رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند هەرێمی کوردستان بە گەشبینییەوە لە سەردانەکەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەڕوانێت.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ (دووشەممە، 15-4-2024) لە پەیامەکەیدا کە لە رێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردووەتەوە هەروەها دەڵێ، "ئێمە بەتەواوی پاڵپشتی لەو سەردانە دەکەین و دڵنیاین بەرژەوەندیی هەموو عێراقییەکان لەوێ لەبەرچاو دەگیرێت."
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان هیوا دەخوازێت "کۆبوونەوەکان ئەرێنی و سەرکەوتوو بن و ببنە هۆی گەشەسەندنی زیاتری پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات."
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەسەر بانگهێشتی فەرمیی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی شاندێک لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە و، بڕیارە ئەمڕۆش لە کۆشکی سپی لەگەڵ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە.
بەپێی بڵاوکراوەی ئەجێندای شاندە عێراقییەکە، شاندە باڵاکەی عێراق لە کە 13ـی ئەم مانگە گەیشتنە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، تاوەکو 19ـی نیسان لە ئەمریکا دەبن و دۆسیەی سیاسی، ئابووری، سەربازی و ئەمنیی نێوان هەردوو وڵات لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا تاوتوێ دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ