رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر رایگەیاند، ئەمڕۆ دەست بە دابەشکردنی گوژمەی سێیەمی پارەی گەنمی جووتیاران دەکرێت، کە 7 ملیار و 750 ملیۆن دینارە.
رۆژی پێنجشەممە، 18ـی کانوونی یەکەمی 2025، میران بەختیار، بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "گوژمەی سێیەمی پارەی گەنمی جووتیاران کە زیاتر لە 24 ملیار دینارە لە بەغداوە نێردراوە و کراوەتە چەک؛ پەلەمان کرد لە تەواوکردنی رێکارە کارگێڕی و بانکییەکان، تاوەکو ئەمڕۆ بتوانین دابەشی بکەین".
لەو گوژمەیەی ئەمجارە بەغدا ناردوویەتی، 9 ملیار و 500 ملیۆن دیناری بۆ جووتیارانی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەیە، 7 ملیار و 750 ملیۆن دیناری بۆ پارێزگای هەولێرە و 7 ملیار دیناریش بۆ جووتیارانی پارێزگای دهۆکە.
بە گوتەی میران بەختیار، پارەکە لە رێگەی بانکەوە دابەش دەکرێت. داوای لە جووتیاران کرد لە ئەمڕۆوە سەردانی سایلۆ بکەن و چەکەکانیان وەربگرن و دواتر لە رێگەی بانکی بازرگانیی عێراق (TBI)ـیەوە پارەکانیان پێدەدرێت".
بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر گوتی: "دابەشکردنی پارەی گەنمی جووتیاران بە نۆرەیە، کێ زووتر گەنمی هێنابێت، زووتریش پارەکە وەردەگرێت؛ ئەمجارە زیاتر جووتیارانی قوشتەپە و شەمامک دەگرێتەوە؛ دوو رۆژیش بۆ جووتیارانی کۆیە دەبێت؛ بە کۆی گشتی نزیکەی 284 چەک ئامادە کراوە".
میران بەختیار، داوای لە جووتیاران کرد خۆیان ئامادە بن بۆ وەرگرتنی چەکەکانیان و گوتی، "ئەگەر خۆیان ئامادە نەبن، دەبێت ئەو کەسەی چەکەکە وەردەگرێت، بریکارنامەی (وەکالەت)ـی پێ بێت، ئەگەر نا رێگەپێدراو نییە".
نەسرین ئەحمەد، بەڕێوەبەری بازرگانیی دانەوێڵەی سلێمانی کە سەرپەرشتیی شەش سایلۆی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە دەکات، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "رێکارەکانی خەرجکردنی چەکەکان ماون و دابەشکردنی پارەکە دەکەوێتە هەفتەی داهاتوو".
لە زیاتر لە 300 ملیار دیناری پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان، تاوەکو ئەمڕۆ کەمتر لە 73 ملیار دینار دابەشکراوە.
پێش ئەم گوژمەیە، دوو گوژمە لە پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان نێردرابوو. گوژمەی یەکەم 57 ملیار دینار بوو کە بەم شێوەیە بوو: 25 ملیاری بۆ سلێمانی و هەڵەبجە، 20 ملیار دینار بۆ هەولێر و 12 ملیار بۆ دهۆک. گوژمەی دووەمیش 6 ملیار بۆ سلێمانی کە هەڵەبجەشی لەگەڵ بوو؛ 5 ملیار بۆ هەولێر و 4 ملیار و 500 ملیۆن بۆ دهۆک.
وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان 10ی حوزەیران دەستیپێکرد؛ ئەم ساڵ حکومەتی عێراق 400 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی بە نرخی 850 هەزار دینار بۆ تۆنێک وەرگرت.
پاریش حکومەتی عێراق 700 هەزار تۆن گەنمی لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەرگرت، بەڵام ئەم ساڵ بڕەکەی کەم کردەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ