پیاوێکی 69 ساڵ هەشت رۆژە بێسەروشوێنە؛ جەڵتەی مێشک لێیداوە و نەخۆشیی لەبیرچوونەوەشی هەیە

16-04-2024
فەرهاد دۆڵەمەری
فەرهاد دۆڵەمەری @farhaddolamari
وێنەیەکی فایەق بابە عەبدوڵا
وێنەیەکی فایەق بابە عەبدوڵا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

فایەق بابە عەبدوڵا، پیاوێکی تەمەن 69 ساڵە و هەشت رۆژە لە هەولێر بێسەروشوێنە، ئەو پیاوە لە ماڵی خۆیان چووەتە دەرەوە و نەگەڕاوەتەوە.
 
بەرگریی شارستانیی هەولێر لە رێگەی چوار تیمی پێنج کەسییەوە یەکەم رۆژی هەڵمەتی گەڕانیان بەدوای ئەو پیاوە بەتەمەنە  لە کەندی نزیک گەڕەکی رۆشنبیری دەستپێکرد، بڕیارە هەڵمەتەکەیان بەردەوام بێت تاوەکو بگەن بە سەرەداوێک. 
 
موقەدەم کاروان میراودەلی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر بە رووداوی گوت، "بەداخەوە هەر چەندە درەنگ بەرگریی شارستانی لە ونبوونی ئەم پیاوە ئاگادارکراوەتەوە، بەڵام ئێمە بە پشتبەستن بە زانیاریی کەسوکاری لەگەڵ ئەو کەسانەی کە بینویانە، دەستمانکردووە بە گەڕان بەدوای فایەق و بەردەوام دەبین."
 
بەپێی دیمەنی کامێراکانی چاودێریی گەڕەک، فایەق بابە عەبدوڵڵا رۆژی 8ـی ئەم مانگە بەخۆی و گۆجانێکەوە لە ماڵ دەرچووە و گەیشتووەتە بەردەم دادنووسی دارەتوو، بەڵام لەوێ لە چاوی کامێرا ونبووە و لە هیچ کامێرایەکی دیکە دەرنەکەوتووە. ئەو پیاوە بەتەمەنە ساڵێکە جەڵتەی مێشک لێیداوە و نەخۆشیی لە بیرچوونەوە و رەبۆشی هەیە.
 
عەبدولستار فایەق، کوڕە بچووکی فایەق دەڵێت، "نەخۆشخانە حکومییەکان و نەخۆشخانە ئەهلییەکان هەمووی گەڕاوین، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ سۆراخێکی نەبووە، تەنانەت چوومەتە گوندەکانی دەورووبەری هەولێریش، هیچ سەرەداوێکمان بەدەست نەکەوتووە."
 
منداڵەکانی و کەسوکارەکەی زیاتر لە هەفتەیەکە ماڵ بە ماڵ و کۆڵان بە کۆڵان بەدوای باوکیان دەگەڕێن، بەڵام تاوەکو ئێستا گەڕانەکانیان بێ ئەنجام بووە.
 
تارق فایەق، کوڕە گەورەی فایەق باسی لەوە کرد، "ئێمە لەوە نیگەرانین کە حکومەت و لایەنی پەیوەندیدار درەنگ بەدەنگمانەوە هاتن، گەڕانەکانیان وەکو پێویست نەبووە، ئەمە 8 رۆژە پیاوێک ونبووە کەس لێی نەگەڕاوە خۆ منداڵێک نییە."
 
فایەق باوکی 8 منداڵە، 2017 کارەبا گرتوویەتی و تووشی لەبیرچوونەوە بووە، بەڵام دەڵێن رۆژانە بە تەنیا چووەتە دووکان و ماڵی کوڕەکانی و بەبێ کێشە گەڕاوەتەوە، بەڵام ئەم نەگەڕانەوەیەی، منداڵەکانی تووشی شۆک کردووە و چاویان لەوەیە جارێکی دیکە بە باوەشی باوکیان شادببنەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کوردێک و عەرەبێکی هاوردە لە سەرگەڕان.

عەرەبێکی هاوردە: زەوییەکانی سەرگەڕان هی کوردەکان بوو

لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ جووتیارێکی کورد، یەکێک لە عەرەبە هاوردەکانی سەرگەڕان لە سنووری کەرکووک دان دەنێت بەوەی کورد خاوەنی راستەقینەی زەوییەکانی سنوورەکەیە.