باڵیۆزی ئەمریکا بۆ رووداو: سەرکردەکانی پارتی و یەکێتی نایانەوێت بگەڕێنەوە بۆ سەردەمی شەڕی ناوخۆ

15-05-2022
محەممەد عوسمان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

 

باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق رایگەیاند، وڵاتانی دەرەکی ناکۆکی و جیاوازیی بەغدا و هەولێر بۆ ئەجێندای سیاسیی خۆیان بەکاردەهێنن. سەبارەت بڕیاری دادگەی فیدراڵیی عێراقیش لەسەر "نادەستووریبوونی" یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستان، گوتی، "دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵیی عێراق گفتوگۆ بکەن، لەسەر یاسای نەوت و گاز رێکبکەون و کۆی سامانە سرووشتییەکان لەسەر ئەو بنەمایە بەڕێوەبەرن و داهاتەکەشی هەر بەو شێوەیە دابەش بکەن." 
 
ماتیۆ تولەر، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق بۆ گەشتی ماڵئاوایی سەردانی هەولێری کرد، بەو پێیەی لە ماوەی داهاتوودا وادەی ئەرکەکەی کۆتاییدێت. لە سەردانەکەیدا رۆژی یەکشەممە 15ـی ئایاری 2022، مێزگردێکی تایبەتی لەگەڵ ژمارەیەک رۆژنامەڤان لە دەزگە میدیاییەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر رێکخست کە بێستوون عوسمان، رۆژنامەڤان و پێشکێشکاری تۆڕی میدیایی رووداو تێیدا بەشداربوو.
 
تولەر لە وەڵامی پرسیارێکی بێستوون عوسمان سەبارەت ناکۆکییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانیی کوردستان و داهاتووی هەرێمی کوردستان گوتی، "هیچ یەکێک لە سەرکردەکانی دوو حیزبەکە نایانەوێت بگەڕێنەوە بۆ سەردەمی شەڕی نێوخۆ." ئەوەشی خستەڕوو کە متمانەی تەواوی بەوە هەیە سەرکردەکانی هەردوولا لەوە تێدەگەن بە هاوئاهەنگیکردن بەرژەوەندی زیاتر بەدەستدەخەن نەک بە قووڵکردنەوەی ناکۆکییەکان. داواشی لێکردن هاوئاهەنگبن و گفتوگۆ بکەن لەسەر ئەو خاڵانەی ناکۆکن لەسەریان.
 
یەکێک لە رۆژنامەڤانە بەشدارەکان لە مێزگردەکەدا پرسیاری سەبارەت بە گرژییەکان کرد لە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا. ماتیۆ تولەر لە وەڵامدا گوتی، "هەندێکجار پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا ئارام بووە و هەندێک جاریش زۆر تووند بووە. زۆرینەی جار ئەکتەرە نێوخۆیی و هەرێمییەکان رۆڵیان لە عێراقدا گێراوە و ئەم ناکۆکی و جیاوازییانەیان قۆستووەتەوە." 
 
باڵیۆزی ئەمریکا هۆکاری سەرەکیی ناکۆکییەکانی بە پرسی دیارینەکردنی سنوور و رێکنەکەوتن لەسەر دۆسیەی نەوت گاز دەستنیشانکرد، کە "وڵاتانی دراوسێ بەپێی ئەجێندای سیاسیی خۆیان ئەم ناکۆکیانە دەقۆزنەوە." 
 

باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق لەگەڵ ژمارەیەک رۆژنامەڤان لە دەزگە میدیاییەکانی هەرێمی کوردستان

تولەر سەبارەت بە گرنگیی پەیوەندی و هاوئاهەنگیی بەغدا و هەولێر گوتی، "هەرێمی کوردستان قازانجی زۆری بۆ دەوڵەتی عێراق هەبووە، ئەو هێز و توانایەی لە هاوئاهەنگیی نێوانیان دەستدەکەوێت بێ ئەندازە گرنگە، کە دەبێتە هۆی جێگیری و سەقامگیری لە عێراقدا." 
 
لەسەر دوایین پێشهاتیش کە کۆمپانیای نەوتی باکوور، هەرێمی کوردستانی تۆمەتبارکردبوو بە دەستگرتن بەسەر ژمارەیەک کێڵگەی نەوتی، تولەر گوتی، "دەرکردنی یاسای نەوت و گاز تەنیا رێگەچارەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی پەیوەندیدار بە بەڕێوەبردنی نەوت و گازی وڵاتەکە لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی عێراق لەگەڵ بابەتی دابەشکردنی داهاتەکەی." 
 
هەر سەبارەت بە هەمان بابەت تولەر گوتی، "هەلومەرجی سیاسی پێگەی دەوڵەتی لە عێراقدا لاواز کردووە و بۆشایی دروستکردووە، بەشێوەیەک دەبینین لایەنەکان لاوازیی حکومەتی کاربەڕێکەر دەقۆزنەوە و هەوڵدەدەن ئەجێندای سیاسیی خۆیان بسەپێنن." 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە