رووداو - هەولێر
رێژەی هەژاری لە هەرێمی کوردستان 5% زیاترە و بەردەوام لە هەڵکشاندایە. ڤایرۆسی کۆرۆناش هێندەی دیکە دۆخەکەی لە هەندێک خەڵک سەختتر کردووە و بەشێک لە خەڵکیش ناچار بۆ دابینکردنی کرێی خانووەکانیان کەلوپەلی ناوماڵیان دەفرۆشن.
لە بازاڕی کۆنەفرۆشانی هەولێر کەلوپەل هەرزانتر دەست دەکەوێت. بێکاری و کەمدەرامەتیی سەردەمی ڤایرۆسی کۆرۆنا رێگەی ئەو بازاڕەی بۆ خەڵک ئاوەڵاتر کردووە.
محەمەد تاهیر، هاونیشتمانییە و دەڵێت، "پێش ئێستا کاسبکار بووم، بەڵام ئێستا کار نەماوە. چونکە لێرە کەلوپەل هەرزانە، دێینە ئێرە".
فاتیمە سدیق، هاونیشتمانییەکی دیکەیە و دەڵێت، "پێم ناکرێت لە جێگەی دیکە کەلوپەل بکڕم، چونکە گرانە. هاوژینەکەم نەخۆشە، نەشتەرگەریی کردووە و خۆشم نەخۆشم؛ سێ خێزان لە ماڵێکدا دەژیین".
لەو بازاڕەدا هەموو شتێک بۆ کڕین و فرۆشتن دەست دەکەوێت، بەڵام بێکاری و زیادبوونی رێژەی هەژاری وایکردووە کە بەشێک لە هاونیشتمانییان کەلوپەلی نێو ماڵی خۆیان هەرزانفرۆش بکەن.
قارەمان عەزیز، فرۆشیارە و دەڵێت، "زیاتر فرۆشیار هەیە، کڕیار کەمە. زۆر کەس هەیە دێت کەلوپەلی نێو ماڵی دەفرۆشێت بۆ کرێی خانووی، بۆ جلوبەرگی منداڵی".
لەگەڵ دابڕانی ئاڵوگۆڕی ئەم بازاڕە لەگەڵ پارێزگاکانی عێراق، نرخی کاڵا و کەلوپەلەکان لە 50% دابەزیوە و نە کڕیار و نە فرۆشیار قازانجێکیان لە کڕین و فرۆشتن دەست ناکەوێت و فرۆشیارانی گلەیی لە کزیی بازاڕ دەکەن.
یاوەر بابەکر، فرۆشیارێکی دیکەیە و ئاماژە بەوە دەکات، "بازاڕ کزە، چونکە هاتووچۆی نێوان شارەکان نەماوە. ئەوەی دێت کەلوپەلی دەفرۆشێت، لەبەر ئەوەی پارەی نییە و بۆ جەژن دەیفرۆشێت و ئەم ماوەیەش مووچەی فەرمانبەران نەهات".
بەهۆی قەیرانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە بەشێکی زۆری خەڵک بێکار بوون و بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی رۆژانە رووبەڕووی کێشە بوونەتەوە. لە سەردەمی کۆرۆنادا تاوەکو ئێستا لەلایەن شەش رێکخراوی خێرخوازییەوە 109 هەزار و 475 هاوکاری بەسەر بنەماڵە کەمدەرامەتەکاندا دابەش کراوە و بڕیارە وەزارەتی بازرگانی هاوکاری بگەینێتە 200 هەزار خێزانی کەمدەرامەت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ