رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک رایدەگەیێنێت، گرفتی رادەستکردنی گەنمی 700 جووتیاری ناحیەی لەیلان چارەسەر کرا و جووتیاران دەتوانن گەنمەکانیان رادەست بکەن.
رۆژی چوارشەممە 15-05-2024 ئەحمەد کەرکووکی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە رووداوی گوت، "چەند رۆژێک بوو لە بازگەی کەرکووک رێگە بە جووتیارانی ناحیەی لەیلان نەدەدرا گەنمەکانیان بگوازنەوە و رادەستی سایلۆی بکەن."
ناحیەی لەیلان سەر بە قەزای ناوەندی کەرکووکە، بە گوتەی ئەحمەد کەرکووکی، پاساوی رێگرییەکە ئەوە بووە کە گەنمەکە لە پارێزگای سلێمانییەوە هێندراوە، ئەوەش گرفتی بۆ نزیکەی 700 جووتیاری سنووری لەیلان دروست کردبوو."
ئەندامەکەی ئەنجوومەن دەڵێت، "دوای هەوڵێکی زۆر، گرفتی ئەو جووتیارانە چارەسەر کرا. لە دوێنێوە جووتیاران بە نووسراوی بەڕێوەبەری ناحیە و کشتوکاڵی لەیلان، لە بازگەکان تێدەپەڕن و دەتوانن گەنمەکانیان رادەست بکەن."
رۆژی پێنجشەممە 9ی ئایار، دەرگەى سایلۆکان لە کەرکووک بۆ وەرگرتنى گەنمى جووتیاران بۆ ساڵى 2024 کرانەوە.
رووبەرى ئەو زەوییەى بۆ چاندن لە کەرکووک بۆ ساڵى 2024 تەرخان کرا، زیاتر لە یەک ملیۆن دۆنم بوو، بەڵام 700 هەزاری بە گەنم چێندرا.
زوهێر عەلى، بەڕێوەبەرى کشتوکاڵى کەرکووک بۆ رووداو پێشبینی کرد، ئەم ساڵ بڕى گەنمى بەرهەمهێندراو لە کەرکووک بگاتە 500 بۆ 600 هەزار تۆن و گوتیشی، هەمووى لەلایەن وەزارەتى بازرگانییەوە وەردەگیرێت.
ساڵى 2023 بڕى گەنمى بەرهەمهێندراو 800 هەزار تۆن بوو، کە سێ ئەوەندەى ساڵى پێش خۆى بوو، بەڵام جووتیاران 650 هەزار تۆن-یان رادەستی وەزارەتى بازرگانى کرد.
بەپێی وەزارەتی بازرگانیی عێراق، ئەم ساڵ عێراق نزیکەی حەوت ملیۆن تۆن گەنم بەرهەم دەهێنێت، کە زۆرترینە لەسەر ئاستی ساڵانی رابردوو و لە مێژووی ئەو وڵاتە.
حکومەتی عێراق بڕیاری داوە بۆ ئەم ساڵ یەک تۆن گەنم بە 850 هەزار دینار لە جووتیاران بکڕێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ