پارتی و یەکێتی: لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆماندا هەنگاوى ئیجابى و بەرەوپێشچوونى باش هەبوو

15-04-2025
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لە پاش کۆبوونەوەی ئەمڕۆیان لە پیرمام، پارتی و یەکێتی راگەیێندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و دەڵێن: لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆماندا هەنگاوى ئیجابى و بەرەوپێشچوونى باش هەبوو... لە رۆژانى داهاتوودا کۆبوونەوەکان بەردەوام دەبن.
 
ئەمڕۆ سێشەممە، 15-4-2025، لە بارەگاى مەکتەبى سیاسى پارتى دیموکراتى کوردستان لە پیرمام، هەردوو شاندى دانوستانکارى یەکێتیی نیشتمانىی کوردستان و پارتى دیموکراتى کوردستان کۆبوونەوە.
 
بەپێی راگەیێندراوە هاوبەشەکە، "لە کۆبوونەوەکەدا، کە لە کەشێکى دۆستانە و ئەرێنیدا بەڕێوەچوو، گفتوگۆ لەبارەى هەنگاوەکانى پێکهێنانى کابینەى نوێى حکومەت کرا و هەنگاوى ئیجابى و بەرەوپێشچوونى باش هەبوو. لە رۆژانى داهاتوودا کۆبوونەوەکان بەردەوام دەبن".
  
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی پارتی و یەکێتی لەبارەی دابەشکردنی پۆستەکانی کابینەی 10 بووە.
 
دانوستاندنەکە لە ئاستی باڵادا بوو، شاندی پارتی هەریەک لە هۆشیار زێباری، پشتیوان سادق، دڵشاد شەهاب و ئومێد سەباح. شاندی یەکێتی هەریەک لە قوباد تاڵەبانی، رێواس فایەق، دەرباز کۆسرەت رەسووڵ، نزار ئامێدی، شاڵاو سەڵاح شێخ شەرەف و ئامانج رەحیم بەشدار بوون.
 
پێشتر چەند گەڕێکی دانوستاندن لەنێوانیان بەڕێوەچووە و هەردوولا ئاماژە بەوە دەکەن، بەرەوپێشچوونی باش لە گفتوگۆکان هەیە.
 
سەرۆک مەسعود بارزانی لە کۆتایی هەفتەی رابردوو لە میانی بەشداریکردن لە پێشانگەی کتێب لە هەولێر، داوای لە پارتی و یەکێتی کرد کە پەلە بکەن لە هەنگاوەکانی پێکهێنانی حکومەت.
 
هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان لە 20ى تشرینى یەکەمی 2024 ئەنجامدرا. پارتى لە ریزبەندى یەکەم بوو بە بەدەستهێنانى 39 کورسی و یەکێتى بە 23 کورسی لە ریزبەندى دووەم بوو. لەدوای تێپەڕبوونی نزیکەی شەش مانگ، هێشتا لایەنەکان لەسەر پێکهێنانی حکومەت رێکنەکەوتوون.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر

فڕۆکەخانەی هەولێر: شەوی رابردوو 38 گەشت دواخران

بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر دەڵێت، شەوی رابردوو بەهۆی تەمەوە 38 گەشت بۆ ئەمڕۆ دواخران. کەشناسێکیش بە رووداوی گوت، "پێشبینی دەکرێ ئەمشەو تەنیا لە دەشتی هەولێر تەم هەبێت."