رووداو - هەولێر
هاونیشتمانییەک بەناوی محەممەد یابە سۆفی کە پارێزەرە لە شاری هەولێر لەلایەن چەند کەسێکەوە "رفێندراوە و دوای ئەشکەنجەیەکی زۆر" ئازاد کراوە، ئەوە بە گوتەی برایەکی.
ئەمڕۆ شەممە 15ـی نیسانی 2023، یونس یابە، برای ئەو پارێزەرە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کاژێر 11:00ـی شەوی رابردوو براکەم لە گەڕەکی شێخ ئەحمەد لە ماڵەکەی خۆی لەلایەن چەند چەکدارێکەوە رفێندرا و دوای ئەشکەنجەیەکی زۆر لە نزیکی ماڵی خۆی ئازاد کرا".
یونس یابە دەڵێت: "دوژمنایەتی و کێشەی کەسییمان لەگەڵ هیچ کەسێک نییە؛ ئەوەی روویداوە بەهۆی بابەتێکی کۆمەڵایەتییەوە بووە لەنێوان دوو کەسدا کە دیارە براکەم پارێزەری یەکێکیان بووە و بەشێوەی یاسایی کارەکانی کردووە، بەڵام لایەنەکەی دیکە رفاندویەتی و ئەشکەنجەی داوە".
یونس یابە دەڵێت، جگە لە ئەشکەنجەدان، چەکدارەکان سەری پارێزەرەکەیان تاشیوە و دەڵێت: "بەداخەوە سەرتاشینیش خەریکە دەبێتە نەریتێک بۆ سووکایەتیکردن بە خەڵک".
بە گوتەی یونس یابە، برا پارێزەرەکەی سەرەتا تەندروستی زۆر خراپ بووە و لەژێر چاودێریی چڕی پزیشکیدا بووە، بەڵام ئەم بەیانییە دۆخی تەندروستی باشتر بووە و دەتوانێت قسە بکات.
دوای ئەوەی پارێزەرەکە توانیویەتی قسەبکات، هێزە ئەمنییەکان گوتەیان لێوەرگرتووە. یونس یابە دەڵێت: "سکاڵای یاسایی تۆمار دەکەین؛ ئێمە دەزانین لایەنی بەرامبەرمان کێیە. ئەگەر یاسا سەروەر بێت، کەسانێک بە ئاشکرا و بە چەکدارەوە ناتوانن خەڵک بڕفێنن و ئەشکەنجەی بدەن".
تاوەکو ئێستا هێزە ئەمنییەکان لەبارەی رووداوەکە هیچ روونکردەنەوەیەکیان بڵاونەکردووەتەوە. برای پارێزەرەکە دەڵێت، ئەوانیش نازانن بەهۆی رووداوەکەوە کەس دەستگیرکراوە یان نا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ