رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی دوێنێ بەهۆی شەڕێکەوە لە قەزای بەردەڕەش سێ کەس بریندار بوون، سەرۆکی هۆزی گۆران لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "ئەوەی روویداوە و پلان بۆ داڕێژراو نەبووە".
لە راگەیێندراوەکەدا کە بە ناوی "بەشار موشیر ئاغا گۆران"دا بڵاوکراوەتەوە هاتووە: "دوا نیوەڕۆی دووشەممە چەند گەنجێکمان تووشی هەڵچوون بوون و شەڕ لە نێوانیاندا دروست بوو. بەداخەوە سێ کەس بریندار بوون، ئەوەی روویداوە، نە پلان بۆ داڕێژراو بووە و نە بڕیاری پێشوەختەی شەڕکردن هەبووە، بەڵکو لە ئەنجامی لێکتێنەگەیشتن روویداوە".
ئاغای هۆزی گۆران ئاماژەی بەوەکردووە، "بریندارەکان لە هەردوولا رۆڵە و کەسی منن و پشتیوان بە خوای گەورە، لە نزیکترین کاتدا کێشەکە کۆتایی دێت".
لە راگەیێندراوەکەدا ئاغای هۆزی گۆران دەشڵێت: "بەداخەوە، کەسانێکی بەرژەوەندیخواز و ئارەزوومەندی بواری تێکدان، لە رێگەی پەیج و پلاتفۆرمە ساختەکانی سۆشیاڵ میدیاوە، خەریکی خۆشکردنی ئاگر و قووڵکردنەوەی زیاتری کێشەکەن، لێرەوە رایدەگەیێنین؛ یاسا سەروەرە و هەموومان لەژێر سێبەری ئاڵای کوردستان و عەدالەتی بارزانین".
رووداوەکە لەسەر رێگەی رۆڤیا-چەمە لەنزیک گوندی دەربێستان لە سنووری قەزای بەردەڕەش روویدا. بڕوا فارووق، قایمقامی قەزاکە دوای رووداوەکە بە رووداوی گوت، شەڕەکە لەسەر کێشەیەکی کۆن بووە و کۆنترۆڵ کراوە.
هاوکات نێچیرڤان هەرکی، گوتەبێژی تەندروستیی ئاکرێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، سێ برینداری شەڕەکە گەیێندراونەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ئاکرێ و تەندروستیی یەکێکیان خراپە کە پیاوێکی 48 ساڵانە و رەوانەی هەولێر کراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ