنی پرۆسەی دیموکراسی، سەروەریی یاسا، حوکمڕانیی باش و پەرەپێدانی تواناکان لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا لەماوەی ساڵانی رابردوودا.
 
لای خۆیەوە، غولام ئیسحاقزای سوپاسی هاوکاریی بەردەوامی دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ سەرخستنی پڕۆژەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و رایگەیاند: "هیوادارین حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام بێت لە هەماهەنگی لەگەڵ ئاژانسەکانی دیکەی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە هەرێمی کوردستان دەمێننەوە و درێژە بە کارەکانیان دەدەن."
 
هەر لە چوارچێوەی سەردانەکەدا، لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەولێر، یاداشتنامەی رادەستکردنەوەی بارەگاکە لە نێوان سەفین دزەیی و غولام ئیسحاقزای واژۆکرا و بەوەش بارەگاکە بە فەرمی گەڕایەوە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی کەشی ئاسمانی دهۆک. وێنە: رووداو/ئەرشیڤ

زۆرترین و کەمترین رێژەی بارانبارین لە هەرێمی کوردستان لە 24 کاژێردا

کەشناسیی هەرێمی کوردستان ئاماری 24 کاژێری بارانبارینی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، زۆرترین بڕی باران لە قەزای مێرگەسۆر لە پارێزگای هەولێر باریوە کە 93 ملیمەترە؛ ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەمڕۆ بارانبارین بەردەوام دەبێ و چەند ناوچەیەکی دیاریکردووە کە مەترسی لافاویان دەبێت